حکومه‌تى هه‌رێم وه‌ڵامى ڕاپۆرتى ساڵانه‌ى ڕێکخراوى لێبوردنى نێوده‌وڵه‌تى ده‌داته‌وه‌

2/23/2017 4:00:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز








ڕێکخراوى لێبوردنى نێوده‌وڵه‌تى له‌ ڕێکه‌وتى 22-2-2017 ڕاپۆرتى ساڵانه‌ى خۆى ده‌رکردووه‌ سه‌باره‌ت به‌ ڕه‌وشى مافى مرۆڤ له‌ جیهان. له‌به‌شێکى ڕاپۆرته‌که‌یدا که‌ تایبه‌ته‌ به‌ عێراق و هه‌رێمى کوردستان رێکخراوى ناوبراو له‌ باره‌ى چه‌ند پرسێکه‌وه‌ ڕه‌خنه‌ ئاراسته‌ى هه‌رێمى کوردستان ده‌کات  له‌وانه‌ پێشێلکردنى ئازادى میدیا و کارى ڕۆژنامه‌گه‌رى له‌ هه‌رێمى کوردستان، و له‌م رووه‌وه‌ ئاماژه‌ به‌ که‌یسى رۆژنامه‌نووس ویداد حسێن ده‌کات، هه‌روه‌ها له‌ باره‌ى مامه‌ڵه‌ کردنى داموده‌زگا ئه‌ منییه‌کانى هه‌رێم له‌گه‌ڵ ئه‌و که‌سانه‌ى به‌ تۆمه‌تى تیرۆر تێوه‌گلاون و ده‌ستگیر کردنى ژماره‌یه‌کى زۆرى هاووڵاتیانى عه‌ره‌بى سوننه‌، له‌ لایه‌کى دیکه‌وه‌ راپۆرته‌که‌ تیشک ده‌خاته‌ سه‌ر که‌یسى باسیمه‌ ده‌روێش و مانه‌وه‌ى بێ دادگایى کردن له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌کانه‌وه‌.

له‌م باره‌وه‌ لیژنه‌ى هه‌ڵسه‌نگاندن و به‌دواداچوونى راپۆرته‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان له‌ ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران به‌یاننامه‌یه‌کى سه‌باره‌ت به‌ راپۆرته‌که‌ بڵاوکرده‌وه‌ ئه‌مه‌ش ده‌قه‌که‌یه‌تی:

لیژنه‌ى هه‌ڵسه‌نگاندن و به‌دواداچوونى راپۆرته‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان ئه‌و راپۆرتانه‌ى که‌ له‌ لایه‌نه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان ده‌رده‌چن سه‌باره‌ت به‌ هه‌رێمى کوردستان به‌رز ده‌نرخێنێت به‌تایبه‌تى ئه‌گه‌ر ناوه‌ڕۆکى راپۆرته‌کان بابه‌تى بن چونکه‌ ده‌بنه‌ هۆکارى به‌دواداچوونى ورد به‌ ره‌وشى مافه‌کانى مرۆڤ و حوکمڕانى له‌ هه‌رێمى کوردستان، سه‌باره‌ت به‌ راپۆرتى ساڵانه‌ى ڕێکخراوى لێبوردنى نێوده‌وڵه‌تى له‌ ڕێکه‌وتى 22-2-2017 بڵاوکراوه‌ته‌وه‌، ئێمه‌ وه‌ک لیژنه‌ى به‌دواداچوونى راپۆرته‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان تێبینى و سه‌رنجه‌کانى خۆمان سه‌باره‌ت به‌و که‌یسانه‌ى که‌ باس کراون به‌م شێوه‌یه‌ ده‌خه‌ینه‌ روو:

یه‌که‌م: ئازادى میدیا و ڕاده‌ربڕین
له‌ کوردستان ئازادى ڕاگه‌یاندن و ڕاده‌ربڕین به‌ پێى یاسا رێکخراوه‌ و به‌ سوود وه‌رگرتن له‌ یاسا‌ به‌ سه‌دان ڕۆژنامه‌ و گۆڤار و ڕادیۆ و ته‌له‌فزیۆن هه‌ن له‌ هه‌رێمى کوردستان که‌ به‌پێى ڕێوشوێنى تایبه‌ت مۆڵه‌تى کارکردنیان هه‌یه‌ و مافى ڕۆژنامه‌نووس و میدیاکاران به‌ پێى یاسا پارێزراوه‌. له‌ کاتى بوونى هه‌ر حاڵه‌تێک که‌ دژ به‌ ڕێنماییه‌کانى ڕۆژنامه‌گه‌رى له‌ هه‌رێمى کوردستان و پێشێلکردن بێت یان بچێته‌ خانه‌ى ته‌شهیر و ناوزڕاندن ئه‌وا کار به‌ یاساى سزادانى عێڕاقى ژماره‌ (111)ى ساڵى 1969ى هه‌موارکراو ده‌کرێت.
 
