ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێم کۆده‌بێته‌وه‌

2/21/2017 3:42:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز








پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ سێ شه‌مه‌ 21 ى شوباتى 2017  به‌ سه‌رۆکایه‌تی نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆک وه‌زیران و به‌ ئاماده‌بوونى قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان، ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران کۆبوونه‌وه‌ى ئاساییى خۆى ساز کرد.

له‌ سه‌ره‌تاى کۆبوونه‌وه‌که‌دا ڕابه‌ر سدیق بریکارى وه‌زاره‌تى دارایى و ئابوورى به‌وه‌کاله‌ت، پوخته‌یه‌کى ده‌رباره‌ى پلانى وه‌زاره‌ت بۆ ئاماده‌کردنى ڕاپۆرتێک سه‌باره‌ت به‌ پێشبینیى داهات و خه‌رجییه‌ گشتییه‌کان له‌ هه‌رێمى کوردستان بۆ ساڵى 2017 پێشکه‌ش کرد و تیایدا ئه‌و هه‌نگاوانه‌ى خسته‌ ڕوو که‌ تا ئێستا له‌وباره‌یه‌وه‌ نراون و باسى له‌ ڕۆڵى وه‌زاره‌ت و دامه‌زراوه‌کانى حکوومه‌ت له‌ جێبه‌جێکردنى ئه‌م پڕۆژه‌یه‌دا کرد.

له‌مباره‌یه‌وه‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران وه‌زاره‌ت و دامه‌زراوه‌کانى هه‌رێمى کوردستانى ڕاسپارد که‌ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ پشتیوانیى وه‌زاره‌تى دارایى و ئابوورى بکه‌ن و زانیاریى پێویست له‌سه‌ر خه‌رجى و داهاته‌کانیان بخه‌نه‌ به‌رده‌م وه‌زاره‌ت تاکو له‌به‌ر ڕۆشنیایى ده‌ره‌نجامى ئه‌و ڕاپۆرته‌، بارى داراییى هه‌رێمى کوردستان بۆ ساڵى 2017 ڕێکبخرێته‌وه‌.

ئینجا هه‌ریه‌که‌ له‌  مه‌حمود حاجى ساڵح وه‌زیرى کاروبارى شه‌هیدان و ئه‌نفالکراوان و د. محه‌مه‌د هاودیانى وه‌زیرى کار و کاروبارى کۆمه‌ڵایه‌تی، باسێکیان ده‌رباره‌ى سه‌ردانى فه‌رمیى شاندێکى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان بۆ هه‌ردوو وڵاتانى سوید و جۆرجیا پێشکه‌ش کرد. 

شانده‌که‌ له‌و سه‌ردانه‌یدا که‌ به‌مه‌به‌ستى سووده‌وه‌رگرتن له‌ ئه‌زموونه‌ سه‌رکه‌وتووه‌کانى ئه‌و وڵاتانه‌ بوو، له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌ ‌سویدییه‌کان له‌سه‌ر به‌گه‌ڕخستن و دابینکردنى داوده‌رمان بۆ ئه‌و نه‌خۆشخانه‌یه‌ى بۆ چاره‌سه‌رى به‌رکه‌وتوانى چه‌کى کیمیایى ‌له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ دروست کراوه‌ ڕێککه‌وتن، هه‌روه‌ها داوایان له‌ لایه‌نه‌ سویدییه‌کان کردووه‌ بۆ لێکۆڵێنه‌وه‌ له‌ ئه‌نجامى به‌کارهێنانى چه‌کى کیمیایى له‌ کوردستان و چۆنیه‌تیى مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ ‌ئه‌نجامه‌کانیدا، هاوکاریى هه‌رێمى کوردستان بکه‌ن. شانده‌که‌ له‌ ‌نزیکه‌وه‌ ئاگادارى چۆنیه‌تیى کارکردنى سیسته‌مى سۆسیالى سویدى و شێوازى کارى که‌رتى تایبه‌ت له‌ جۆرجیا و ئه‌زموونه‌ سه‌رکه‌وتووه‌کانیان له‌م بوارانه‌دا بوون.

