کۆبونه‌وه‌ى مه‌ڵبه‌ندى هه‌ڵه‌بجه‌ى (حسدک ) به‌ڕێوه‌چوو

9/24/2016 5:26:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز






سه‌رله‌به‌یانى ئه‌مڕۆ 24 ئه‌یلولى 2016 سۆران حه‌سه‌ن به‌رپرسى مه‌ڵبه‌ندى هه‌ڵه‌بجه‌ى حزبى سۆسیالست دیموکراتى کوردستان و ژماره‌یه‌ک له‌ ئه‌ندامانى مه‌ڵبه‌ندى هه‌ڵه‌بجه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌ندامان و هه‌ڤاڵانى سنورى مه‌ڵبه‌ندى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌دا کۆبونه‌وه‌.

سه‌ره‌تاى کۆبونه‌وه‌که‌ به‌چه‌ند ساتێک وه‌ستان بۆ گیانى پاکى شه‌هیدان ده‌ستى پێکرد و پاشان به‌رپرسى مه‌ڵبه‌ندى هه‌ڵه‌بجه‌ باسى له‌ وه‌زعى کوردستان و قه‌یرانه‌کان کرد که‌به‌رۆکى خه‌ڵکى کوردستانى گرتووه‌. وه‌ باسى له‌بارودۆخى دارایى و ئابورى کرد که‌له‌م کاته‌دا نیگه‌رانیه‌کان گه‌شتۆته‌ ئاستێکى به‌رزو هیواى خواست حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان هه‌رچى زوه‌ به‌ده‌م داواکانى خه‌ڵکى کوردستانه‌وه‌ بچێت و هه‌وڵى جددى بدات بۆ ڕه‌وینه‌وه‌ى قه‌یرانه‌کان به‌تایبه‌تى قه‌یرانى سیاسى و دارایی.

 هه‌روه‌ها باسى له‌ ووره‌ به‌رزى هێزى پێشمه‌رگه‌ى کوردستان کرد له‌ ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ چه‌کدارانى داعش و ئه‌و سه‌رکه‌وتنه‌ گه‌ورانه‌ى تۆماریان کردوه‌ که‌ پێشمه‌رگه‌کانى حزبى سۆسیالستیش هاوشانى هێزه‌کانى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ هاوبه‌شن له‌و سه‌رکه‌وتنانه‌و هاوکات له‌ قوربانییه‌کانیش.

هه‌روه‌ها باسى له‌ ئه‌نجامدانى خۆپیشاندانى چینى مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران و موچه‌خۆران کرد که‌ بڕیاره‌  27 ى ئه‌یلول  ئه‌نجام بدرێت و به‌رپرسى مه‌ڵبه‌ندى هه‌ڵه‌بجه‌ى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان ڕایگه‌یاند که‌ ئه‌وان پشتیوانى له‌مافه‌کانى سه‌رجه‌م چین و توێژه‌کان ده‌که‌ن و داوایان کرد که‌ مه‌ده‌نیانه‌ ئه‌و خۆپیشاندانه‌ ئه‌نجام بدرێت دوور له‌هه‌ر توندو تیژییه‌ک و هه‌وڵى به‌لاڕێدابردنى ئاراسته‌ى خۆپیشاندانه‌که‌ له‌پێناو گه‌یاندنى په‌یامه‌که‌یان به‌ ده‌سه‌ڵاتدارانى هه‌رێمى کوردستان و دروستکردنى فشارێکى دیموکراسیانه‌ بۆ ده‌سته‌به‌رکردنى مافه‌ ئاسایى و یاساییه‌کانى خه‌ڵکى کوردستان.

هه‌روه‌ها ته‌وه‌رێکى ترى کۆبونه‌وه‌که‌ داوا له‌ هه‌ڤاڵان کرا که‌ سه‌ردانى بنکه‌کانى کۆمیسۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌کان بکه‌ن به‌مه‌به‌ستى نوێ کردنه‌وه‌ى تۆمارى ده‌نگده‌ران ، له‌پێناو به‌جێ گه‌یاندنى هه‌ڵبژاردنه‌کانى داهاتوو و ده‌ستنیشانکردنى کاندیده‌کانیان بۆ پێکهێنانى حکومه‌تێکى خزمه‌تگوزار.

له‌به‌رامبه‌ردا ئاماده‌بوانى کۆبونه‌وه‌که‌ى مه‌ڵبه‌ندى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ڵێنیان بۆ حزبى سۆسیالست و خاکى کوردستان دوپات کرده‌وه‌ که‌ هه‌میشه‌و هه‌رده‌م دڵسۆزى نه‌ته‌وه‌و خه‌ڵکى کوردستان بن و په‌یمانیان دا به‌هه‌موو توانایه‌که‌وه‌ ئارامى کوردستان بپارێزن و   خۆنه‌ویستانه‌ له‌خزمه‌ت ڕێبازى شه‌هیدان و ئه‌زموونى گه‌له‌که‌ماندا بن.


زۆرترین خوێندراو