هه‌رکاتێک رۆژنامه‌نووس یان ده‌زگایه‌کى میدیایى به‌رپرس بێت له‌ پێشێلکردنى یاسا ئه‌وا له‌لایه‌ن ده‌زگا ئه‌منییه‌کانه‌وه‌ ده‌ستگیر ناکرێت، چونکه‌ به‌پێى یاساى ڕۆژنامه‌نووسى ژماره‌ (35)ى ساڵی2007 تایبه‌ت به‌ کارى رۆژنامه‌وانى ناکرێت هیچ رۆژنامه‌نووسێک ده‌ستگیر بکرێت به‌بێ بڕیارى دادگا و ره‌زامه‌ندى سه‌ندیکاى رۆژنامه‌نووسانى کوردستان.
که‌یسى رۆژنامه‌نووس ویداد حوسێن

ویداد حوسێن رۆژى 13-8-2016 له‌ شارى دهۆک له‌لایه‌ن چه‌ند که‌سێکى نه‌ناسراوه‌وه‌ رفێندراوه‌، کاتژمێر (١٢)له‌ نزێک گوندى سێجێ به‌ بریندارى دۆزراوه‌ و دواى ئه‌وه‌ى ره‌وانه‌ى نه‌خۆشخانه‌ى فریاکه‌وتنى دهۆک کراوه‌، به‌داخه‌وه‌ له‌به‌ر سه‌ختى برینه‌که‌ى گیانى له‌ ده‌ستدا. دواى رووداوه‌که‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى پۆلیسى هه‌رێم به‌ بڕیارى ژماره‌ (23793) و له‌سه‌ر بنه‌ماى رێنماییه‌کانى جه‌نابى سه‌رۆکى هه‌رێم له‌ (14-8-2018) لیژنه‌یه‌کى لێکۆڵینه‌وه‌ به‌ سه‌رۆکایه‌تى موقه‌ده‌مى مافپه‌روه‌ر(عصمت فرج محمد صالح) به‌ڕێوه‌به‌رى نه‌هێشتنى تاوانى دهۆک، ئه‌ندامیه‌تى هه‌ریه‌که‌ له‌ رائیدى مافپه‌روه‌ر (وڵات صدیق ابراهیم) ئه‌فسه‌رى نووسینگه‌ى کوشتن و رائیدى مافپه‌روه‌ر (بهدین سربست علی) ئه‌فسه‌رى نووسینگه‌ى نه‌هێشتنى تاوانى سێمێل له‌سه‌ر چۆنیه‌تى رفاندن و کوشتنى رۆژنامه‌نووسى ناوبراو پێکهێنرا. به‌پێى لێدوانه‌کانى ئه‌ندامانى لیژنه‌که‌ و دواى لێکۆڵینه‌وه‌کان ده‌رکه‌وت که‌ (ویداد حوسێن) رۆژى 13-8-2016 له‌ شارى دهۆک له‌لایه‌ن دوو ئۆتۆمبیلى جۆرى کیا تایبه‌ت ره‌نگى ره‌ش و ئۆپترا تایبه‌ت ره‌نگى سپى رفێندراوه‌، کاتژمێر (١٢) ناوبراو له‌ نزیک گوندى سێجێ به‌ بریندارى دۆزراویه‌وه‌ له‌ لایه‌ن موختارى گونده‌که‌ و به‌پێى وته‌کانى موختار که‌ ئه‌و یه‌که‌م که‌س بووه‌ گه‌یشتووه‌ته‌ سه‌ر ویداد حوسێن و پرسیارى لێکردووه‌ له‌ وه‌ڵامدا ته‌نها گوتوویه‌تى که‌ ئه‌و دانیشتووى شارى دهۆکه‌، ئینجا موختار په‌یوه‌ندى به‌ پۆلیس کردووه‌ بۆ گواستنه‌وه‌ى و دواتر ره‌وانه‌ى نه‌خۆشخانه‌ى فریاکه‌وتنى دهۆک کراوه‌، به‌ڵام به‌هۆى سه‌ختى برینه‌که‌ى له‌ نه‌خۆشخانه‌ گیانى له‌ ده‌ستدا،
دواتر چه‌ند که‌سێکى گومان لێکراو  ده‌ستگیر کران و گوته‌یان لێوه‌رگیرا، هه‌روه‌ها گوته‌ى (5) که‌سى نزیک له‌ شوێنى رووداوه‌که‌ وه‌ک شاهید تۆمار کرا و په‌راوى که‌یسه‌که‌ ره‌وانه‌ى دادگاى تاوان کراوه‌، دواتر دادوه‌ر به‌پێى مادده‌ى (406/ی.س)  له‌ یاساى سزادانى عێراقى ژماره‌ (١١١ ى ساڵى ١٩٦٩ى هه‌موار کراو) بڕیاریدا به‌ ده‌ستگیرکردنى تاوانبارى نه‌ناسراو و هێشتنه‌وه‌ى دۆسییه‌که‌ به‌ کراوه‌یى و به‌رده‌وام بوونى لێکۆڵینه‌وه‌کان تا کاتى دۆزینه‌وه‌ى به‌ڵگه‌ى ته‌واو له‌سه‌ر ئه‌نجامده‌رانى تاوانه‌که‌.

