4
7 حکوومه‌تى هه‌رێم چوار بڕیارى تایبه‌ت به‌پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌رده‌کات
16/3/2017
Increase text size Decrease text size

 جه‌ماوه‌رنیوز






سه‌رله‌به‌یانیى ئه‌مڕۆ پێنج شه‌ممه‌ 16-3-2017 به‌ سه‌رۆکایه‌تیى نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆک وه‌زیران و به‌ ئاماده‌بوونى قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆک وه‌زیران، ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان کۆبوونه‌وه‌ى ئاساییى خۆى ساز دا.

له‌ سه‌ره‌تاى کۆبوونه‌وه‌که‌دا سه‌رۆک وه‌زیران له‌ بیست و نۆیه‌مین ساڵیادى کاره‌ساتى کیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌ى شه‌هیددا، شه‌هیدانى هه‌ڵه‌بجه‌ى به‌بیرهێنایه‌وه‌ و هاوده‌ردى و هاوخه‌میى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى له‌گه‌ڵ که‌سوکارى قوربانیان و گه‌لى کورستان دووپات کرده‌وه‌ و کاره‌ساتى هه‌ڵه‌بجه‌ى به‌‌ برینێکى قووڵ له‌ جه‌سته‌ى کوردستاندا ناوه‌زه‌د کرد که‌ هه‌رگیز بیرناچێته‌وه‌.

پاشان کاژێر 11ى پێش نوه‌ڕۆ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران کۆبوونه‌وه‌که‌ى وه‌ستاند بۆ ئه‌وه‌ى له‌ ڕێوڕه‌سمى ساڵانه‌ى ئه‌و یاده‌دا بۆ ڕێزگرتن له‌ گیانى پاکى شه‌هیدان، له‌به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نى وه‌زیراندا به‌ ئاماده‌بوونى هه‌موو کارمه‌ندانى ئه‌نجومه‌نى ‌وه‌زیران به‌شدار بن.

له‌ ڕێوڕه‌سمه‌که‌دا یه‌کێک له‌ قوربانیانى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ ناوى مه‌ریه‌م هه‌ڵه‌بجه‌یى که‌ یه‌کێک له‌و مناڵانه‌یه‌‌ له‌ کاره‌ساتى هه‌ڵه‌بجه‌دا دایکوباک و که‌سوکارى له‌ ده‌ست داوه‌، وه‌ک سومبولێکى ئه‌و قوربانییانه‌ و به‌ نوێنه‌رایه‌تیى ئه‌و مناڵانه‌، به‌شدارى له‌ ڕێوڕه‌سمه‌که‌دا کرد.

دواى کۆتاییهاتنى ڕێوڕه‌سمه‌که‌، ‌کۆبوونه‌وه‌که‌ به‌رده‌وام بوو، تیایدا سه‌رۆک وه‌زیران تیشکی خسته‌ سه‌ر دوایین سه‌ردانى حه‌یده‌ر عه‌بادى سه‌رۆک وه‌زیرانى عیراقى فیدرال بۆ هه‌رێمى کوردستان و کۆبوونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ مه‌سعوود بارزانى سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان که‌ تیایدا ستایشى هاوکارى و هه‌ماهه‌نگیى پێشمه‌رگه‌ و سوپاى عیراقى کردووه‌، هه‌روه‌ها دووپاتى کردووه‌ته‌وه‌ که‌ حکوومه‌تى عیراق له‌گه‌ڵ مانه‌وه‌ى په‌که‌که‌ نییه‌ له‌ شه‌نگال و نابێ له‌وێ بمێنن، چونکه‌ مانه‌وه‌یان ده‌بێته‌ هۆى نانه‌وه‌ى پشێوى و ئاڵۆزى له‌ ناوچه‌که‌دا. عه‌بادى هه‌مان ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ى له‌ دیداریدا له‌گه‌ڵ جێگرى سه‌رۆک وه‌زیران قوباد تاڵه‌بانى له‌ سلێمانیش دووپات کردووه‌ته‌وه‌.‌

هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران دووپاتى کرده‌وه‌ که‌ چۆن کاتێک کۆبانێ پێویستى به‌ هاوکاریى پێشمه‌رگه‌ بوو، دواى ته‌واوبوونى ئه‌رکیان پێشمه‌رگه‌ گه‌ڕایه‌وه‌ هه‌رێمى کوردستان، وێڕاى سوپاسکردنى په‌که‌که‌ بۆ هاوکاریکرنى هه‌رێمى کوردستان له‌و کاتانه‌دا که‌ پێویستى به‌و هاوکارییه‌ هه‌بووه‌، به‌ هه‌مان شێوه‌ ئێستا ده‌بێ بگه‌ڕێنه‌وه‌ و شه‌نگال جێبهیڵن، چونکه‌ مانه‌وه‌یان ده‌بێته‌ هۆى نانه‌وه‌ى کێشه‌ و ئاڵۆزى.


