بارزانى په‌یامێک بۆ ڕاى گشتی بڵاو ده‌کاته‌وه‌

12/8/2016 5:31:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز







به‌رێز مه‌سعود بارزانى سه‌باره‌ت به‌په‌سه‌ند کردنى بودجه‌ى گشتى عێراق په‌یامێک بڵاو ده‌کاته‌وه‌و تیایدا ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌کات که‌ له‌باره‌ى ئه‌و بڕگه‌یه‌ى له‌ یاساى بودجه‌ى گشتیى عێراقدا بۆ پێشمه‌رگه‌ جێگیر کراوه‌ به‌ خه‌ڵکى کوردستان ڕاده‌گه‌یێنم که‌ بڕگه‌ په‌سه‌ندکراوه‌که‌ ڕوون نییه‌ و لاستیکیه‌ و خوێندنه‌وه‌ى جۆراوجۆر هه‌ڵده‌گرێ و بوارى یاریپێکردنى تێدا هه‌یه‌ ، ئه‌مه‌ ده‌قه‌که‌یه‌تى :


به‌ناوى خوداى به‌خشنده‌ و میهره‌بان

له‌باره‌ى ئه‌و بڕگه‌یه‌ى له‌ یاساى بودجه‌ى گشتیى عێراقدا بۆ پێشمه‌رگه‌ جێگیر کراوه‌ به‌ خه‌ڵکى کوردستان ڕاده‌گه‌یێنم که‌ بڕگه‌ په‌سه‌ندکراوه‌که‌ ڕوون نییه‌ و لاستیکیه‌ و خوێندنه‌وه‌ى جۆراوجۆر هه‌ڵده‌گرێ و بوارى یاریپێکردنى تێدا هه‌یه‌.

بابه‌تى دروستکردنى گرفت بۆ بودجه‌ى پێشمه‌رگه‌ و هه‌رێم شتێکى تازه‌ نییه‌ و هه‌ر له‌ ساڵى 2005ـه‌وه‌ به‌ شێوه‌ى جۆراوجۆر حکوومه‌تى عێراقى پابه‌ندبوونه‌ داراییه‌کانى له‌ به‌رانبه‌ر پێشمه‌رگه‌ و هه‌رێم جێبه‌جێ نه‌کردووه‌ و گرفتى بۆ ناوه‌ته‌وه‌. به‌ تایبه‌تى ئه‌و عه‌قلییه‌ته‌ى سیاسه‌تى بڕینى بودجه‌ى هه‌رێم و برسیکردنى خه‌ڵکى کوردستانى په‌یڕه‌و کردووه‌ و ئه‌وانه‌ى ڕاوێژى نانبڕینى گه‌لى کوردستانیان داوه‌ هه‌رگیز ئاماده‌یش نابن کێشه‌کانى خه‌ڵکى کوردستان چاره‌سه‌ر بکه‌ن.

سه‌باره‌ت به‌ هه‌وڵ و بۆچوونى ژماره‌یه‌ک له‌ ئه‌ندامانى فراکسیۆنه‌کانى کوردستانى بۆ چاره‌سه‌رکردنى بابه‌تى بودجه‌ى هه‌رێم و پێشمه‌رگه‌ له‌ بودجه‌ى گشتیى عێراق به‌ پێویستى ده‌زانم که‌ پارله‌مانتارانى کوردستان له‌ به‌غدا له‌گه‌ڵ حکوومه‌تى هه‌رێم کۆببنه‌وه‌ و به‌ وردى دیراسه‌ى ئه‌م بابه‌ته‌ بکه‌ن و ئه‌گه‌ر یاساى بودجه‌ و بڕگه‌ په‌سه‌ندکراوه‌کان له‌ خزمه‌تى هه‌رێمى کوردستاندا بێت و ببێته‌ هۆى داهاتى زیاتر ئه‌وه‌ له‌سه‌رى ڕێک بکه‌ون. ئه‌گه‌ریش ببێته‌ هۆى زیان بۆ هه‌رێمى کوردستان با بۆ خه‌ڵکى کوردستان هه‌موو ڕاستییه‌کان و موزایه‌داتى سیاسى له‌باره‌ى بودجه‌ و داهات ڕوون ببێته‌وه‌.

مسعود بارزانی

8ـى 12ـى 2016


زۆرترین خوێندراو