حکومه‌تى هه‌رێم و وڵاتى که‌نه‌دا جه‌خت له‌سه‌ر به‌رده‌وامى هاوکاریه‌کان ده‌که‌نه‌وه‌

2/26/2017 4:07:00 PM
جەماوەر نیوز
 جه‌ماوه‌رنیوز







پێش نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ 26 ى شوباتى 2017، قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆک وه‌زیران، له‌ هه‌ولێر، پێشوازى له‌ مێرى کلاود بیبو وه‌زیرى گه‌شه‌پێدانى نێوده‌وڵه‌تى که‌نه‌دا و وه‌فدى یاوه‌رى کرد.

له‌ کۆبونه‌وه‌که‌دا که‌ ، فه‌لاح مسته‌فا به‌رپرسى فه‌رمانگه‌ى په‌یوه‌ندیه‌کانى ده‌ره‌وه‌ى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان ئاماده‌ى بوو، جێگرى سه‌رۆک وه‌زیران پاش به‌خێرهاتنى وه‌فده‌که‌، سوپاسى که‌نه‌داى کرد که‌ هه‌میشه‌ هاوکار و پاڵپشتى حکومه‌ت و گه‌لى کوردستان بووه‌، به‌تایبه‌تى له‌ شه‌ڕى دژ به‌ تیرۆریستانى داعش، و داواى لێ کردن  دواى کۆتایى هێنان به‌ داعش به‌رده‌وام بن له‌ هاوکارى و هه‌ماهه‌نگى هه‌رێمى کوردستان.


دواتر به‌وردى تیشکى خسته‌ سه‌ر چاکسازیه‌کانى حکومه‌تى هه‌رێم له‌ سێکته‌ره‌ جیاجیاکاندا بۆ ده‌رباز بوون له‌ قه‌یرانى دارایى و دووپاتیکرده‌وه‌، به‌ ئیراده‌یه‌کى به‌هێزه‌وه‌ ده‌ستى به‌ چاکسازى کردووه‌ و قۆناغى باشى بڕیوه‌، وبه‌م نزیکانه‌ به‌شێکى زۆرى هه‌نگاوه‌کان جێبه‌جێ ده‌بن و سووده‌کانیان به‌دیده‌کرێن.

سه‌باره‌ت به‌ شه‌ڕى تیرۆریستانى داعش، قوباد تاڵه‌بانى ئاماژه‌ى به‌ شکسته‌کانى ئه‌و گروپه‌ دا و گرنگى دواى ئه‌و قۆناغه‌ کرد و به‌ پێویستى زانى حکومه‌تى عیراق له‌ ڕووه‌ سیاسیه‌که‌وه‌ هه‌نگاوى جدیتر بنێت به‌ڕووى ئاشته‌وایى سیاسى و  جۆرى مامه‌ڵه‌ کردن له‌گه‌ڵ ئه‌و شارانه‌ى زۆرینه‌ سوننه‌ نشینن به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ى داعش داگیرى کردبوون، بۆ ئه‌وه‌ى هه‌ستى فه‌رامۆشکردنیان نه‌مێنێت و به‌شدارى ڕاسته‌قینه‌ بن له‌ ده‌سه‌ڵات و ناوه‌نده‌کانى بڕیار.

دووپاتیشیکرده‌وه‌ پێویسته‌ هۆکاره‌کانى دروستبوونى داعش بزانرێن و چاره‌سه‌ریان بۆ بدۆزرێته‌وه‌،چونکه‌ داعش رێکخراوێکى تیرۆریستیه‌ و له‌ عیراق دروست بووه‌، درۆستبوونیشى جگه‌ له‌ ئایدیاى توندره‌وی، هه‌ڵه‌ى سیاسى هۆکارێک بووه‌ بۆ گه‌شه‌کردنی.

لاى خۆیه‌وه‌، به‌رپرسى فه‌رمانگه‌ى په‌یوه‌ندیه‌کانى ده‌ره‌وه‌ى حکومه‌تى هه‌رێم ئاماژه‌ى به‌ گرنگى توندوتۆڵ کردنى په‌یوه‌ندییه‌ دووقۆڵیه‌کانى هه‌رێم و که‌نه‌داى کرد  وستایشى ڕۆڵى ئه‌و وڵاته‌ کرد له‌ هه‌مه‌هه‌نگى کردنمان له‌  شه‌ڕى داعش وپێشکه‌ش کردنى هاوکارى سه‌ربازى و مرۆیی، وئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ش کرد که‌ حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان به‌گرنگیه‌وه‌ ده‌ڕوانێته‌ پته‌وکردنى په‌یوه‌ندیه‌کانى له‌گه‌ڵ که‌نه‌دا و هه‌موو هه‌وڵه‌کانیان به‌رز ده‌نرخێنین.

وه‌زیرى گه‌شه‌ پێدانى نێوده‌وڵه‌تى که‌نه‌دا، سوپاسى قوباد تاڵه‌بانى کرد بۆ پێشوازى کردنیان، و ستایشى هه‌نگاوه‌کانى کردن بۆ ده‌رباز  بوون له‌ قه‌یرانه‌کان به‌ تایبه‌ت هه‌نگاوه‌کانى چاکسازى و به‌گرنگى زانى هه‌ماهه‌نگیه‌ فراوانتر  له‌ نێوان هه‌ردوولا دا هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان سوودى زیاتر له‌ ئه‌زموونى حکومه‌تى که‌نه‌دى وه‌ربگرێت، هیواشى خواست په‌یوه‌ندى نێوان هه‌ردوولا دواى داعشیش به‌رده‌وام بێت وستایشى رۆڵى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستانى کرد به‌وه‌ى که‌ هه‌نگاوى باشى ناوه‌ له‌مه‌سه‌له‌ى مافى مرۆڤ و به‌توانا کردنى هێزى ئافره‌تان وژنان و یه‌کسانى ڕه‌گه‌زى . ئاماده‌یى خۆشى ده‌ربڕى بۆ هاوکارى کردنى هه‌رێم له‌ دروستکردنى تواناى لۆکاڵى بۆ خزمه‌تکردنى هه‌رێمى کوردستان.
 



زۆرترین خوێندراو