به‌یاننامه‌ى مه‌کته‌بى سیاسى سۆسیالیست، له‌ ساڵیدى 8 ى ئابدا

8/6/2016 7:45:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز







مه‌کته‌بى سیاسى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان له‌ساڵیادى دامه‌زراندنى حزبى سۆسیالیست به‌یاننامه‌یه‌ک بڵاو ده‌کاته‌وه‌ که‌ئه‌مه‌ ده‌قه‌که‌یه‌تى :


به‌یاننامه‌ى مه‌کته‌بى سیاسى، به‌بۆنه‌ى یادى 40 ساڵه‌ى دامه‌زراندنى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستانه‌وه‌ 

جــــه‌مـــاوه‌رى تـێـکــۆشــه‌رى کوردســـتان

کــه‌سـوکـارى ســـه‌ربـــه‌رزى شـــه‌هــیــدان

پیشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌کانى کوردستان

هه‌ڤاڵانى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان

ئه‌مڕۆ40 ساڵ تێپه‌ڕ ده‌بێت به‌سه‌ر دامه‌زراندنى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان، ئه‌و حزبه‌ى وه‌ک وه‌رچه‌رخانێکى گرنگ له‌ مێژووى بزاڤى رزگاریخوازى کوردستان و پێویستییه‌کى بابه‌تى و مێژوویى له‌هه‌ناوى نه‌هامه‌تییه‌ گه‌وره‌کانى کورده‌وه‌ هاته‌ ناو کۆڕى خه‌بات و کوانووى خامۆشکراوى شۆڕشى جۆشدایه‌وه‌ له‌ کاتێکدا که‌ نائومێدى باڵى به‌سه‌ر گه‌له‌که‌ماندا کێشابوو، جگه‌ له‌ چیاکانى کوردستان و ئیمان به‌ دۆزى ڕه‌واى ئه‌م گه‌له‌ هیچ پشتیوانییه‌کى ترى نه‌بوو، حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان وه‌ک سه‌نگه‌رى به‌رگرى له‌ خاک و خه‌ڵک و ناسنامه‌ى کوردستان، ده‌روازه‌ى دیفاعى ره‌واى واڵا کردو مێژوویه‌کى نوێى کوردایه‌تى ‌و گیانفیدایى به‌ رابه‌رایه‌تى شه‌هیدى سه‌رکرده‌ (سه‌یدا ساڵح یوسفى نه‌مر) تۆمارکردو بووه‌ په‌یامێکى به‌هێزى خۆراگرى‌ و ئومێدێکى نوێى به‌ کورد به‌خشى ،هه‌رله‌سه‌ره‌تاى دروست بونى له‌ بزوتنه‌وه‌ى سۆسیالستى کوردستا ن وحزبى سۆسیالستى کوردستان به‌رده‌وام بووه‌ له‌ قوربانیدان ،که‌ ئه‌مڕۆ شانازى به‌ 40 ساڵى ئه‌و مێژووه‌وه‌ ده‌که‌ین و ئه‌وخه‌بات و سه‌نگه‌ره‌ ش به‌رده‌وامه‌ .

حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان ناونیشانێکى گه‌وره‌ى بزووتنه‌وه‌ى ڕزگاریخوازى کوردستان و مێژووى هاوچه‌رخى نه‌ته‌وه‌که‌مانه‌، فیکر و تێڕوانین و ڕێبازى خه‌باتى بۆ ئازادى و به‌ده‌ستهێنانى مافه‌کانى گه‌لى کورد و بنیادنانى دیموکراسیه‌ت و  به‌دیهێنانى سه‌روه‌رى بۆ کوردستان و ئاشتى و دادوه‌ رى کۆمه‌ڵایه‌تى و خۆشگوزه‌رانى بۆ خه‌ڵکى کوردستان هه‌ر له‌ دامه‌زراندنییه‌وه‌ تا ئێستا به‌شێکى زیندووى ئه‌و مێژووه‌یه‌ که‌ هه‌میشه‌ هه‌ڤاڵانى پێى سه‌ربه‌رزن و شانازى پێوه‌ ده‌که‌ن.

