دیدارى شاندى هه‌رێمى کوردستان له‌ سێیه‌مین ڕۆژى کۆنفڕانسى میونیخ

2/20/2017 5:55:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز


 






ڕۆژى یه‌کشه‌ممه‌ 19 ى شوباتى  2017 له‌ سێیه‌مین ڕۆژى کۆنفڕانسى ئاساییشى جیهانى له‌ شارى میونیخى ئه‌ڵمانیا و له‌ په‌راوێزى کۆنفڕانسه‌که‌ شاندى هه‌رێمى کوردستان به‌سه‌رۆکایه‌تى به‌ڕێز مه‌سعود بارزانى له‌گه‌ڵ شاندى ئۆپۆزیسیۆنى سووریا کۆبۆوه‌.

له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا شاندى ئۆپۆزیسیۆنى سوورى ڕۆشناییان خسته‌سه‌ر بارودۆخى سیاسى و ئه‌منیى سووریا و شارى ڕه‌ققه‌ و هه‌روه‌ها باسیان له‌ کۆبوونه‌وه‌ و دانوساندنه‌کانى داهاتووى جێنێڤ کرد.

هه‌روه‌ها بیروڕاى خۆیان له‌باره‌ى ئایینده‌ى سووریا و چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کان خسته‌ڕوو. داوایشیان له‌ بارزانى و شاندى هه‌رێم کرد که‌ ڕوانگه‌ى خۆى له‌باره‌ى بارودۆخى ناوچه‌که‌ و هاوکێشه‌ سیاسییه‌ ده‌ولییه‌کان شى بکاته‌وه‌.

پاش ئه‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌ بارزانى و شاندى هاورێى له‌گه‌ڵ بڕێت مه‌کگورک نوێنه‌رى تایبه‌تى سه‌رۆکى ئه‌مه‌ریکا له‌ هاوپه‌یمانێتیى شه‌ڕى دژى داعش و شاندى یاوه‌رى کۆبۆوه‌.

له‌ دیداره‌که‌دا نوێنه‌رى تایبه‌تى سه‌رۆکى ئه‌مه‌ریکا له‌ هاوپه‌یمانێتیى شه‌ڕى دژى داعش جه‌ختى له‌وه‌ کرده‌وه‌ که‌ ستراتیژیى ئه‌مه‌ریکا له‌مه‌ڕ شه‌ڕى دژى داعش وه‌ک خۆى به‌رده‌وامه‌ و ئه‌و شه‌ڕه‌ ئه‌وله‌ویه‌تى سیاسه‌تى ده‌ره‌کیى وڵاته‌که‌یه‌تی. 

هه‌روه‌ها سوپاسى هێزى پێشمه‌رگه‌ى کرد که‌ هه‌ماهه‌نگییه‌کى بێوێنه‌یان له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانان و سوپاى عێراقیدا له‌ شه‌ڕى داعش هه‌بووه‌. ئه‌وه‌یشى دووپاتکرده‌وه‌ که‌ هه‌روه‌کچۆن ئه‌مه‌ریکا یارمه‌تیى کوردستانى دا له‌ شه‌ڕى تیرۆر ئه‌وهایش هاوپه‌یمانى گه‌لى کوردستان ده‌مێنێته‌وه‌.

له‌به‌رانبه‌ردا بارزانى سوپاسى بڕێت مه‌کگورکى کرد و وه‌ک دۆستى گه‌لى کوردستانى وه‌سفکرد و پیرۆزباییشى لێ کرد به‌ بۆنه‌ى به‌رده‌وامبوونى له‌ ئه‌رک و کارى خۆیدا و هه‌روه‌ها بیروڕاى خۆى له‌باره‌ى ئۆپه‌راسیۆنى ئازادکردنى موسڵ و چۆنییه‌تى مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ قۆناغى دواى داعش خسته‌ڕوو.

هه‌ر هه‌مان ڕۆژ و له‌ په‌راوێزى کۆنفڕانسى ئاساییشى میونیخ شاندى هه‌رێم له‌گه‌ڵ بینالى یڵدرم سه‌رۆکوه‌زیرانى تورکیا و شاندێکى یاوه‌رى کۆبۆوه‌.

له‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌دا بیروڕا له‌باره‌ى بارودۆخى سیاسیى ناوچه‌که‌ و دوا پێشهاته‌ سیاسییه‌کان له‌ ئاستى نێوده‌وڵه‌تى و ناوچه‌یى و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تیرۆریستانى داعش له‌ عێراق و سووریا ئاڵوگۆێ‌ کرا.

تاوتوێکردنى په‌یوه‌ندییه‌کانى نێوان هه‌رێمى کوردستان و تورکیا به‌ تایبه‌ت له‌بوارى ئابوورى و هه‌روه‌ها ده‌رئه‌نجامه‌کانى سه‌ردانى پێشووى سه‌رۆکوه‌زیرانى تورکیا بۆ هه‌رێمى کوردستان ته‌وه‌رێکى دیکه‌ى ئه‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌ بوو.

جێگه‌ى ئاماژه‌پێدانه‌ له‌و کۆبوونه‌وانه‌دا به‌رێزمحه‌مه‌د حاجى مه‌حمود سکرتێرى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان و شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا ئه‌ندامى مه‌کته‌بى سیاسى یه‌کێتى نیشتمانى کوردستان و فه‌ریقى یه‌که‌م عومه‌ر عوسمان ئه‌ندامى مه‌کته‌بى سیاسى پارتى دیموکراتى کوردستان و دکتۆر فواد حوسێن سه‌رۆکى دیوانى سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێمى کوردستان و ئه‌نوه‌ر حاجى عوسمان بریکارى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ و هێمن هه‌ورامى ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تى پارتى دیموکراتى کوردستان یاوه‌رى بارزانى بوون.


زۆرترین خوێندراو