حکومه‌تى هه‌رێم وه‌ڵامى فۆکس نیوز ده‌داته‌وه‌

2/22/2017 3:59:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز








سه‌رۆکى لیژنه‌ى هه‌ڵسه‌نگاندن و وه‌ڵامدانه‌وه‌ى راپۆرته‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان له‌ حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان ڕایگه‌یاند هێزێکى تایبه‌ت به‌ کریستیان و ئێزیدییه‌کان دامه‌زراوه‌ که‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ سه‌رپه‌رشتیان ده‌کات و رۆڵێکى گرنگیان هه‌بووه‌ له‌ ئازادکردنه‌وه‌ى ناوچه‌کانیان.

هه‌ردوو تۆڕى هه‌واڵى ئه‌مریکى (فۆکس نیوز و ئینڤێستیگه‌یت پرۆجێکت) دوو راپۆرتیان ده‌رباره‌ى ناوچه‌ تازه‌ ئازادکراوه‌کانى ده‌ست داعش بڵاوکردۆته‌وه‌  له‌ ژێر ناونیشانى (حکومه‌تى هه‌رێم ڕێگرى له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ى کریستیان و ئێزیدییه‌کان ده‌کات بۆ سه‌ر زێدى خۆیان) له‌و دوو راپۆرته‌دا هێزى پێشمه‌رگه‌ى کوردستان به‌ میلیشیا وه‌سف کراوه‌ و حکومه‌تى هه‌رێمى تۆمه‌تبار ده‌کرێت به‌ درووستکردنى به‌ربه‌ست بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى هاووڵاتییه‌ ئێزیدى و کریستیانه‌کان بۆ ناوچه‌ تازه‌ ئازادکراوه‌کان و هێنان و بردنى که‌لوپه‌ل بۆ ئه‌م ناوچانه‌.

له‌م باره‌یه‌وه‌ د. دیندار زێبارى سه‌رۆکى لیژنه‌ى هه‌ڵسه‌نگاندن و وه‌ڵامدانه‌وه‌ى راپۆرته‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان رایگه‌یاند: هه‌رێمى کوردستان به‌ بارودۆخێکى ئابوورى سه‌خت و دژواردا تێپه‌ێ‌ ده‌بێت، به‌ڵام سه‌ره‌ڕاى ئه‌مه‌ش حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان هه‌وڵ ده‌دات به‌پێى توانا پێداویستیى ئه‌و ئاوارانه‌ى دابین بکات که‌ له‌ پێکهاته‌ ئایینى و مه‌زهه‌بیه‌ جیاجیاکانن و روویان له‌ هه‌رێمى کوردستان کردووه‌ به‌تایبه‌تى له‌ پارێزگاى نه‌ینه‌وا که‌ به‌شى هه‌ره‌ زۆریان له‌ کریستیان و ئێزیدى پێکهاتوون،  هه‌ر له‌م رووه‌وه‌  ئاژانسه‌کانى سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان  کوردستان به‌ په‌ناگه‌ى ئارامى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران وه‌سف ده‌که‌ن و ستایشى رۆڵى حکومه‌تى هه‌رێمیان کردووه‌ که‌ له‌ رێگاى داموده‌زگا فه‌رمییه‌کان و رێکخراوه‌ مرۆییه‌کانى هه‌رێم له‌وانه‌ش ده‌زگاى خێرخوازى بارزانى توانیویه‌تى باشترین خزمه‌تگوزارى پێشکه‌ش به‌ راگوێزراوان بکات و به‌ باشترین شێوه‌ که‌مپه‌کان به‌ڕێوه‌به‌رێت که‌ ژماره‌یان نزیکه‌ى ٢٠ که‌مپ ده‌بێت، هه‌روه‌ها دواى ده‌ستپێکردنى پرۆسه‌ى ئازادکردنى موسڵ به‌ هه‌زاران بریندار و نه‌خۆش له‌ نه‌خۆشخانه‌کانى هه‌رێمى کوردستان به‌تایبه‌تى له‌ هه‌ولێر و دهۆک چاره‌سه‌رى پێویستیان بۆ کراوه‌ و  ئۆفیسى رێکخه‌رى کاروبارى نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان (OCHA) له‌ راپۆرته‌کانیاندا ئاماژه‌یان به‌م لایه‌نه‌ کردووه‌ و ستایشى هه‌وڵه‌کانى حکومه‌تى هه‌رێمیان کردووه‌ له‌م رووه‌وه‌.