هه‌ڤاڵانى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان. . .

حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان له‌ هه‌ناوى مێژووه‌وه‌ هاته‌ مه‌یدانى خه‌بات و تێکۆشه‌رانى  بۆ به‌رگرى له‌ بوون و مانه‌وه‌ى گه‌ل و به‌دیهێنانى ئامانج و مافه‌ ڕه‌واکانیى، ڕێگاى هات و نه‌هاتى سه‌ختى پێشمه‌رگایه‌تى و زیندان و ئه‌شکه‌نجه‌و چیاو ئه‌شکه‌وت و ده‌ربه‌ده‌رییان گرته‌به‌رو له‌و ڕێیه‌دا ‌ گیانى هه‌زاران ڕۆڵه‌ى به‌ ئه‌مه‌کى خۆى کرده‌ قوربانى و تا به‌دیهێنانى ئازادى به‌شێکى گه‌وره‌ى کوردستان له‌ ڕیزى پێشه‌وه‌ى ئه‌و کاروانه‌دابوو، ئێستاو داهاتووش هه‌ر پێشه‌نگى ئه‌و گیانى به‌رگرى و تێکۆشانه‌یه‌ بۆ به‌دیهێنانى مافى چاره‌نووس و گه‌ڕانه‌وه‌ى دوا بسته‌ خاکى زه‌وت کراوى کوردستان و چه‌سپاندنى ئه‌و سنووره‌ مێژووییه‌ و ناسنامه‌ى نه‌ته‌وه‌یى ئه‌و خاکه‌و خه‌ڵکه‌ که‌‌ى که‌ ئێستا خۆشبه‌ختانه‌ به‌شى هه‌ره‌ زۆرى له‌لایه‌ن پێشمه‌رگه‌و تێکۆشه‌رانى ووڵاته‌که‌مان ده‌پارێزرێن و حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستانیش به‌هه‌موو توانایه‌وه‌ له‌و سه‌نگه‌رى شه‌ره‌ف و شانازییه‌دایه‌ که‌ هێشتا خوێنى هه‌ڤاڵه‌ شه‌هیده‌کانى ئێمه‌ى تێدا ووشک نه‌بووه‌ته‌وه‌، له‌سه‌ر ئاستى کوردستانیش له‌دواى ئادارى ساڵى ١٩٩١ وه‌ سۆسیالیست ده‌ستى ئاشتى و گیانى پێکه‌وه‌ ژیانى هاوتاو ده‌نگى به‌دیهێنانى عه‌داله‌ت و داواکارییه‌کانى جه‌ماوه‌ر و قایم کردنى پایه‌کانى سیاسى و ئابوورى و که‌لتورى و کۆمه‌ڵایه‌تى له‌سه‌ر پێ وه‌ستانى ئه‌م هه‌رێمه‌ به‌ خوێن و خه‌بات ئازاد کراوه‌یه‌ و له‌و پێناوه‌شدا پێشه‌نگیى خه‌باتێکى درێژه‌‌.

جــــه‌مـــاوه‌رى تـێـکــۆشــه‌رى کوردســـتان...

