حکومه‌تى هه‌رێم و سوید ئازادکرنه‌وه‌ى مووسڵ و پرسى ئاواره‌کان تاوتوێ ده‌که‌ن

10/26/2016 5:49:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز







نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ سێ شه‌ممه‌ 25ى تشرینى یه‌که‌مى 2016، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان، پێشوازى له‌ ستێفان لۆڤین سه‌رۆک وه‌زیرانى سوید و شاندێکى دیپلۆماسیى یاوه‌رى کرد.

له‌ کۆبوونه‌وه‌یه‌کدا که‌ قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆک وه‌زیران و ژماره‌یه‌ک له‌ وه‌زیران و به‌رپرسانى هه‌رێمى کوردستان ئاماده‌ى بوون، نێچیرڤان بارزانى سوپاسى سه‌ردانى سه‌رۆک وه‌زیرانى سوید و هاوکارییه‌ به‌رده‌وامه‌کانى وڵاته‌که‌ى بۆ هه‌رێمى کوردستان کرد به‌تایبه‌تى له‌ ڕووى مه‌شق و ڕاهێنان به‌ پێشمه‌رگه‌ له‌لایه‌ن پسپۆڕانى سه‌ربازیى سویدیه‌وه‌، هه‌روه‌ها تیشکى خسته‌ سه‌ر هاوکارى و هه‌ماهه‌نگیى نێوان پێشمه‌رگه‌ و سوپاى عێراق و هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تى له‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌کانى ئازادکرنه‌وه‌ى مووسڵدا و جه‌ختى له‌وه‌ کرده‌وه‌ که‌ له‌ پرۆسه‌ى ئازادکرنه‌وه‌ى مووسڵ گرنگتر ئه‌وه‌یه‌ دواى ئۆپه‌راسیۆنه‌کان پرۆسه‌ى سیاسى له‌ عێراق به‌گشتى و به‌ڕێوه‌بردنى شارى مووسڵ و کۆنترۆڵکردنى سنووره‌کانى چۆن ده‌بێت.

ده‌رباره‌ى کێشه‌ى ئاواره‌ و په‌نابه‌رانیش له‌ هه‌رێمى کوردستان، دووپاتى کرده‌وه‌ که‌ هه‌بوونى زیاتر له‌ ملیۆنێک و هه‌شتسه‌د هه‌زار ئاواره‌ و په‌نابه‌رى ده‌ستى تیرۆر، بارى هه‌رێمى کوردستانى قورس کردووه‌ و هه‌رێم پێویستى به‌ کۆمه‌ک و هاوکاریى نێوده‌وڵه‌تى هه‌یه‌ به‌تایبه‌تیش که‌ پێشبینى ده‌کرێت ژماره‌یه‌کى زۆرترى ئاواره‌ى مووسڵ له‌ ئه‌نجامى ئۆپه‌راسیۆنه‌کاندا ڕوو له‌ هه‌رێمى کوردستان بکه‌ن.

لاى خۆیه‌وه‌ ستێفان لۆڤین  سه‌رۆک وه‌زیرانى سوید وێڕاى ده‌ستخۆشى له‌ پێشمه‌رگه‌ بۆ ئه‌و سه‌رکه‌وتنه‌ به‌رده‌وامانه‌ى له‌ به‌رامبه‌ر تیرۆرستانى داعشدا به‌ده‌ستى ده‌هێنێت، پێشمه‌رگه‌ى به‌ مایه‌ى سه‌رفرازى کوردستان له‌ قه‌ڵه‌م دا و پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشى له‌ خانه‌واده‌ى شه‌هیدان و گه‌لى کوردستان کرد و هیواى چاکبوونه‌وه‌ى بۆ برینداران خواست، هه‌روه‌ها جه‌ختى له‌وه‌ کرده‌وه‌ که‌ سوید له‌ هاوکارییه‌کانى بۆ هه‌رێمى کوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت و هه‌وڵ ده‌دات تیمى مه‌شقى سه‌ربازیى خۆى له‌ هه‌رێمى کوردستان فراوانتر بکات.

دووپاتیشى کرده‌وه‌ که‌ هه‌بوونى دیالۆگى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا له‌سه‌ر قۆناغى دواى ئازادکرنه‌وه‌ى مووسڵ زۆر گرنگه‌ و له‌مباره‌یه‌شه‌وه‌ نێچیرڤان بارزانى ئاشکراى کرد عێراق پێویستى به‌ دیالۆگێکى جددى له‌سه‌ر دواڕۆژى وڵات و چۆنیه‌تیى پێکه‌وه‌ژیانى هه‌موو پێکهاته‌ ئایینى و نه‌ته‌وه‌ییه‌کانى وڵات هه‌یه‌.

لاى خۆیه‌وه‌ قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان باسى له‌ پرۆسه‌ى سیاسى و پرسى ئاواره‌کانى مووسڵ کرد و وێڕاى ده‌ربڕینى سوپاسگوزارى بۆ هاوکارییه‌کانى سوید، گرنگیى به‌رده‌وامیى هاوکارى و پشتگیریى نێوده‌وڵه‌تى بۆ هه‌رێمى کوردستان دواى نه‌مانى داعش دووپات کرده‌وه‌. مه‌ترسیى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستانیشى ده‌ربڕى له‌وه‌ى که‌ دواى ئازادکرنه‌وه‌ى مووسڵ کۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى وه‌ک پێویست له‌ پرسى ئاواره‌ و په‌نابه‌راندا هاوکاریى هه‌رێمى کوردستان نه‌کات. له‌مباره‌یه‌وه‌ سه‌رۆک وه‌زیرانى سوید ئاشکراى کرد پرسى په‌نابه‌ران پرسێکى نێوده‌وڵه‌تییه‌ و پێویسته‌ کۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى ئاورێکى جددى له‌م پرسه‌ له‌ هه‌رێمى کوردستان بداته‌وه‌.


زۆرترین خوێندراو