لیژنه‌ی سه‌لامه‌تی باڵه‌خانه‌و شوێنه‌ گشتیه‌کانى سلێمانی ده‌ست به‌کار ده‌بێته‌وه

2/22/2017 4:30:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز









له‌ پێناو پاراستن و ڕێگریکردن له‌ کاره‌ساتی نه‌خوازراو له‌ ته‌لار و باڵه‌خانه‌کاندا به‌ فه‌رمانی قائیمقامی قه‌زای مه‌ڵبه‌ندی سلێمانی، لیژنه‌ی سه‌لامه‌تی باڵه‌خانه‌ و شوێنه‌ گشتیه‌کانی دووباره‌ ده‌ست به‌کار ده‌بێته‌وه‌.

ئارام علی حسێن سه‌رۆکی لیژنه‌ی سه‌لامه‌تی باڵه‌خانه‌ ڕایگه‌یاند: ئامانج له‌کاراکردنه‌وه‌ی ئه‌م لیژنه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ به‌دواداچوونی که‌موکورتیه‌کان له‌ ته‌لارو باڵه‌خانه‌کان و  ئاگادارکردنه‌وه‌ی خاوه‌نه‌که‌ی‌ و دانانی ماوه‌یه‌کی دیاریکروای پێویسته‌‌ چاره‌سه‌ری که‌موکورتیه‌کان بکات، ‌له‌ ئێستادا پڕۆژه‌کان و باڵه‌خانه‌کانی شاری سلێمانی به‌ شێوه‌یه‌کی ستوونی دروست ده‌کرێت‌ له‌ کاتی نه‌بوونی مه‌رج و ڕێنماییه‌کانی سه‌لامه‌تی کاره‌ساتی نه‌خوازراوی لێ ده‌که‌وێته‌وه که‌‌ ساڵانی ڕابردودا چه‌ندین ڕووداوی ناخۆش ڕوویداوه‌ که‌ ئه‌مه‌ش ئه‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ پابه‌ند نه‌بوون به‌ مه‌رج و ڕێنماییه‌کان.

ده‌رباره‌ی رۆژانی سه‌ردانه‌کانیان و ئه‌ندامانی لیژنه‌که‌ ئارام عمر وتی: رۆژانه‌‌ لیژنه‌که‌ سه‌ردانی ته‌لار و باڵه‌خانه‌ و شوێنه‌ گشتیه‌کان ده‌که‌ین، وله‌کاتی پابه‌ند نه‌بووندا له‌لایه‌ن  لیژنه‌ی باڵاوه‌ قائیمقام له‌ که‌مووکورتیه‌کان ئاگادار ده‌که‌ین تا ڕێکاری یاسایی به‌رامبه‌ر سه‌رپێچی کاره‌کان بگیرێته‌ به‌ر، لیژنه‌که‌مان پێک هاتوون له‌ نوێنه‌رانی قائیمقامیه‌ت، به‌رگری شارستانی، ئاسایش و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی کاره‌بای سلێمانی. 

سه‌باره‌ت به‌ غرامه‌ی سه‌رپێچی کار سه‌رۆکی لیژنه‌که‌ ئاماژه‌ی به‌ ئه‌وه‌کرد‌: سزای سه‌رپێچیکار به‌پێی جۆری پابه‌ند نه‌بوونیه‌تی به‌ مه‌رج و ڕێنمایه‌کانی سه‌لامه‌تی باڵه‌خانه‌کان که‌ به‌ غرامه‌ ده‌ست پێده‌کات و به‌ داخستنی شوێنه‌که‌ کۆتایی دێت پاش ئه‌وه‌ی له‌ دادگا بڕیاری له‌سه‌رده‌دات.

شایانی باسه‌ پێشتر لیژنه‌ی سه‌لامه‌تی باڵه‌خانه‌کان یه‌کێک بوو له‌ لیژنه‌ کاراکانی لیژنه‌ هاوبه‌شه‌کانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی سه‌ردانی ژماره‌یه‌کی زۆری باڵه‌خانه‌ و شوێنه‌ گشتیه‌کانیان کردووه‌ و چه‌ندین ئاگادارکردنه‌وه‌ و پسوڵه‌ی سه‌رپێچیان بۆ خاوه‌نی باڵه‌خانه‌کان کردووه‌ که‌ پابه‌ندی ڕینماییه‌کان نه‌بوون. 


زۆرترین خوێندراو