خاچى سوورى نێوده‌وڵه‌تى هاوکارییه‌کانى له‌گه‌ڵ حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان پته‌وتر ده‌کات

8/22/2016 7:07:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز







ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 22 ى ئابى 2016، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان، پێشوازى له‌ خاتوو کاترینا ریتز به‌رپرسى خاچى سوورى نێوده‌وڵه‌تى له‌ عێراق و به‌ڕێز دانیال مونۆز به‌رپرسى ڕێکخراوه‌که‌ له‌ هه‌رێمى کوردستان و شاندێکى یاوه‌ریان کرد.

له‌ دیدارێکدا خاتوو ریتز خۆشحاڵیى خۆى به‌ سه‌ردانى هه‌رێمى کوردستان ده‌ربڕى و باسى له‌ ڕه‌وشى ئاڵۆزى عێراق به‌گشتى و ڕۆڵ و قوربانیدانى پێشمه‌رگه‌ به‌رامبه‌ر هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسییه‌کانى تیرۆر کرد، هه‌روه‌ها سوپاس و پێزانینى خۆى پێشکه‌ش به‌ حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان کرد بۆ ئه‌و هاوکارى و په‌یوه‌ندییه‌ توندوتۆڵه‌ى هه‌ر له‌ دواى ساڵى 1991ه‌وه‌ له‌ نێوانیاندا هه‌یه‌ و ئه‌م جۆره‌ دیدارانه‌شى بۆ تۆکمه‌کردنى زیاترى په‌یوه‌ندى و هاوکارییه‌کان له‌نێوان هه‌ردوولادا و ئاڵوگۆڕکردنى بیروڕا له‌مه‌ێ‌ پرسه‌ په‌یوه‌نداره‌کان له‌ داهاتوودا، به‌ گرنگ زانی.

له‌ به‌شێکى دیکه‌ى قسه‌کانیدا پوخته‌یه‌کى ده‌رباره‌ى کار و چالاکییه‌کانى ڕێکخراوه‌که‌یان له‌ هه‌رێمى کوردستان و عێراق خسته‌ ڕوو و پابه‌ندیى لێژنه‌ى خاچى سوورى نێوده‌وڵه‌تیشى بۆ کاکردن له‌گه‌ڵ حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌ سه‌رجه‌م بواره‌کاندا به‌تایبه‌تى له‌ بواره‌کانى مرۆیى و ته‌ندروستیدا دووپات کرده‌وه‌. ئاشکراشى کرد که‌ له‌ پلانى ڕێکخراوه‌که‌یاندایه‌ سه‌نته‌رێکى ده‌ست و قاچى ده‌ستکرد له‌ هه‌رێمى کوردستان دابمه‌زرێنن و دواتر ڕاده‌ستى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستیى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستانى بکه‌ن.

لاى خۆیه‌وه‌ سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان سوپاسى ئه‌و سه‌ردانه‌ و ڕۆڵ و ئه‌رک و ماندوبوونى لێژنه‌ى خاچى سوورى نێوده‌وڵه‌تى له‌ هه‌رێمى کوردستان کرد و جه‌ختى له‌سه‌ر به‌رده‌وامیى هاوکارى و په‌یوه‌ندییه‌ توندوتۆڵه‌کانى نێوان حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان و لێژنه‌ى خاچى سوورى نێوده‌وڵه‌تى کرده‌وه‌. پوخته‌یه‌کیشى له‌باره‌ى ئه‌و ته‌حه‌دیاتانه‌وه‌ پێشکه‌ش کرد که‌ ڕووبه‌ڕووى هه‌رێمى کوردستان بوونه‌ته‌وه‌، وه‌ک شه‌ڕى دژى تیرۆرستانى داعش و هاتنى ژماره‌یه‌کى یه‌کجار زۆرى ئاواره‌ و په‌نابه‌رانى ده‌ستى تیرۆر و قه‌یرانى دارایی.

له‌ به‌شێکى دیکه‌ى کۆبوونه‌وه‌که‌دا باس له‌ پرۆسه‌ى ئازادکردنه‌وه‌ى شارى مووسڵ و ئاواره‌بوونى ژماره‌یه‌کى زیاترى هاووڵاتیانى ئه‌و شاره‌ بۆ هه‌رێمى کوردستان کرا و هه‌ردوولا هاوڕابوون ئاماده‌کارى بۆ هاوکاریکردنى ئاواره‌کان بکرێت و له‌م نێوه‌نده‌شدا به‌ پێویستیان زانى هه‌موو لایه‌نه‌ نێوده‌وڵه‌تى و ناوخۆییه‌کان به‌یه‌که‌وه‌ ئاماده‌کارى بۆ پێشوازیکردن له‌و ئاوارانه‌ و هه‌روه‌ها دواى ئازادکردن، گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ شوێنه‌کانیان و دابینکردنى پێداویستییه‌کانیان له‌ هه‌موو ڕوویه‌که‌وه‌ بکه‌ن، چونکه‌ هاتنى ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ى ئاواره‌ له‌ تواناکانى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان به‌ده‌ره‌.

هه‌ر له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا باس له‌ دامه‌زراندنى لێژنه‌یه‌ک له‌ هه‌رێمى کوردستان بۆ یاساى مرۆییى نێوده‌وڵه‌تى کرا تاکو له‌ نزیکه‌وه‌ له‌گه‌ڵ لێژنه‌ى خاچى سوورى نێوده‌وڵه‌تى کار له‌سه‌ر مسۆگه‌رکردنى زیاترى جێبه‌جێکردنى بنه‌ماکانى یاساى مرۆییى نێوده‌وڵه‌تى له‌کاتى جه‌نگ و ململانێکان بکرێت و ئه‌م بابه‌ته‌ بخرێته‌ نێو خوێندنى زانکۆکان، هه‌روه‌ک جه‌خت له‌سه‌ر په‌ره‌پێدانى خوله‌کانى مه‌شق و ڕاهێنان کرایه‌وه‌ به‌ هه‌ماهه‌نگیى نێوان حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان و لێژنه‌ى خاچى سوورى نێوده‌وڵه‌تی.


زۆرترین خوێندراو