حزبى سۆسیالیست و یه‌کێتى سه‌باره‌ت به‌کێشه‌و قه‌یرانانه‌کانى هه‌رێم کۆبونه‌وه‌

7/20/2016 8:33:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز 
.






ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ 20 ى ته‌موزى 2016 محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود به‌سه‌رۆکایه‌تى شاندێکى حزبى سۆسیالست دیموکراتى کوردستان که‌پێکهاتبوون له‌ عه‌بدوڵا حاجى مه‌حمود کارگێڕى مه‌کته‌بى سیاسى و فاتح ره‌ئوف و مامۆستا سادق جه‌بارى و رزگار غه‌فور و تانیا تاهیر ئه‌ندامانى مه‌کته‌بى سیاسى حزبى سۆسیالیست سه‌ردانى باره‌گاى مه‌کته‌بى سیاسى یه‌کێتی-یان له‌سلێمانى کردو له‌لایه‌ن مه‌لا به‌ختیار لێپرسراوى ده‌سته‌ى کارگێڕى و عومه‌ر فه‌تاح و حاقم قادر ئه‌ندامانى ده‌سته‌ى کارگێڕیی وئه‌کره‌م عه‌لى لێپرسرواى مه‌کته‌بى په‌یوه‌ندیه‌کانى کوردستان و عومه‌ر حاجى ئه‌حمه‌د مه‌کته‌بى په‌یوه‌ندیه‌کانى کوردستانى یه‌کێتى پێشوازییان لێکراو دواتر له‌کۆبونه‌وه‌یه‌کدا چۆنێتى دۆزینه‌وه‌ى رێگه‌ چاره‌یه‌ک بوو بۆ چاره‌سه‌رکردنى ئه‌و کێشه‌و قه‌یرانانه‌ى رووبه‌ڕووى هه‌رێمى کوردستان بوه‌ته‌وه‌ گفتوگۆى له‌باره‌وه‌ کرا .

دوابه‌دواى کۆبوونه‌وه‌که‌ش له‌کۆنگره‌یه‌کى رۆژنامه‌وانیدا هه‌ر یه‌ک له‌به‌رێزان محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود و مه‌لا به‌ختیار ناوه‌رۆکى کۆبونه‌وه‌که‌یان بۆ ده‌زگاکانى راگه‌یاندن خسته‌روو .

له‌سه‌ره‌تاى کۆنگره‌ رۆژنامه‌وانیه‌که‌دا مه‌لا به‌ختیار وتی: سه‌ردانى وه‌فدى ئه‌مڕۆى سۆشیالیست بۆ تاوتوێکردن و چۆنێتى دۆزینه‌وه‌ى رێگه‌ چاره‌یه‌ک بوو بۆ چاره‌سه‌رکردنى ئه‌و کێشه‌و قه‌یرانانه‌ى رووبه‌ڕووى هه‌رێمى کوردستان بوه‌ته‌وه‌، هه‌روه‌ها بۆچوونى سۆشیالیست له‌چاره‌سه‌ره‌کردنى کێشه‌کان له‌بۆچوونى یه‌کێتییه‌وه‌ نزیکه‌.

له‌لاى خۆشیه‌وه‌ به‌رێز محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود وتی: ئێمه‌ و هه‌ڤاڵانمان له‌یه‌کێتیى نیشتمانیى کوردستان له‌باره‌ى چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کانه‌وه‌ بیرو بۆچوونمان له‌ یه‌ک نزیک بوو، بۆیه‌ ده‌بێت به‌هه‌موومانه‌وه‌ لێره‌وه‌ ده‌ست پێ بکه‌ین بۆ تێپه‌ڕاندنى ئه‌و کێشانه‌ى رووبه‌ڕووى هه‌رێم و عیراق و ناوچه‌که‌ بوه‌ته‌وه‌ به‌ئاڕاسته‌ى سوودى گه‌له‌که‌مان.

 وتیشی: پێویسته‌ هه‌موو لایه‌کمان به‌خۆماندا بچینه‌وه‌و ماڵى کورد رێکبخه‌ینه‌وه‌و کێشه‌ى ده‌ستوور و سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێم و په‌رله‌مان به‌ره‌و چاره‌سه‌ر ببه‌ین و نیه‌تمان هه‌بێت ئه‌و کێشانه‌ى رووبه‌ڕوومان بوه‌ته‌وه‌ چاکى بکه‌ین، هه‌ر بۆیه‌ ئه‌مڕۆ نیه‌تى چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کانمان له‌یه‌کێتى بینى و بۆیه‌ هه‌ر لایه‌نێک بۆ چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کان ده‌ستپێشخه‌رى بکات ئێمه‌ لایه‌نگر ده‌که‌ین.

مه‌لا به‌ختیار ئاماژه‌شى بۆ ئه‌وه‌کرد که‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تاى دروستبوونى کێشه‌کانه‌وه‌ ئێمه‌و سێ حزبى دیکه‌ پرۆژه‌یه‌کمان پێشکه‌ش به‌ سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مانى کوردستان کرد بۆ چاره‌سه‌ر کردنى کێشه‌ى سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێم، به‌ڵام له‌برى وه‌ڵام دانه‌وه‌ى پرۆژه‌که‌ په‌رله‌مان په‌کخراو ئه‌وه‌ش بووه‌ کێشه‌یه‌کى دیکه‌، که‌ به‌رۆکى هه‌رێمى گرت، بۆیه‌ ده‌بێت بچینه‌وه‌ بۆ سه‌رچاوه‌ى کێشه‌کان و له‌کوێدا بزانین لێڵ کراوه‌ روونى بکه‌ینه‌وه‌.

 مه‌لا به‌ختیار ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو:  سروشتى هه‌رێمى کوردستان به‌ جۆرێکه‌ که‌ پێویسته‌ سه‌رجه‌م حزبه‌کان به‌شداربن له‌چاره‌سه‌ردا، بۆیه‌ پێویسته‌ پارتیش به‌شداربێت له‌چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کان، چونکه‌ به‌بێ بوونى ئه‌وان دۆزینه‌وه‌ى رێگه‌ چاره‌یه‌ک بۆ دۆخى ئێستاى هه‌رێم قورسه‌.


زۆرترین خوێندراو