ئه‌مساڵ له‌کاتێکدا یادى دامه‌زراندنى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان ده‌که‌ینه‌وه‌ که‌ هه‌رێمى کوردستان روبه‌روى کومه‌لى قه‌یران وشه‌رى داسه‌پاوبۆته‌وه‌و ئێستا خۆى به‌شى هه‌ره‌ زۆرى خاکى خۆى به‌ڕێوه‌ ده‌بات و ڕۆژانه‌ به‌خوێنى ڕۆڵه‌کانى ده‌یانپارێزێت، ئه‌مه‌ش ئه‌رکێکى گه‌وره‌ترمان ده‌خاته‌ به‌رده‌م، بۆ چه‌سپاندنى ئه‌و واقیعه‌ به‌جۆرێک که‌ له‌ ئامانجى گه‌وره‌ى دیاریکردنى مافى چاره‌نووس نزیکمان بکاته‌وه‌و چیتر سڵ له‌ ووتنى ڕاستییه‌ک نه‌که‌ینه‌وه‌ که‌ سه‌دان هه‌زار قوربانیمان له‌ پێناودا به‌خشیوه‌و ئامانجى گه‌وره‌ى خه‌باتى سه‌دان ساڵه‌مانه‌، بێگومان هه‌ر هه‌نگاوێکیش به‌و ئاراسته‌یه‌دا له‌ماڵى خۆمان و یه‌کێتى ڕیزه‌کان دوور له‌ هه‌ر دابه‌شبوونێک که‌ یه‌کێتى ئامانج و ڕیزه‌کانى خه‌بات بخاته‌ به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ى لێک ترازان و به‌هێزکردنى زیاترى پایه‌کانى ئابوورى پێگه‌ى ستراتیژى هه‌رێمى کوردستانه‌وه‌ ده‌ست پێده‌کات و جه‌ماوه‌رى کوردستانیش هێزى گه‌وره‌و پشتیوانى هه‌ر به‌ره‌و پێش چوونێکه‌، بۆیه‌ هه‌میشه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ خه‌ڵک و ڕێزگرتن له‌ خواست و داواکارییه‌کانى جه‌ماوه‌رو ڕه‌خساندى هه‌لى یه‌کسان بۆ باشتر کردنى ڕه‌وشى ژیان له‌ کوردستان و چه‌سپاندنى عه‌داله‌ت و پارێزگارى له‌ ئازادییه‌کان، پێگه‌ى ئه‌م هه‌رێمه‌ به‌هێز و کاریگه‌ر تر ده‌که‌ن، به‌تایبه‌ت له‌ئێستادا که‌ ته‌واوى نه‌ته‌وه‌که‌مان چاویان له‌و سه‌روه‌رى و پێگه‌ نیشتمانییه‌یه‌ که‌ ئێمه‌ چه‌ندین ساڵه‌ بنیادمان ناوه‌و کارى بۆ ده‌که‌ین.

جــــه‌مـــاوه‌رى کوردســـتان...


ئه‌مساڵ یادى دامه‌زراندنى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان له‌کاتێکدایه‌ که‌ ناوچه‌که‌ به‌ نائارامى وپشیوى و شه‌ردا تیده‌په‌ریت و  پرۆسه‌ى ئاشتى له‌باکوور له‌ دووڕیانێکى دژواردایه‌و ئه‌و پرۆسه‌ى ئاشتییه‌ى قوربانى و کات و هه‌وڵێکى زۆرى هه‌مه‌لایه‌نه‌ى بۆ خه‌رج کرا له‌ژێر مه‌ترسى له‌بارچووندایه‌و گه‌له‌که‌مان له‌ رۆژئاوا له‌ هه‌ردوو به‌ره‌ى شۆڕشى دژى دیکتاتۆریه‌ت و شه‌ڕى دژى تیرۆر و شارو زێدى خاپوورکراو له‌لایه‌ک و ئاواره‌یى و ده‌ربه‌ده‌رى له‌لایه‌کى تره‌وه‌ له‌ نه‌هامه‌تییه‌کى گه‌وره‌دا ده‌ژى و ئه‌مانه‌ش پێویستییان به‌ به‌رنامه‌و ستراتیژى نه‌ته‌وه‌یى وورد هه‌یه‌ به‌تایبه‌تى له‌سه‌روبه‌ندى گۆرانکارییه‌ سیاسییه‌کانى ناوچه‌که‌و ڕێکه‌وتن و هاوپه‌یمانییه‌ نوێیه‌کانى هه‌رێمى و جیهانیی.