لاى خۆیه‌وه‌ سه‌رۆک وه‌زیران ده‌ستخۆشى له‌ سه‌ردانى شانده‌که‌ کرد و گرنگیى به‌دواداچوونى ئه‌نجامى سه‌ردانه‌کان و ئه‌و لێکگه‌یشتنانه‌ى له‌ سه‌ردانه‌کاندا ئیمزا ده‌کرێت بۆ سوودوه‌رگرتن له‌ ئه‌زموونى وڵاتان خسته‌ ڕوو، به‌تایبه‌تیش له‌و‌ بوارانه‌دا که‌ بۆ هه‌رێمى کوردستان پێویستن، هه‌روه‌ها گرنگیى هه‌ماهه‌نگى له‌نێوان لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌کانى حکوومه‌ت له‌ سه‌ردانه‌کان و زۆرترین سوودوه‌رگرتن له‌ ئه‌زموونى سه‌رکه‌وتووى وڵاتان، دووپات کرده‌وه‌.

سه‌رۆک وه‌زیران هه‌روه‌ها وه‌زاره‌تى کاروبارى شه‌هیدان و ئه‌نفالکراوانى ڕاسپارد که‌ به‌ هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌‌تى ته‌ندروستى له‌گه‌ڵ نه‌خۆشخانه‌کانى کۆمارى ئیسلامیى ئێران هه‌ماهه‌نگى بکه‌ن بۆ چاره‌سه‌رى به‌رکه‌وتوانى چه‌کى کیمیایى که‌ له‌م بواره‌دا شاره‌زاییان هه‌یه‌.

له‌ دوایین بڕگه‌ى کۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیراندا وه‌زیرى کاروبارى شه‌هیدان و ئه‌نفالکراوان، ڕاپۆرتێکى ده‌رباره‌ى هه‌نگاوه‌کانى وه‌زاره‌ت پاش قه‌یرانى دارایى و ڕێکخستنه‌وه‌ى په‌یکه‌رى کارگێڕیى وه‌زاره‌ت و که‌مکردنه‌وه‌ى خه‌رجییه‌کان پێشکه‌ش کرد.

تیایدا تیشکى خسته‌ چه‌ند هه‌نگاوێک وه‌ک که‌مکردنه‌وه‌ى فه‌رمانگه‌ و‌ یه‌که‌ کارگێڕییه‌کان و ژماره‌ى کارمه‌ندان و گرێبه‌سته‌کان، که‌مکردنه‌وه‌ى کرێى ده‌زگاکانى وه‌زاره‌ت، نه‌هێشتنى مووچه‌ى ئه‌وانه‌ى زیاتر له‌ مووچه‌یه‌ک به‌ شێوه‌یه‌کى نایاسایى له‌ شوێنه‌کانى دیکه‌ وه‌رده‌گرن، هه‌روه‌ها لێکۆڵینه‌وه‌ و وردبینیکردن له‌و که‌یسانه‌ى به‌ نایاسایى و بێ ئه‌وه‌ى شایسته‌ بن سوود له‌ شایسته‌ داراییه‌کانى که‌سوکارى شه‌هیدان و ئه‌نفالکراوان وه‌رده‌گرن، له‌گه‌ڵ خستنه‌ڕووى خشته‌ و ئامارێکى وردى ئه‌وانه‌ى به‌ ناونیشانى جیا مووچه‌ له‌ وه‌زاره‌ت وه‌رده‌گرن وه‌ک که‌سوکارى شه‌هیدان، ئه‌نفالکراوان، زیندانى سیاسى و به‌خێوکه‌ران.

ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران پشتیوانیى خۆى بۆ به‌رنامه‌ى هاوبه‌شى وه‌زاره‌تى کار و کاروبارى کۆمه‌ڵایه‌تى و بانکى نێوده‌وڵه‌تى بۆ چاکسازیى بنه‌ڕه‌تى له‌ بواره‌کانى هاوکاریى کۆمه‌ڵایه‌تیدا دووپات کرده‌وه‌ به‌ جۆرێک ته‌نها که‌سانى شایسته‌ که‌ هه‌ژارن و پێویستییان به‌و هاوکارییه‌ هه‌یه‌،‌ سوودمه‌ند بن.

له‌ کۆتاییدا ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران وه‌زاره‌تى پلاندانانى ڕاسپارد به‌ شێوه‌یه‌کى وه‌رزى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران له‌ به‌ره‌وپێشچوون و به‌ربه‌سته‌کانى به‌رده‌م جێبه‌جێکردنى نه‌خشه‌ڕێگاى چاکسازیى ئابوورى که‌ ساڵى پار به‌ هاوکاریى تیمى بانکى نێوده‌وڵه‌تى ئاماده‌ کرابوو، ئاگادار بکاته‌وه‌.


زۆرترین خوێندراو