له‌ ته‌وه‌رى یه‌که‌مى کۆبوونه‌وه‌که‌دا ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران چه‌ند بابه‌تێکى ده‌ر‌باره‌ى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ تاوتوێ کرد و ئه‌م بڕیارانه‌ى ده‌رکرد:

1- ڕاسپاردنى وه‌زاره‌تى ناوخۆ بۆ ناردنى ناوى پاڵێواراوان بۆ پێکهێنانى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ بۆ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران که‌ به‌پێى مادده‌ى (2) له‌ یاساى ئیداره‌ى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌دا، ئه‌ندامه‌کانى به‌ بڕیارى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ده‌ستنیشان ده‌کرێن و لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان له‌سه‌ر دابه‌شکردنى ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نه‌که‌ له‌ 12-3-2017 ڕێککه‌وتوون و بڕیار درا له‌ کۆبوونه‌وه‌ى داهاتووى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیراندا په‌سه‌ند بکرێت.

2- جیاکردنه‌وه‌ى داراییى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ داراییى پارێزگاى سلێمانی، ئه‌وه‌ش به‌پێى مادده‌ى (8) له‌ یاساى ئیداره‌ى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ که‌ هاوشێوه‌ى پارێزگاکانى دیکه‌ى هه‌رێمى کوردستان، پارێزگاکه‌ خاوه‌نى بودجه‌ و سه‌ربه‌خۆییى داراییى خۆى ده‌بێت، یاساکه‌ش ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى ڕاسپاردووه‌ بۆ جێبه‌جێکردنى ئه‌م خاڵه‌.

3- ڕاسپاردنى وه‌زیره‌ به‌ڕێزه‌کان بۆ دراسه‌کردنى کردنه‌وه‌ى به‌ڕێوه‌به‌رایتییه‌ گشتییه‌کان که‌ تا ئێستا ده‌ستبه‌کار نه‌بوون. به‌پێى مادده‌ى (9) له‌ یاساى ئیداره‌ى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌، پارێزگاکه‌ هاوشێوه‌ى پارێزگاکانى دیکه‌ مامه‌ڵه‌ى ‌له‌گه‌ڵدا ده‌کرێت و سه‌رجه‌م بڕگه‌کانى یاساى پارێزگاکانى به‌سه‌ردا جێبه‌جێ ده‌کرێت، تا ئێستاش به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى به‌وه‌کاله‌ت بۆ (په‌روه‌رده‌، کشتوکاڵ، کاروبارى شه‌هیدان و ئه‌نفالکراوان، شاره‌وانییه‌کان، کاروبارى کۆمه‌ڵایه‌تی، ڕێگاوبان) و به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیى په‌روه‌رده‌، ده‌ستبه‌کار بوون.

4- سه‌ره‌ڕاى په‌سه‌ندکردنى به‌پارێزگابوونى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ بڕیارى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى فیدرالى ژماره‌ (568) له‌ 31-12-2013 و بڕیارى ته‌شریعیى په‌رله‌مانى کوردستان ژماره‌ (11)ى ساڵى 1999 بۆ به‌پارێزگابوونى هه‌ڵه‌بجه‌ و به‌پێى مادده‌ى (141) له‌ ده‌ستوورى عێـراق، گشت ئه‌و یاسایانه‌ى له‌ هه‌رێمى کوردستان له‌ پێش ساڵى 2005 کاریان پێکراوه‌ به‌رده‌وام ده‌بن، به‌ڵام وێڕاى هاتنى ناوى هه‌ڵه‌بجه‌ وه‌ک پارێزگا له‌ یاساى بودجه‌ى فیدرالیدا، هێشتا له‌سه‌ر ئاستى حکوومه‌تى فیدرال هه‌نگاوى پێویست نه‌نراوه‌، به‌تایبه‌تى بۆ بابه‌ته‌کانى په‌یوه‌ندیدار به‌ (ناسنامه‌ى بارى شارستانی، ڕه‌گه‌زنامه‌، کارتى نیشتمانی، فۆرمى خۆراک، تابلۆى ژماره‌ى ئۆتۆمبێل) بۆ پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ تا له‌ پارێزگاى سلێمانى جیا بکرێته‌وه‌، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش به‌ڕێز وه‌زیرى ناوخۆ ڕاسپێردرا بۆ سه‌ردان و په‌یوه‌ندیکردن به‌ وه‌زاره‌تى ناوخۆى فیدرالییه‌وه‌.

5- له‌سه‌ر پێشنیارى به‌ڕێز وه‌زیرى ته‌ندروستى نه‌خۆشخانه‌ى هه‌ڵه‌بجه‌ که‌ تایبه‌ته‌ به‌ بریندارانى چه‌کى کیمیایى و بیناکه‌ى ته‌واو بووه‌ بکرێته‌وه‌ و میلاکاتى پزیشکى بۆ دابمه‌زرێت و بخرێته‌ گه‌ڕ.