به‌پێى به‌دواداچوونه‌ سه‌ره‌تاییه‌کانى پۆلیسى نه‌هێشتنى تاوانى دهۆک خزم و که‌سى (ویداد حوسێن) سکاڵایان له‌سه‌ر هیچ که‌سێک به‌رز نه‌کردۆته‌وه‌، بۆیه‌ وه‌ک حاڵه‌تێکى ئاسایى به‌پێى یاسا له‌ کاتى نه‌بوونى هیچ سکاڵایه‌ک داموده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌کانى حکومه‌ت وه‌ک مافى گشتى له‌رووى یاساییه‌وه‌ مافى جوڵاندنى داواى سزاییان هه‌یه‌.

دووه‌م: ده‌ستگیر کردنى ئه‌و که‌سانه‌ى له‌ تۆمه‌تى تیرۆر تێوه‌گلاون
له‌گه‌ڵ هاتنى راگوێزراوان بۆ ساتره‌کانى هێزى پێشمه‌رگه‌ وه‌ک رێوشوێنێکى ئه‌منى ته‌نیا پیاوه‌کان ده‌پشکێندرێن ئه‌ویش پشکنینێکى زۆر ئاساییه‌ بۆ دڵنیابوون له‌ نه‌بوونى که‌سانى تیرۆریست و خۆکوژ له‌ نێویاندا، دواتر ده‌گوازرێنه‌وه‌ بۆ سه‌نته‌ره‌کانى پێشوازى. دواى گواستنه‌وه‌ى راگوێزراوان بۆ سه‌نته‌رى پێشوازى  له‌وێش ته‌نیا پیاوه‌کان ده‌پشکێندرێن و به‌هیچ شێوه‌یه‌ک پشکنین بۆ ئافره‌تان ئه‌نجام نادرێت، ته‌نانه‌ت خودى رێکخراوه‌کانى نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان گله‌یى ئه‌وه‌یان کردووه‌ که‌ بۆچى ئافره‌ته‌کان ناپشکێندرێن، به‌ڵام به‌هۆى ره‌چاوکردنى دابونه‌ریتى کۆمه‌ڵایه‌تى و حورمه‌تى خه‌ڵکه‌که‌ تا ئێستا ئافره‌ته‌ راگورێزراوه‌کان پشکنینیان بۆ ئه‌نجام نادرێت.