سه‌باره‌ت به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ى ئاواره‌کان بۆ سه‌ر زێدى خۆیان زێبارى وتی: به‌پێى زانیارییه‌کانى نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان به‌شێکى هاووڵاتیانى ئه‌م ناوچانه‌ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ سه‌ر ماڵ و زێدى خۆیان و ده‌زگاکانى حکومه‌تى هه‌رێم له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان له‌م باره‌یه‌وه‌ له‌ هه‌ماهه‌نگیدایه‌، به‌ڵام له‌ کاتى ده‌ستبه‌سه‌ردا گرتنى هه‌ر ناوچه‌یه‌ک داعش سیاسه‌تێکى تێکده‌رانه‌ ئه‌نجام ده‌دات و ئه‌و ناوچانه‌ى کۆنتڕۆڵى ده‌کات هه‌مووى مینڕێژ ده‌کات و بۆمب و ته‌قه‌مه‌نى زۆر پێشکه‌وتوویان به‌کارهێناوه‌ له‌ ته‌قاندنه‌وه‌ و وێران کردنى خانووه‌کان که‌ زۆریان دروستکراوى خۆیانن، هه‌روه‌ها بۆ ماوه‌یه‌ک ئه‌و ناوچه‌یه‌ گۆڕه‌پانى شه‌ڕێکى قورس و  بۆردومانى به‌رده‌وام بووه‌ به‌مه‌ش وێرانى و کاولکارییه‌کى زۆر روویداوه‌ و رێگربووه‌ له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ى دانیشتووانى ناوچه‌که‌. هۆکارێکى دیکه‌ى نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ى هاووڵاتیانى بۆ جێگاکانى خۆیان په‌یوه‌ندى به‌ بارودۆخى ئه‌منى و ته‌ندروستییه‌وه‌ هه‌یه‌ و ئه‌سته‌مه‌ له‌ ئێستادا ئه‌و خزمه‌تگوزارییه‌ پێویستیانه‌ به‌ ناوچه‌ تازه‌ ئازادکراوه‌کان بگات، جگه‌ له‌وه‌ى به‌شێکى زۆرى ناوچه‌که‌  تا ئێستاش به‌و بۆمب و ته‌قه‌مه‌نیانه‌ مینڕێژکراوه‌ که‌ داعش له‌ دواى خۆى دایناوه‌ و سه‌ره‌ڕاى هه‌وڵه‌کانى ده‌زگاى گشتى مین و تیمه‌کانى ئه‌ندازیارى بۆ پاککردنه‌وه‌ى به‌ هۆى زۆرى ژماره‌ى مینه‌کان مه‌ترسى له‌سه‌ر ژیانى هاووڵاتیان ماوه‌. 

دیندار زێبارى ئه‌وه‌شى راگه‌یاند: ئه‌م هۆکارانه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ى خه‌ڵکه‌که‌یان ئه‌سته‌م کردووه‌، به‌ڵام به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک هیچ بڕیارێک له‌لایه‌ن هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌ له‌ ئارادا نییه‌ سه‌باره‌ت به‌ رێگه‌ گرتن له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ى هاووڵاتیانى کریستیان و ئێزیدى بۆ سه‌ر زێدى خۆیان، چونکه‌ ژماره‌یه‌کى زۆر له‌و هاووڵاتیانه‌ى روویان له‌ وڵاتى سوریا کردبوو یان له‌ موسڵ مابوونه‌وه‌ روویان له‌ هه‌رێمى کوردستان کردووه‌ و له‌لایه‌ن داموده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌کانى هه‌رێمى وتا ئێستا زیاتر له‌ (2000) خێزان له‌ موسڵ یان له‌ وڵاتى سوریا هاتوون و له‌ ناوچه‌که‌ نیشته‌جێ کراون له‌ سالى 2016. به‌شێکیشیان چوونه‌ بۆ پارێزگاى دهۆک و هه‌ولێر و سلێمانى و له‌وێ نیشته‌جێ بوونه‌.

