بارزانى و وه‌زیرى به‌رگریى ئه‌ڵمانیا پرۆسه‌ى ئازادکردنى موسڵ تاوتوێ ده‌که‌ن

9/23/2016 8:23:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز







ئه‌مڕۆ هه‌ینى 23 ى ئه‌لولى 2016 له‌ سه‌لاحه‌دین به‌ڕێز مه‌سعود بارزانى سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان پێشوازى له‌ ئۆرسۆلا فۆندێرلاین وه‌زیرى به‌رگریى ئه‌ڵمانیا و شاندێکى یاوه‌رى کرد که‌ پێکهاتبوو له‌ فرانز جوزێف کریمپ باڵیۆزى ئه‌ڵمانیا له‌ عێراق و جه‌نه‌ڕاڵ مارکوس نیپ سه‌رۆکى ئه‌رکانى سوپاى ئه‌ڵمانیا و ژماره‌یه‌ک ئه‌فسه‌ر و ڕاوێژکارى وه‌زاره‌تى به‌رگریى ئه‌ڵمانیا.

له‌ دیدارێکدا که‌به‌رێز محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود و ژماره‌یه‌ک له‌ به‌رپرسه‌ سیاسى و سه‌ربازى و ئه‌منییه‌ باڵاکانى هه‌رێمى کوردستان ئاماده‌ بوون وه‌زیرى به‌رگریى ئه‌ڵمانیا که‌ بۆ چواره‌مین جاره‌ سه‌ردانى کوردستان ده‌کات سوپاسى بارزانى کرد بۆ ڕه‌خساندنى دیداره‌که‌ و ڕێز و پێزانینى خۆى خسته‌ڕوو بۆ گه‌لى کوردستان و حکوومه‌تى هه‌رێم له‌ په‌نادانى ئاواره‌کان و ستاییشى پێشمه‌رگه‌ى کرد که‌ به‌ قوربانیدانى خۆى داعشى شکاند و هیواى بۆ جیهانیان گه‌ڕانده‌وه‌ و پێشانى دا که‌ داعش هێزێک نییه‌ که‌ تێکنه‌شکێت. 

وه‌زیرى به‌رگریى ئه‌ڵمانیا ئاماژه‌ى به‌ پێشمه‌رگه‌ دا وه‌ک نموونه‌یه‌ک بۆ جیهانیان و هیوایشى خواست که‌ گیانى بنیاتنان و بووژانه‌وه‌ و پێکه‌وه‌ژیان له‌دواى داعش له‌ عێراقدا دروست ببێت ئه‌و گیانه‌ى که‌ گه‌لى کوردستان و پێشمه‌رگه‌ له‌ ناوچه‌که‌دا سه‌رقافڵه‌ى بوونه‌.

 له‌ به‌شێکى دیکه‌ى قسه‌کانیدا باسى له‌ هه‌وڵه‌کانى سوپاى ئه‌ڵمانیا بۆ یارمه‌تیدانى پێشمه‌رگه‌ و مه‌شق و ڕاهێنانى پێشمه‌رگه‌ کرد و جه‌ختى له‌ به‌رده‌وامیى پشتیوانیى وڵاته‌که‌ى بۆ گه‌لى کوردستان و هێزى پێشمه‌رگه‌ کرده‌وه‌.

له‌به‌رانبه‌ردا بارزانى سوپاسى گه‌ل و حکوومه‌تى ئه‌ڵمانیاى کرد که‌ هاوکاریى پێشمه‌رگه‌یان کردووه‌ و هاوکارییه‌ سه‌ربازییه‌کانى ئه‌ڵمانیاى به‌ گرنگ وه‌سف کرد به‌ جۆرێک که‌ هاوکێشه‌ى شه‌ڕه‌کانى له‌ قازانجى پێشمه‌رگه‌دا گۆڕى و سه‌ردانه‌کانى وه‌زیرى به‌رگریى ئه‌ڵمانیاشى بۆ کوردستان به‌ گرنگ و پڕمانا له‌ قه‌ڵه‌م دا.

هه‌ر له‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌دا باس له‌ پلانى ئازادکردنى موسڵ و ڕێککه‌وتنى نێوان هه‌رێمى کوردستان و حکوومه‌تى عێراق له‌باره‌ى هه‌ماهه‌نگییه‌کانى شه‌ڕى ئازادکردنى موسڵ کرا و وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌ڵمانیا خۆشحاڵیى خۆى نیشان دا به‌و ڕێککه‌وتنه‌ و هیواى خواست ئه‌نجامى باشى لێ بکه‌وێته‌وه‌.

له‌به‌شێکى دیکه‌ى دانیشتنه‌که‌دا باس له‌ قۆناغى دواى داعش کرا و بارزانى ئه‌وه‌ى دووپاتکرده‌وه‌ که‌ ئامانجى هاوبه‌شى هه‌رێمى کوردستان و حکوومه‌تى عێراقى شکستدانى داعش و ئازادکردنى موسڵه‌. هه‌روه‌ها جه‌ختى له‌ گرنگیى قۆناغى دواى داعش کرد و ئاماژه‌ى به‌وه‌دا که‌ پێویسته‌ دڵنیایى بدرێته‌ پێکهاته‌ نه‌ته‌وه‌یى و ئایینییه‌کان و ئاساییشیان پارێزراو بێت و په‌یوه‌ست به‌ قۆناغى دواى داعش تێبینى و ئامۆژگارییه‌کانى خۆى بۆ شاندى میوان خسته‌ڕوو.


هه‌ر له‌دواى کۆبوونه‌وه‌که‌ بارزانى و وه‌زیرى به‌رگریى ئه‌ڵمانیا له‌ پڕێسکۆنفڕانسێکدا ناوه‌ڕۆکى کۆبوونه‌وه‌که‌یان بۆ ده‌زگه‌کانى ڕاگه‌یاندن شى کرده‌وه‌.


زۆرترین خوێندراو