له‌قوناغى دووه‌مى ئۆپه‌راسیۆنى موسڵ رۆژانه‌ زیاتر له‌ سێ هه‌زار که‌س ئاواره‌ ده‌بن‌

1/14/2017 8:44:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز







ژماره‌ى ئاواره‌کانى موسڵ له‌ که‌مپه‌کانى کوردستان روو له‌ به‌رز بوونه‌وه‌یه‌، ته‌نیا له‌ سه‌ره‌تاى ده‌ستپێکردنى قوناغى دووه‌مى ئۆپه‌راسیۆنى موسڵ، رۆژانه‌ سێ هه‌زار که‌س ئاواره‌ بوونه‌ و نزیکه‌ى 70% ئه‌و ژماره‌یه‌ش‌ روویان له‌ هه‌رێمى کوردستان کردووه‌.

هۆشه‌نگ محه‌مه‌د به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى سه‌نته‌رى هاوبه‌شى قه‌یرانه‌کان له‌ لێدوانێک بۆ ماڵپه‌رى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان رایگه‌یاند "له‌سه‌ره‌تاى ئۆپه‌راسیۆنى  رزگارکردنى موسڵ و ده‌وروبه‌رى له‌ رۆژى 17 کانوونى یه‌که‌مى 2016 سه‌دان هه‌زار که‌سى  ئاواره‌ بوونه‌ و زیاتر له‌ 90 هه‌زار که‌س که‌ ده‌کاته‌ نزیکه‌ى 25000 خێزان  روویان له‌ هه‌رێمى کوردستان کردووه‌ و له‌ که‌مپه‌کانى خازر و حسن شام و دیبه‌گه‌ له‌ پارێزگاى هه‌ولێر و که‌مپه‌کانى قایماوه‌ و نه‌گرزلى له‌ پارێزگاى دهۆک نیشته‌جێ کراون".

گوتیشی: "حکومه‌تى هه‌رێم هه‌موو پێداویسیته‌کانى بۆ ئه‌و خێزانه‌ ئاوارانه‌ دابین کردووه‌ وه‌کو په‌ناگه‌ و ئاسایش و خۆراک و که‌لوپه‌لى ناخۆراکى و خزمه‌تگوزاریى ته‌ندروستى به‌ هاوکارى و هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى کۆچ و کۆچبه‌رانى عێراق و ئاژانسه‌کانى نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان و رێکخراوه‌ ناوخۆییه‌کان به‌تایبه‌تى ده‌زگاى خێرخوازى بارزانى و رێکخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌کان".

سه‌نته‌رى هاوبه‌شى قه‌یرانه‌کان له‌ لایه‌ن حکومه‌تى هه‌رێم دامه‌زراوه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کانى عێراقى و نێوده‌وڵه‌تى بۆ هاناوه‌ چوونى ئاواره‌کان کار ده‌کات و پێى وایه‌"به‌هۆى چڕبوونه‌وه‌ى شه‌ێ‌ له‌ ناو شارى موسڵ و نه‌مانى خۆراک و ئاو و ده‌رمان و کاره‌با له‌ ناو شاره‌که‌، ژماره‌ى ئاواره‌کان له‌ 10 رۆژى رابردوو دوو ئه‌وه‌نده‌ زیادى کردووه‌ و رۆژانه‌ زیاتر له‌ 3000 که‌س ئاواره‌ بوونه‌ و نزیکه‌ى 70% ئه‌و ژماره‌یه‌ش هاتوونه‌ته‌ هه‌رێمى کوردستان. بۆیه‌ تواناى داڵده‌دانى ئاواره‌ى زیاتر زۆر سنووردار بووه‌، ئه‌گه‌ر هه‌موو که‌مپه‌کان ته‌واو ببن ئه‌وا ده‌توانرێت ته‌نها پێشوازى له‌ نزیکه‌ى 12 هه‌زار هه‌زار خێزانى دیکه‌ بکرێت".

قوناغى دووه‌مى ئۆپه‌راسیۆنى موسڵ رۆژى 29 کانوونى یه‌که‌مى 2016 ده‌ستیپێکرد و له‌ ماوه‌ى دوو هه‌فته‌یه‌دا ژماره‌یه‌کى زۆر که‌س ئاواره‌ بوونه‌، هه‌ر وه‌ک هۆشه‌نگ محه‌مه‌د ئاماژه‌ى به‌ ئاواره‌بوونى رۆژانه‌ زیاتر له‌ سێ هه‌زار که‌سى کرد.

به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى سه‌نته‌رى هاوبه‌شى قه‌یرانه‌کان هه‌روه‌ها گوتی: "به‌ هۆى شه‌ڕى ناو موسڵ، ژماره‌ى بریندارانى مه‌ده‌نى به‌ رێژه‌یه‌کى به‌رچاو زیادى کردووه‌ و تا ئێستا نزیکه‌ى زیاتر له‌ 3000 هه‌زار بریندار‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌کانى پارێزگاى هه‌ولێر و دهۆک چاره‌سه‌رى پێویستیان بۆ کراوه‌، به‌ڵام به‌هۆى نه‌بوونى هاوکارى و پاڵپشتى راسته‌وخۆى ته‌واو له‌لایه‌ن حکومه‌تى عێراق و کۆمه‌ڵگاى نێوده‌وڵه‌تىو ئه‌و هاوکاریانه‌شى تا ئێستا پێشکه‌ش‌کراون زۆر که‌من و به‌شى پێداویستییه‌ مرۆییه‌کانى ئاواره‌کانناکات".

له‌ کۆتایشدا هۆشدارى ده‌دات‌ "به‌م شێوه‌یه‌ى ئێستا ناتوانرێت هاوکارى پێویست پێشکه‌ش به‌ ئاواره‌کان بکرێت و  ده‌ر‌ئه‌نجامى زۆر ناخۆشى مرۆیى لێده‌که‌وێته‌وه‌ که‌ خه‌رجى راستکردنه‌وه‌ى زۆر زیاتر ده‌بێت له‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ى فریاکه‌وتنى سه‌ره‌تایى". 


زۆرترین خوێندراو