زۆر جار له‌ کاتى روودانى شه‌ێ‌ هه‌ندێک که‌س ده‌ستگیر کراون، به‌ڵام دواى ئه‌نجامدانى لێکۆڵینه‌وه‌ ئه‌وانه‌ى که‌ بێتاوانن ئازاد ده‌کرێن و ئه‌وانه‌ى که‌ په‌یوه‌ندییان به‌ داعشه‌وه‌ هه‌بێت به‌پێى مادده‌ (٤)ى یاساى دژه‌ تیرۆر که‌ پێشتر کارى پێده‌کرا ره‌فتاریان له‌گه‌ڵدا کراوه‌، هه‌روه‌هاله‌ دواى ڕزگارکردنى هه‌ر ناوچه‌که‌ له‌لایه‌ن هێزى پێشمه‌رگه‌وه‌ دانیشتوانى  ناوچه‌که‌ وه‌ک رێوشوێنێکى ئاسایى کۆده‌کرانه‌وه‌ ئافره‌تان به‌جیا و پیاوانیش به‌ جیا، هه‌رکه‌سێک ده‌رکه‌وت که‌ په‌یوه‌ندى به‌ داعشه‌وه‌ هه‌بوبێت به‌پێى زانیارى هه‌واڵگرى وه‌ک (وێنه‌ یان تۆمارى ده‌نگى یان دوو شاهید) ئه‌و که‌سانه‌ ده‌ستبه‌سه‌ر ده‌کران و لێکۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌کرا بۆ ماوه‌ى (24) کاتژمێر دواتر ڕه‌وانه‌ى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى ئاسایشى ناوچه‌که‌ ده‌کران ئه‌گه‌ر دواى لێکۆڵینه‌وه‌ ده‌رکه‌وتبا که‌ په‌یوه‌ندییان به‌ تیرۆریستانه‌وه‌ هه‌یه‌ ڕه‌وانه‌ى دادگاى تایبه‌ت ده‌کرا و هه‌موو مافێکیان هه‌بوو و که‌سوکاریشیان له‌ ده‌ستگیر کردنى ئه‌و ته‌مه‌ته‌ى که‌ له‌سه‌ر ده‌ستگیر کراوه‌ ئاگادار ده‌کرانه‌وه‌ به‌پێى یاسا، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هیچ به‌ڵگه‌یه‌کى درووستیان له‌سه‌ر نه‌بێت ئه‌وا ئازاد ده‌کرا و ئه‌و رێوشوێنانه‌ى که‌ ده‌زگا ئه‌منییه‌کان ده‌یگرنه‌ به‌ر رێوشوێنێکى ئاساییه‌ له‌ هه‌ر شوێنێک له‌ کاتى جه‌نگدا به‌پێى یاسا و رێنماییه‌کان ئه‌نجام ده‌درێت.

به‌شێوه‌یه‌کى گشتی،  وه‌زاره‌تى ناوخۆى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان ده‌زگاى جێبه‌جێکردنى بڕیار وفه‌رمانه‌کانى داگاکانه‌ و هه‌ر که‌سێک فه‌رمانى ده‌ستگیر کردنى له‌ دادگا بۆ ده‌رنه‌چووبێت ده‌ستگیر ناکرێت، به‌پێى یاساى سزادانى عێراقى ژماره‌ (111)ى ساڵى 1969 ى هه‌موار کراو پاش ده‌رچوونى فه‌رمانى ده‌ستگیر کردن له‌لایه‌ن دادگاوه‌، تۆمه‌تبار ده‌ستگیر ده‌کرێت و هه‌موو رێکاره‌ یاساییه‌کانى به‌رامبه‌ر ده‌گیرێته‌ به‌ر به‌پێى یاساى بنه‌ماکانى دادگایى کردنى سزایى (اصول المحاکمات الجزائیه‌) ژماره‌ (23)ى ساڵى 1971ى هه‌موار کراو، به‌م پێیه‌ش وه‌زاره‌تى ناوخۆ ده‌سه‌ڵاتى گرتن و ئازاد کردنى که‌سى نییه‌ ئه‌گه‌ر دادگا فه‌رمانى ده‌ستگیر کردنى نه‌دات.

دواى ئه‌وه‌ى راگیراو حوکمى له‌ دادگاوه‌ بۆ ده‌ره‌دچێت ره‌وانه‌ى داموده‌زگاکانى وه‌زاره‌تى ناوخۆ ده‌کرێ بۆ سه‌پاندنى سزاکه‌ى به‌پێى رێوشوێنه‌ کارپێکراوه‌کان، به‌ڵام ئه‌شکه‌نجه‌ نادرێ، چونکه‌ ئه‌شکه‌نجه‌دان تاوانه‌ به‌پێى یاساى سزاکانى عێراقى که‌ له‌ مادده‌ى (333) .به‌پێى مادده‌ (19) بڕگه‌ 12/ا ى ده‌ستوورى عێراق ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنى ئیدارى (حجز اداری) قه‌ده‌غه‌ کراوه‌ و ده‌سه‌ڵاتى به‌ند کردن ته‌نیا دراوه‌ته‌ دادوه‌ر.