له‌ هه‌رێمى کوردستان، ٍسه‌ره‌ڕاى شه‌ڕى خوێناوى تیرۆر که‌  به‌رۆکى میلله‌ته‌که‌مانى گرتووه‌و کاره‌ساته‌ گه‌وره‌کانى شه‌نگال و ناوچه‌کانى ترو ئاواره‌بوونى هه‌زاران خێزان له‌ ماڵ و حاڵى خۆیان، سه‌ره‌ڕاى ئه‌و شه‌ره‌ خوێناوییه‌ که‌‌ رۆژانه‌ به‌ گیانى رۆڵه‌کانمان خوێنى بۆ ده‌ڕژین، هێرشى جۆربه‌جۆرى ده‌ره‌کى که‌ مایه‌ى شه‌هیدبوون و ماڵوێرانى هاوڵاتیانى بێ دیفاع و ده‌ره‌تانى ئه‌م گه‌له‌یه‌، بارى گوزه‌رانى جه‌ماوه‌رى کوردستان رۆژ به‌رۆژ به‌ره‌و دژوارو دژوارتر ده‌چێت، ئابوورى کوردستان له‌به‌رده‌م مه‌ترسیدایه‌، ریژه‌ى  بێ کارى و هه‌ژارى و نه‌بوونى خزمه‌تگوزارى به‌رده‌وام له‌ هه‌ڵکشاندایه‌و هه‌رچى پێویستى گوزه‌ران و ته‌ندروستى و خزمه‌تگوزارى پێویست و سه‌ره‌تایى وه‌ک ئاوو کاره‌باو ئه‌وانى تر له‌ که‌مبوون و ئاستى نه‌بوودان، به‌داخه‌وه‌ له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م هه‌موو مه‌ینه‌تییه‌ى خه‌ڵکدا خه‌ریکه‌ ناکوکییه‌کانى مالى کوردى ده‌گاته‌ ئاستیک، ئاشتى کۆمه‌ڵایه‌تى و یه‌کڕیزى میلله‌ت په‌رته‌وازه‌ى تى که‌ وتوه‌.

ئێمه‌ له‌حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان، که‌ به‌ کردار سه‌لماندوومانه‌ له‌گه‌ڵ خه‌ڵک و له‌ریزى جه‌ماوه‌رى هه‌ژارو قوربانیده‌رى کوردستانداین له‌گه‌ڵ ئه‌و مه‌ترسییانه‌، به‌ڵام پێمانوایه‌ خه‌ڵکى کوردستان هه‌موو راستییه‌کان ده‌زانن و نه‌ک نابنه‌ به‌شێک له‌شه‌رى پۆست و پایه‌و ده‌سه‌ڵاتى هیچ هێزێک، به‌ڵکو به‌ خۆڕاگرى و هه‌ڵوێستى نیشتمانى چاوى له‌ به‌دیهێنانى ئامانجه‌ گه‌وره‌کانییه‌تى، ئامانجى به‌دیهێنانى خه‌ونى سه‌دان ساڵه‌ى سه‌رکرده‌و تێکۆشه‌ران و شه‌هیدان و رۆڵه‌کانى گه‌له‌که‌مان بۆ سسه‌ربه‌خۆیى و شه‌کاندنه‌وه‌ى ئاڵاى کوردستان له‌سه‌ر بست به‌بستى خاکى پیرۆزى نیشتمان، که‌ ئه‌مه‌ش ته‌نها له‌ سایه‌ى یه‌کێتى و یه‌کڕیزى و ده‌ست گرتن به‌ ره‌مزه‌کانى پیرۆزى نه‌ته‌وه‌یى و ئاشتى و پێکه‌وه‌ژیان و سیسته‌مێکى دیموکراسى دێته‌دى که‌ هه‌مووان له‌سایه‌یدا هه‌ست به‌ بوون و به‌شدارى و هه‌لى یه‌کسان بکه‌ن بۆ ژیان و بنیادنان، ئه‌مانه‌ ئامانجى ئێمه‌و خه‌باتى 40 ساڵه‌مانه‌و هه‌رکاتیش پێویست بووبێت نه‌ک لێى هه‌ڵنه‌هاتووین و خۆمان لێ به‌خاوه‌ن کردووه‌، به‌ڵکو رۆڵه‌کانى خۆمان له‌رۆڵه‌ى هه‌ژارى خه‌ڵک جیانه‌کردووه‌ته‌وه‌و هه‌رگیز خوێنى ڕۆڵه‌ى خۆمان له‌ هى خه‌ڵک به‌ پیرۆز و ئازیز تر نه‌زانیوه‌.
له‌م یاده‌دا له‌گه‌ڵ پیرۆزبایى سه‌رکه‌وتنى گه‌وره‌و خۆڕاگریى له‌ هێزى پێشمه‌رگه‌ى کوردستان له‌ سه‌نگه‌ره‌ وشک و گه‌رم و سه‌خته‌کان، داواکارین ژیان و گوزه‌رانى ئه‌و توێژه‌ که‌ به‌ مه‌رگى خۆى ژیان به‌ نه‌وه‌کانى ئێستاو داهاتوو ده‌به‌خشێت باشتر بکرێت و گوزه‌رانى شایسته‌ به‌ گیانبازیى خۆیان بۆ فه‌راهه‌م بکرێت، داوکارین ئه‌م هێزه‌ باشتر ڕێکبخرێت و پێ‌ چه‌ک و ئاماده‌ بکرێت بۆ پاراستنى کوردستانى ئارامى ناو کوانووى شه‌ڕى تیرۆرو تایه‌فییه‌ت.

