بارزانى و وه‌زیرى به‌رگرى به‌ریتانیا ئازادکردن وقۆناغى دواى ئازادکردنى موسڵ تاوتوێ ده‌که‌ن

9/22/2016 9:26:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز







ئه‌مڕۆ  پێنج شه‌ممه‌ 22 ى ئه‌یلولى 2016 ،له‌ سه‌لاحه‌دین به‌ڕێز مه‌سعود بارزانى به‌ئاماده‌بونى به‌رێز محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود و شاندى باڵاى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌پێشوازى له‌ مایکڵ فاڵۆن وه‌زیرى به‌رگریى بریتانیا و شاندێکى یاوه‌رى کرد که‌ پێکهاتبوو له‌ فرانک به‌یکر باڵیۆزى بریتانیا له‌ عێراق و جه‌نه‌ڕاڵ تۆم به‌کێت نێرده‌ى تایبه‌تى حکوومه‌تى بریتانیا بۆ هه‌رێمى کوردستان و ژماره‌یه‌ک ئه‌فسه‌ر و ڕاوێژکارى وه‌زاره‌تى به‌رگریى بریتانیا.

له‌ دیداره‌که‌دا وه‌زیرى به‌رگریى بریتانیا، بارزانى له‌ بۆچوونى وڵاته‌که‌ى له‌باره‌ى شه‌ڕى داعش و هاوکاریکردنى پێشمه‌رگه‌ ئاگادار کرده‌وه‌ و ڕایگه‌یاند که‌ به‌ریتانیا به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ شه‌ڕى تیرۆریستانى داعش و مه‌شق و ڕاهێنان و پشتیوانیکردنى پێشمه‌رگه‌ و پێدانى ڕاوێژ به‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌یشى خسته‌ڕوو که‌ به‌ریتانیا پلانى هه‌یه‌ بۆ پێشکه‌شکردنى هاوکارى به‌ ئاواره‌کان. ستاییشى هێزى پێشمه‌رگه‌یشى کرد که‌ ئازایه‌نه‌ پێکهاته‌کانیان له‌ هه‌ڕه‌شه‌ى تیرۆریستان پاراستووه‌ و قوربانیان داوه‌.

له‌به‌رانبه‌ردا بارزانى سوپاسى بریتانیاى کرد که‌ هاوکار و پشتیوانى هێزى پێشمه‌رگه‌ى کوردستان بووه‌ له‌ شه‌ڕى دژى تیرۆریستانى داعش و سه‌ردانى وه‌زیرى به‌رگریى به‌ریتانیاشى به‌ گرنگ و جێگه‌ى بایه‌خ وه‌سف کرد.

هه‌ر له‌م کۆبوونه‌وه‌یه‌دا به‌ وردى بیروڕا له‌باره‌ى بایه‌خى ئازادکردنى موسڵ ئاڵوگۆڕ کرا و باسى ئاماده‌کارییه‌کانى ئۆپڕاسیۆنى ئازادکردنى موسڵ و هه‌ماهه‌نگیى نێوان پێشمه‌رگه‌ و هاوپه‌یمانان و هێزه‌کانى عێراقى کرا.

قۆناغى دواى داعش و مه‌ترسى و ته‌حه‌دیاته‌کانى ئه‌و قۆناغه‌ و چۆنییه‌تى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى گرفته‌کان ته‌وه‌رێکى دیکه‌ى کۆبوونه‌وه‌که‌ بوو و هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌ دابینکردنى سه‌قامگیرى و ئاساییش و گه‌ره‌نتیکردنى ژیانى پێکهاته‌ ئایینى و نه‌ته‌وه‌ییه‌کانى پارێزگاى نه‌ینه‌وا کرده‌وه‌.


زۆرترین خوێندراو