که‌یسى (باسیمه‌ ده‌روێش)
سه‌باره‌ت به‌ که‌یسى (باسیمه‌ ده‌روێش) رۆژى سێشه‌ممه‌ رێکه‌وتى 21/2/2017 له‌ دادگاى تاوان/٢ ى هه‌ولێر پرۆسه‌ى دادگایى کردنى تۆمه‌تبار (باسیمه‌ ده‌روێش) که‌ به‌پێى مادده‌ (٣) بڕگه‌ (٧)ى یاساى دژه‌ تیرۆر ساڵى 2006 ده‌ستگیر کرابوو، دادگاکه‌ به‌ سه‌رۆکایه‌تى دادوه‌ر فازل عه‌باس و ئه‌ندامیه‌تى دادوه‌ران زرار هه‌رکى و دادیار حه‌مید به‌ڕێوه‌چوو، پاش وه‌رگرتنى ئیفاده‌کان له‌ تۆمه‌تبار، دادگا هه‌ڵسا به‌ دانانى مادده‌ (٢) بڕگه‌ (٨) که‌ بریتییه‌ له‌ داپۆشینى تاوان (تستر) له‌ جیاتى مادده‌ (٣) بڕگه‌ (٧)ى یاساى دژه‌ تیرۆر که‌ بریتییه‌ له‌ هه‌بوونى په‌یوه‌ندى به‌ گرووپه‌ تیرۆریستییه‌کانه‌وه‌. جێگرى داواکارى گشتى داواى کرد که‌ ناوبراو ئازاد بکرێت به‌پێى مادده‌ (دوو) بڕگه‌ (ج) له‌ یاساى بنه‌ماکانى دادگایى سزاى عێراقى ژماره‌ (٢٣ى ساڵى ١٩٧١)، پاش گفتوگۆى سه‌رۆک و ئه‌ندامانى دادگاکه‌ و له‌به‌ر نه‌بوونى به‌ڵگه‌ى ته‌واو له‌سه‌ر تاوانى ناوبراو، بڕیار درا به‌ ئازادکردنى (باسیمه‌ ده‌روێش) و بڕیاره‌که‌ش قابیلى ته‌میزه‌ له‌ دادگاى ته‌میز له‌ ماوه‌ى ٣٠ رۆژدا، پاش په‌سه‌ند کردنى له‌ دادگاى ته‌میز بڕیاره‌که‌ پله‌ى ته‌واو وه‌رده‌گرێت (الدرجه‌ القگعیه‌) و تاوانبار ئازاد ده‌کرێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر دادگاى ته‌میز به‌پێچه‌وانه‌وه‌ بڕیارى دادگاى تاوانى په‌سه‌ند نه‌کرد ئه‌وا ناوبراو سزا ده‌درێت به‌پێى یاسا، بۆیه‌ تا دادگاى ته‌میز بڕیارى کۆتایى خۆى ده‌دات ناوبراو ده‌مێنێته‌وه‌ له‌ بنکه‌ى چاکسازی.

له‌ کاتى مانه‌وه‌ى له‌ بنکه‌کانى گرتن و گواستنه‌وه‌ باسیمه‌ ده‌روێش هه‌موو مافێکى یاسایى هه‌بوو، دیاره‌ پرۆسه‌ى دادگایى کردن له‌ هه‌ر سیسته‌مێکى یاسایى له‌ هه‌ر وڵاتێکدا بێت قورسه‌ و کاتى زۆرى ده‌وێ به‌تایبه‌تى ئه‌گه‌ر هاتوو که‌یسه‌کان په‌یوه‌ندییان به‌ ئاسایشى نیشتمانییه‌وه‌ هه‌بێت، سیسته‌مى یاسایى هه‌رێمى کوردستان چه‌ند رێوشوێن و رێکارى یاسایى هه‌ن پێویسته‌ که‌ په‌یڕه‌و بکرێن له‌ کاتى یه‌کلا کردنه‌وه‌ى که‌یسه‌کاندا، بۆیه‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان وه‌ک هه‌ر ده‌ستگیرکراوێک مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ که‌یسى  باسیمه‌ ده‌روێشدا  کردووه‌ و هه‌موو مافێکى یاسایى پێ به‌خشراوه‌ به‌پێى یاسا وه‌ک دابینکردنى پارێزه‌ر و رێگادان به‌ سه‌ردانى که‌سوکاری، هه‌روه‌ها رێکخراوه‌ مرۆییه‌کانیش به‌ به‌رده‌وامى سه‌ردانیان کردووه‌ و به‌دواداچوونى وردیان بۆ ئه‌م که‌یسه‌ کردووه‌.