هه‌روه‌ها جه‌خت له‌ پشتیوانى خومان ده‌که‌ینه‌وه‌ بۆباشترکردنى گوزه‌رانى هاولاتیانى کوردستان ودابین کردنى پیداویستیه‌کانیان وکۆتاى هینان به‌ نه‌هامه‌تیه‌کانیان ،وه‌ حکومه‌ت پیویسته‌ هه‌وله‌کانى زیاتربکات بۆ ئه‌ م مه‌به‌سته‌ .
له‌ م یاده‌مه‌زنه‌دا داواکارین کۆتاى به‌ ململانى وکیشه‌ ناوخوییه‌کانى کوردستان بهینرى و سه‌رجه‌م لایه‌نه‌کان بگه‌رینه‌وه‌ بۆگفتو گۆ و خوئاماده‌کردن بۆ ئه‌نجامدانى راپرسى و دیارى کردنى مافى گه‌له‌که‌مان و داناى ده‌ستوریک بۆکوردستان نه‌ ک گه‌رانه‌وه‌ بۆ یاساکانى سالاى شه‌ سته‌ کان  .

هه‌روه‌ک له‌گه‌ڵ هاوخه‌میمان بۆ شه‌هید بوون و ئاواره‌بوونى هه‌زاران رۆڵه‌و خێزانى بێ دیفاعى نه‌ته‌وه‌که‌مان له‌ کوردانى ئێزدیى شه‌نگال و ناوچه‌کانى موسڵ، داواى هاوکارى به‌ په‌له‌ له‌ ڕێکخراوه‌کانى جیهانیى و کۆمه‌ڵگاى نێوده‌وڵه‌تى ده‌که‌ین که‌ به‌ به‌ر چاوى دنیاوه‌ حوکمى ئه‌نفال و بریارى شمشێر به‌سه‌ر ژیان و ئایین و باوه‌ڕیاندا ده‌سه‌پێنرێ و هه‌موو مافه‌کانى مرۆڤ و به‌ها باڵاکانى مرۆڤایه‌تى به‌رۆژى رووناک به‌هۆى سیاسه‌تى هه‌ڵه‌ى حکومه‌تى عێراق و بێده‌نگى و خۆ له‌ هه‌قیقه‌ت بواردنى هێزه‌کانى نێوده‌وڵه‌تى رووبه‌رووى هه‌ره‌شه‌ى کاره‌ساتێکى مرۆیى شه‌رم هێنه‌ر بونه‌وه‌ ،به‌ته‌نگ برائیزیده‌یه‌کانه‌وه‌ بین و شنگال ئاوه‌دان بکه‌نه‌وه‌ .
هه‌ڤاڵانى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان..

