یه‌کێتى زانایان له‌ساڵیادى دامه‌زراندنیدا به‌یاننامه‌یه‌ک بڵاو ده‌کاته‌وه‌

9/20/2016 4:56:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز







یه‌کێتى زانایانى ئایینى ئیسلامى کوردستان له‌یادى (٤٦) ساڵه‌ى دامه‌زراندنیدا به‌یانامه‌یه‌ک بڵاوده‌کاته‌وه‌ که‌تیایداجارێکى تر سووربوونى خۆیان راده‌گه‌یه‌نین له‌ به‌رده‌وامبوون بۆ گه‌یشتن به‌و ئامانجه‌ پیشه‌یى و ئایینى و نیشتیمانى و نه‌ته‌وه‌ییانه‌ى رێکخراوه‌که‌ بۆى دامه‌زراوه‌ ، ئه‌مه‌ده‌قه‌که‌یه‌تى :



به‌ناوى خواى به‌خشنده‌ى میهره‌بان


(ۆاعْتَصِمُوا بِحَبْلِ اللَّهِ جَمِیعًا ۆڵا تَفَرَّقُوا)


چل و شه‌ش ساڵ به‌ر له‌ ئێستا له‌ (٢١-٩-١٩٧٠) له‌ شارۆچگه‌ى گه‌ڵاڵه‌ى باڵه‌کایه‌تى یه‌کێتى زانایانى ئایینى ئیسلامى کوردستان دامه‌زرا، دامه‌زراندنى یه‌کێتى زانایان له‌گه‌ڵ یه‌که‌م هه‌ناسه‌ى ئازادى و دوور له‌ ژێرده‌سته‌یى دوژمنانى کورد، په‌یامێک بوو بۆ به‌ دامه‌زراوه‌ییکردنى دامو ده‌زگاکانى وڵات و، رێکخستنى کاروبارى سه‌رجه‌م چین و توێژه‌کانى کوردستان، هه‌روه‌ک پیشانده‌رى رۆڵ و کاریگه‌رى پێگه‌ى مه‌لاو زانایانى ئایینى کوردستان بوو له‌ پرسه‌ ئایینى و نیشتیمانى و نه‌ته‌وه‌ییه‌کاندا.


به‌م بۆنه‌وه‌ پیرۆزبایى له‌ سه‌رجه‌م ئه‌ندام و لایه‌نگران و دۆستانمان ده‌که‌ین، به‌و هیوایه‌ى ئه‌و ئومێدانه‌ى بناغه‌ى ئه‌م خه‌باته‌ مه‌زنه‌یان دانا له‌ گه‌شانه‌وه‌و نوێبوونه‌وه‌ى به‌رده‌وام دابن تا گه‌یشتن به‌ چله‌پۆپه‌ى هیواو ئاواته‌کانى ئه‌م گه‌له‌ سته‌ملێکراوه‌.


به‌ڕێزان: له‌ ساڵیادى دامه‌زراندنى یه‌کتییه‌که‌ماندا جارێکى تر سووربوونى خۆمان راده‌گه‌یه‌نین له‌ به‌رده‌وامبوون بۆ گه‌یشتن به‌و ئامانجه‌ پیشه‌یى و ئایینى و نیشتیمانى و نه‌ته‌وه‌ییانه‌ى رێکخراوه‌که‌ى بۆ دامه‌زراوه‌، به‌تایبه‌تى له‌ رۆژگارى پڕ له‌ ئازارى ئه‌مڕۆدا، که‌ وڵاته‌که‌مان روو به‌رووى شاڵاوێکى تیرۆریستى بۆته‌وه‌و، خوێنى سه‌دان رۆڵه‌ى ئه‌م وڵاته‌ى به‌ ناهه‌ق رشت و چوونه‌ کاروانى شه‌هیدانه‌وه‌، له‌ هه‌مان کاتدا له‌ ناوه‌خۆ گه‌له‌که‌مان به‌ده‌ست گێژه‌ڵووکه‌ى قه‌یرانى دارایى و ململانێ سیاسییه‌کان ده‌ناڵێنێت، که‌ ئازاره‌کانى که‌متر نین له‌ ئازارى شه‌ڕى تیرۆریستان.


بۆیه‌ لێره‌وه‌ داواده‌که‌ین ئاوڕێکى جددى بده‌نه‌وه‌ له‌ باشکردنى ژیانى خه‌ڵک و تێپه‌ڕاندنى نه‌هامه‌تییه‌کانى ئه‌و گه‌له‌ تێکۆشه‌رو ئارامگره‌، چونکه‌ ئازاره‌کان هه‌موو سنوورێکى به‌زاندووه‌و، سه‌دان گرفت و کێشه‌ى کۆمه‌ڵایه‌تى ناوه‌ته‌وه‌، به‌تایبه‌تى مامۆستایانى ئایینى وه‌ک سه‌رجه‌م فه‌رمانبه‌رانى حکومه‌ت له‌ ره‌وشێکى خراپ دان، چونکه‌ وێڕاى که‌مى مووچه‌یان ده‌رفه‌تى هیچ کارکردنێکیان نییه‌.


هه‌روه‌ک پێویسته‌ تێکڕاى لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان بچنه‌ ژێر بارى مه‌سئولیه‌تى مێژووییان و واز له‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ حزبى و شه‌خسییه‌کانیان بێنن که‌ هه‌ر رۆژه‌و ناخۆشییه‌کى تازه‌ى ده‌روونى ده‌خه‌نه‌ ناو خه‌ڵک و، هه‌ر یه‌که‌و به‌ ئاوازى به‌رژه‌وه‌ندى حزبى خۆى رۆحى رق و ململانێ بڵاوده‌کاته‌وه‌، بۆیه‌ باشترین وه‌فادارى ئه‌وه‌یه‌ هه‌ر یه‌که‌و واز له‌ به‌رژه‌وه‌ندى ته‌سکى بهێنێت و له‌ خزمه‌تى گشتى دابێت.


دووباره‌ ئه‌م یاده‌ له‌ هه‌موو لایه‌ک پیرۆز ده‌که‌ین و، به‌ هیواى ئایینده‌یه‌کى سه‌رفرازو پێ‌ له‌ ئاشتى و برایه‌تی.


یه‌کێتى زانایانى ئایینى ئیسلامى کوردستان


20-9-2016


زۆرترین خوێندراو