سیستمى یاسایى له‌ کوردستان رێره‌وى خۆى گرتووه‌ و ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى بێلایه‌نه‌ و پابه‌نده‌ به‌ جێبه‌جێکردنى یاسا و پاراستنى پرنسیپه‌کانى مافى مرۆڤى نێوده‌وڵه‌تی، وله‌م بواره‌وه‌ داموده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌کانى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان رێگاخۆشکه‌ر بوونه‌ بۆ ئه‌وه‌ى مافى یاسایى هه‌موو هاووڵاتیانى هه‌رێمى کوردستان ده‌دات و به‌بێ جیاوازى مسۆگه‌ر بکه‌ن.

سێیه‌م: ئازادى هاتوچۆى راگوێزراوه‌کان
داموده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌کانى هه‌رێمى کوردستان رێگا له‌ هاتوچۆى ئاواره‌ و په‌ناباران ناگرن، به‌ڵام به‌ هۆى به‌رده‌وامى شه‌ڕى داعش و مه‌ترسى ئه‌منى هێزه‌کانى ئاسایشى ناوخۆ هه‌ندێک ڕێوشوێنى ئه‌منیان گرتووه‌ته‌به‌ر به‌تایبه‌ت له‌ هه‌ندێ ناوچه‌ى دیاریکراو که‌ زۆرترین مه‌ترسى دزه‌کردنى تیرۆریستانى له‌سه‌ره‌، ئه‌م ڕێوشوێنانه‌ش زیاتر بۆ هاووڵاتییه‌ عه‌ره‌به‌کانه‌ به‌ مه‌به‌ستى ڕێگه‌گرتن له‌ دزه‌کردنى تیرۆریستان بۆ  ناو کوردستان، خاڵه‌کانى پشکنین دوابه‌دواى وردبینکردن له‌ دۆکیومینته‌کانى ئه‌و خێزانانه‌ و دڵنیابوون له‌ بێتاوانیان له‌لایه‌ن هۆبه‌ى خاڵه‌کانى پشکنینه‌وه‌ به‌ ئۆتۆمبێلى تایبه‌ت که‌ له‌لایه‌ن رێکخراوه‌ مرۆیىه‌کان و کۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نیه‌وه‌ ئاماده‌کراون ده‌گوازرێنه‌وه‌ بۆ که‌مپه‌کان.
له‌ نێو که‌مپه‌کانیشدا لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان بۆ پاراستنى ئاسایشى که‌مپه‌کان چه‌ند رێوشوێنى تایبه‌ت ده‌گرنه‌ به‌ر بۆ هاتوچۆى راگوێزراوان بۆ ده‌ره‌وه‌ى که‌مپه‌کان ته‌نانه‌ت مۆڵه‌تى ئه‌وه‌شیان پێ ده‌درێت که‌ له‌ شاره‌کاندا کار بکه‌ن و له‌م رووه‌وه‌ ئاسانکارى زۆریشیان بۆ ده‌که‌ن، به‌شێوه‌یه‌کى گشتى ئاواره‌ و راگوێزراوان ئازادن له‌ هاتوچۆ کردن و بنکه‌ى ته‌ندروستییان هه‌یه‌، به‌ڵام هه‌ر  که‌سێک پێویستى به‌ چاره‌سه‌ر بێت و له‌ که‌مپه‌که‌ چاره‌سه‌ر نه‌کرێت ئه‌وا ده‌نێردرێنه‌ نه‌خۆشخانه‌کانى پارێزگاکانى هه‌رێم بۆ چاره‌سه‌ر کردن.


 
سکرتاریه‌تى لیژنه‌ى هه‌ڵسه‌نگاندن و وه‌ڵامدانه‌وه‌ى راپۆرته‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان
٢٣-٢-٢٠١٧


زۆرترین خوێندراو