له‌کاتێکدا یادى 40 ساڵه‌ى دامه‌زراندنى حزبه‌ تێکۆشه‌ره‌که‌تان ده‌که‌ینه‌وه‌،هیشتا شه‌رى داعش کۆتاى نه‌هاتوه‌و  به‌شێکى سه‌رکرده‌و هه‌ڤاڵانتان له‌ به‌ره‌کانى به‌رگرى له‌ خاک و که‌رامه‌تى نیشتمان و نه‌ته‌وه‌که‌ماندان و به‌رامبه‌ر به‌ هه‌ردوو هه‌ره‌شه‌ى تیرۆر به‌ گیانى خۆیان و دیکتاتۆریه‌ت به‌ قووت و گوزه‌رانى خۆیان و ماڵ و خێزانیان شه‌رى مان و نه‌مان ده‌که‌ن، بۆیه‌ ئه‌رکى ئێوه‌شه‌ وه‌ک هه‌میشه‌ پشتیوان و هاوکار بن و به‌ر له‌ هه‌ر که‌سى تر ئاماده‌بن بۆ ئه‌رکى قورستر که‌ ئامانجى گه‌وره‌تر ده‌هێنێته‌ دى ، بۆ پاراستنى ووڵات و هاوڵاتیانى کوردستان به‌ جیاوازیى نه‌ته‌وه‌و ئایین و مه‌زهه‌بیان و به‌دیهێنانى پێشکه‌وتن و بووژانه‌وه‌ى ووڵات و فه‌راهه‌مکردنى گوزه‌رانى شیاو بۆ جه‌ماوه‌رى کوردستان و چه‌سپاندنى خواسته‌ ره‌واکانى نه‌ته‌وه‌ییمان و گه‌رانه‌وه‌ى دوا بسته‌ خاکى زه‌وتکراومان، به‌دیهێنانى مافى چاره‌نووس بۆ گه‌لى کوردستان و دووباره‌ ڕێکخستنه‌وه‌ى په‌یوه‌ندى ده‌ستووریى له‌گه‌ڵ عێراق له‌سه‌ر بنه‌ماى یه‌کێتییه‌کى کۆنفیدراڵى بۆ پاراستنى ده‌ستکه‌وته‌ به‌ خوێن و خه‌بات به‌ده‌ستهاتووه‌کانى گه‌له‌که‌مان و به‌هره‌مه‌ندبوونى له‌ سامان و به‌رهه‌مى ئه‌و خاکه‌ى ده‌یان ساڵه‌ به‌خوێنى رۆڵه‌کانى ئاو ده‌درێت، ئه‌وه‌ش ئه‌رکى ئێوه‌یه‌ به‌ هه‌موو توانا کار بۆ سه‌رخستنى بکه‌ن و گیانى شه‌هیدان ئاسووده‌و ئاسۆى ئایینده‌ى گه‌له‌که‌مان ڕووناکتر بکه‌ین.

جــــه‌مـــاوه‌رى تـێـکــۆشــه‌رى کوردســـتان
هه‌ڤاڵانى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان

  40  ساڵه‌ ئه‌م کاروانى خه‌باته‌ به‌هه‌مان تین و تاوى ڕۆژانى یه‌که‌مى سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌و به‌رگرى، به‌هه‌مان ئینتیماو خۆنه‌ویستى درێژه‌ به‌ تێکۆشان ده‌دات و هه‌ر شێوازێکى کار  ده‌کاته‌ هه‌مان سه‌نگه‌رى پێشمه‌رگایه‌تى که‌ له‌ ئامانجمان نزیکتر بکاته‌وه‌ و سه‌ره‌ڕاى هه‌ره‌شه‌و خه‌م و مه‌ترسییه‌کانى ناوخۆو ده‌ره‌وه‌، گه‌شبینین به‌رامبه‌ر به‌ ره‌وتى به‌ره‌وپێش چوونى مێژوو ئیراده‌ى به‌هێزى جه‌ماوه‌رى کوردستان. 

سه‌رکه‌وێت په‌یامى  دیموکراسى و دادپه‌روه‌رى و مافى چاره‌نووس. 
پیرۆزبێت 8ى ئاب ساڵڕۆژى دامه‌زراندنى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان .
سڵاو و نه‌مرى بۆ شه‌هیدانى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان و سه‌رجه‌م شه‌هیدانى بزووتنه‌وه‌ى ڕزگاریخوازى کوردستان.

سه‌روه‌رى و خۆڕاگریى بۆ تێکۆشرانى به‌ره‌کانى به‌رگریى له‌ که‌رکوک و موسڵ و گه‌رمه‌سێروکۆبانى وقامشلۆ. 


                                                                        مه‌کته‌بى سیاسى
                                                      حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان
                                                                       7-8-2016


زۆرترین خوێندراو