نێچیرڤان بارزان و شاندێکى کۆنگرێسى ئه‌مه‌ریکا کۆده‌بنه‌وه‌

2/22/2017 3:53:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز









پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 22 ى شوباتى 2017 ،نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان، پێشوزاى له‌ شاندێکى کۆنگرێسى ئه‌مه‌ریکا به‌ سه‌رۆکایه‌تیى جۆ وێڵسن ئه‌ندامى کۆنگرێس و شاندێکى دیپلۆماسى و سه‌ربازیى یاوه‌رى کرد.

له‌ دیدارێکدا که‌ قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆک وه‌زیران و ژماره‌یه‌ک له‌ به‌رپرسانى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان ئاماده‌ى بوون، وێڵسن خۆشحاڵى به‌ دووه‌م سه‌ردانى خۆى و پێشکه‌وتنه‌کانى هه‌رێمى کوردستان ده‌ربڕى و ڕۆڵى خه‌ڵک و حکوومه‌ت و پێشمه‌رگه‌ى کوردستانى له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تیرۆر و پاراستنى هه‌موو پێکهاته‌کان به‌رز نرخاند، هه‌روه‌ها پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشى بۆ که‌سوکارى شه‌هیدانى شه‌ڕى دژى تیرۆر ڕاگه‌یاند و هیواى زووچاکبوونه‌وه‌ى بۆ برینداران خواست.

له‌ به‌شێکى دیکه‌ى قسه‌کانیدا هیواى تۆکمه‌کردنى زیاترى په‌یوه‌ندییه‌کانى هه‌رێمى کوردستان و ئه‌مه‌ریکاى خواست و به‌رده‌وامیى هاوکارییه‌کانى وڵاته‌که‌یشى بۆ هه‌رێمى کوردستان دووپات کرده‌وه‌. دواتر شاندى میوان چه‌ند پرسیارێکیان سه‌باره‌ت به‌ چاکسازییه‌کانى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى قه‌یرانى دارایى و کێشه‌ هه‌ڵواسراوه‌کانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا ئاراسته‌ى به‌ سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان کرد.

لاى خۆیه‌وه‌ سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان سوپاسى ئه‌و سه‌ردانه‌ و هاوکارییه‌ به‌رده‌وامه‌کانى ئه‌مه‌ریکاى بۆ هه‌رێمى کوردستان کرد به‌تایبه‌تى له‌ شه‌ڕى دژى تیرۆرستانى داعش و ڕاهێنان و مه‌شقکردن به‌ پێشمه‌رگه‌ و هاوکارییکردنى ئاواره‌ و په‌نابه‌رانى ده‌ستى تیرۆر، دووپاتیشى کرده‌وه‌ که‌ به‌ هۆى قه‌یرانى داراییه‌وه‌ بارگرانییه‌کى زۆر بۆ هه‌رێمى کوردستان دروست بووه‌ و به‌غداش له‌م ڕووه‌وه‌ هاوکار نه‌بووه‌ و‌ هیواى خواست کۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى هاوکاریى زیاتر هه‌رێمى کوردستان بکات.

سه‌باره‌ت به‌ په‌یوه‌ندییه‌کانى نێوان هه‌رێم کوردستان و حکوومه‌تى فیدرال، ئاماژه‌ى به‌وه‌دا که‌ له‌ ڕووى سه‌ربازییه‌وه‌ هه‌ماهه‌نگییه‌کى باش له‌ نێوان هه‌ردوولادا هه‌یه‌ و په‌یوه‌ندییه‌کان ئاسایین، به‌ڵام له‌ بواره‌کانى دیکه‌دا به‌تایبه‌تى بۆ چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌ هه‌ڵواسراوه‌کان، هیچ پێشکه‌وتنێک دروست نه‌بووه‌. باسیشى له‌ هه‌وڵه‌کانى هه‌رێمى کوردستان کرد بۆ حه‌واندنه‌وه‌ى ئاواره‌کان و ڕازیکردنیان بۆ ئه‌وه‌ى له‌ وڵاتى خۆیاندا بمێننه‌وه‌ تاکو دواى ئازادکردنه‌وه‌ى ده‌ڤه‌ره‌کانیان بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر زێدى خۆیان، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش به‌ پێویستى زانى کۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى ڕۆڵى خۆى ببینێت.
 



زۆرترین خوێندراو