زێبارى ئاماژه‌ى به‌وه‌ کرد که‌ کریستیان و ئێزدییه‌کان هیچ میلیشیایه‌کى چه‌کدارییان نییه‌، به‌ڵکو هێزى فه‌رمییان هه‌یه‌ له‌سه‌ر میلاکى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ و له‌م باره‌وه‌ وتی: زۆربه‌ى ئه‌و ناوچه‌یه‌ى که‌ کریستیان و ئێزیدییه‌کان تێیدا نیشته‌جێ کراون ده‌که‌ونه‌ سنوورى ناوچه‌ کێشه‌ له‌سه‌ره‌کان، حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان هه‌وڵ ده‌دات گشت مافه‌کانیان ده‌سته‌به‌ر بکات و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ ڕه‌شنوسى هه‌رێمى کوردستان ده‌ڵێ: ئۆتۆنۆمى بۆ مه‌سیحیه‌کان و تورکومان و پێکهاته‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کانى تره‌، هه‌روه‌ها له‌ ساڵى 2014 و پاش شه‌ڕى تیرۆریستانى داعش و هێرشیان بۆ سه‌ر چه‌ند ناوچه‌یه‌کى کوردستان به‌ فه‌رمانێکى جه‌نابى سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان هێزێکى تایبه‌ت به‌ کریستیان و ئێزیدییه‌کان دامه‌زراوه‌ که‌ له‌ نزیکه‌ى (٤٠٠٠) پێشمه‌رگه‌ پێکهاتوون که‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌وه‌ سه‌رپه‌رشتیان ده‌کات و ڕاهێنان و چه‌ک و پێداویستى سه‌ربازیشیان بۆ دابین ده‌کات. ئه‌م هێزانه‌ له‌ دواى پرۆسه‌ى رزگار کردنى موسڵ رۆڵێکى گرنگیان هه‌بووه‌ له‌ ئازادکردنه‌وه‌ى ناوچه‌کانیان به‌تایبه‌تى له‌ شه‌ڕه‌کانى رۆژئاواى سارى موسڵ و باشیک و سنوورى شنگال وئێستا ژماره‌یه‌کى زۆر له‌ ئێزیدى و کریستیانه‌کان ئاماده‌یى خۆیان نیشانداوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى په‌یوه‌ندى به‌هێزه‌کانه‌وه‌ بکه‌ن، به‌ڵام تۆمار کردنى ناوه‌کانیان وه‌ستاوه‌ به‌هۆى قه‌یرانى دارایى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان.

سه‌رۆکى لیژنه‌ى هه‌ڵسه‌نگاندن و وه‌ڵامدانه‌وه‌ى راپۆرته‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان سه‌باره‌ت به‌ رێگا نه‌دان به‌ هێنان و بردنى که‌لوپه‌لى جۆراوجۆر بۆ ناوچه‌ تازه‌ ئازادکراوه‌کان گوتی: حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان رێگا ناگرێت به‌ هێنان و بردنى که‌لوپه‌ل بۆ ئه‌و ناوچانه‌ به‌ڵکو رێوشوێنى تایبه‌تى داناوه‌ له‌م رووه‌وه‌ و بۆ مه‌به‌سته‌ و له‌م باره‌وه‌ رێگا نادات به‌و ماددانه‌ى که‌ دوولایه‌نه‌ به‌کارده‌هێنرێن بچنه‌ ناوچه‌ تازه‌ ئازاد کراوه‌کان وه‌ک: په‌یینى کیمیاوى و یۆریا، چونکه‌ تیرۆریستان ده‌توانن سوودیان لێوه‌ربگرن، خه‌ڵکى ناوچه‌کان بۆیان هه‌یه‌ بچنه‌وه‌ ناوچه‌کانى خۆیان و هاتوچۆ بکه‌ن، له‌ هه‌مان کاتدا گشت داموده‌زگاکانى حکومه‌ت و  رێکخراو و لایه‌نه‌ مرۆییه‌کان بۆیان هه‌یه‌ بچنه‌ ناوچه‌که‌ بۆ پێشکه‌شکردنى هاوکارى و خزمه‌تگوزارییه‌ پێویسته‌کان. به‌ڵام وه‌رگرتنى ره‌زامه‌ندى بۆ هێنانى که‌لوپه‌لى بینا کردن و مه‌ڕو ماڵات، ده‌وه‌ستێته‌ سه‌ر داواکارى و پێداویستى ناوچه‌که‌.

 له‌ کۆتایى لێدوانه‌که‌یدا د. دیندار زێبارى سه‌رۆکى لیژنه‌ى هه‌ڵسه‌نگاندن و وه‌ڵامدانه‌وه‌ى راپۆرته‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان رایگه‌یاند: حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان و هێزه‌ ئه‌منییه‌کان رێگایان له‌ ئێزیدى و کریستیان و پێکهاته‌کانى دیکه‌ نه‌گرتووه‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ سه‌ر زێدى خۆیان، به‌ڵام رێوشوێنى تایبه‌ت له‌ هه‌ندێک شوێن ده‌گیرێته‌ به‌ر بۆ پاراستنى گیانى هاووڵاتیان و ئاسایشى ئه‌و ناوچانه‌، هه‌روه‌ها به‌پێى توانا درێغى نه‌کردووه‌ له‌ پێشکه‌شکردنى خزمه‌تگوزارییه‌کان به‌ ئاواره‌کان و به‌رده‌وامه‌ له‌و خزمه‌تگوزاریانه‌ به‌ هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان به‌تایبه‌تى ئاژانسه‌کانى سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان که‌ له‌ به‌یاننامه‌ و لێدوانه‌کانیاندا ئاماژه‌یان به‌م کارانه‌ى حکومه‌ت کردووه‌ و ستایشى ئه‌م هه‌وڵانه‌یان کردووه‌.


زۆرترین خوێندراو