هه‌ر له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران له‌ چوارچێوه‌ى نه‌خشه‌‌ڕێگاى نوێکردنه‌وه‌ و چاکسازى له‌ که‌رتى داراییى گشتیدا که‌ دوو ساڵ پێشتر ده‌ستى پێکردووه‌، چه‌ند په‌یره‌و و بڕیارێکى په‌سه‌ند کرد به‌مه‌به‌ستى چاکسازى له‌ که‌رتى به‌ڕیوه‌بردنى باجه‌کان له‌ هه‌رێمى کوردستان، ئه‌ویش به‌ پێکهێنانى یه‌که‌یه‌کى نوێ له‌ وه‌زاره‌تى دارایى و ئابوورى بۆ ڕێکخستنه‌وه‌ و نوێکردنه‌وه‌ى پرۆسه‌ و میکانیزمى وه‌رگرتنى باج به‌ هه‌مان ڕێژه‌کانى ئێستا له‌ گه‌وره‌ باجده‌ران له‌ ڕێگه‌ى به‌کارهێنانى ته‌کنه‌لۆژیاى زانیارى له‌ بوارى کۆکردنه‌وه‌ى زانیارى له‌سه‌ر باجده‌ران، گۆڕینى شێوازى خه‌ملاندنى داهاتى باجده‌ران، که‌مکردنه‌وه‌ى ڕۆتین به‌ پێشکه‌شکردنى به‌ڵگه‌نامه‌کانى په‌یوندار به‌ باج، ڕیگه‌گرتن له‌ خۆدزینه‌وه‌ له‌ دانى باج و باشترکردنى خزمه‌تگوزارییه‌کانى به‌ڕیوه‌به‌رایه‌تییه‌کانى باج بۆ باجده‌ران.

ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران گفتوگۆى له‌سه‌ر نه‌خشه‌ڕیگه‌ى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى مادده‌ هۆشبه‌ره‌کان کرد و بڕیارى دا له‌ داهاتوویه‌کى نزیکدا به‌ ئاماده‌بوونى هه‌موو لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌کان له‌سه‌ر ئاستى هه‌رێمى کوردستان کۆبوونه‌وه‌ى تایبه‌ت له‌مباره‌یه‌وه‌ ئه‌نجام بدرێت تاکو نه‌خشه‌ڕێگاکه‌ ببێته‌ پڕۆژیه‌کى گشتگیر بۆ ڕێگه‌گرتن له‌ ته‌شه‌نه‌کردنى بازرگانى و به‌کارهێنانى مادده‌ هۆشبه‌ره‌کان له‌ هه‌رێمى کوردستان، بۆ ئه‌مه‌ش وه‌زاره‌ته‌ په‌یوه‌نداره‌کان ڕاسپێردران.

له‌ ته‌وه‌رێکى دیکه‌ى کۆبونه‌وه‌که‌دا جێگرى سه‌رۆک وه‌زیران باسى له‌ سه‌ردانه‌که‌ى و شاندێکى یاوه‌رى بۆ ناوچه‌ى گه‌رمیان و ئه‌نجامدانى چه‌ند کۆبونه‌وه‌یه‌ک له‌گه‌ڵ ئیداره‌ى گه‌رمیان و ده‌رکردنى چه‌ند بڕیارێکى گرنگ سه‌باره‌ت پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌کان و خزمه‌تکردنى هاووڵاتیانى ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ کرد‌. له‌وباره‌یه‌وه‌ وه‌زیرى ناوخۆى ڕاسپێردرا بۆ دیراسه‌کردنى دابه‌شکردنى میلاکاتى وه‌زاره‌تى ناوخۆ له‌و ده‌ڤه‌ره‌ بۆ دابینکردنى پێداویستییه‌کانیان.

هه‌روه‌ها باسى له‌ که‌موکورتیه‌کانى مه‌رزى په‌روێزخان کرد که‌ له‌ چوارچێوه‌ى ڕێکخستنه‌وه‌ى ئیداره‌ى گشت مه‌رزه‌ سنوورییه‌کاندا، چاره‌سه‌رى که‌موکورتیه‌کانیان بکرێت به‌تایبه‌تى له‌ ڕووى بیناوه‌. جه‌ختیشى له‌ پێویستیى خزمه‌تى زیاترى گه‌رمیان کرده‌وه‌ و سوپاسى سه‌رپه‌رشتیارى ئیداره‌ى گه‌رمیان و به‌ڕێوبه‌رایه‌تیه‌کانى گه‌رمیانى کرد که‌ کارى باشیان کردووه‌ و توانیویانه‌ خزمه‌ت به‌ ده‌ڤه‌ره‌کیان بکه‌ن.

ئاماژه‌ى به‌وه‌ش دا که‌ گه‌رمیان به‌ گشتى کێشه‌ى نه‌بوونى پڕۆژه‌ى نیشته‌جێبوونیان هه‌یه‌، به‌شێکى زۆرى پڕۆژه‌کانیش له‌ گه‌رمیان پێویستییان به‌ دابینکردنى بودجه‌ هه‌یه‌، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش پێشنیارى کرد له‌ کۆبونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى باڵاى وه‌به‌رهێناندا ئه‌و چه‌ند پڕۆژه‌یه‌ى که‌ وه‌ستێنراون په‌سه‌ند بکرێنه‌وه‌ و بخرێنه‌وه‌ گه‌ڕ.
 




ناو
کۆمێنت



hizb
5
ئایا کورد ده‌توانێ سود له‌بارودۆخى دواى داعش وه‌ربگرێ ؟


به‌ تاوانی ژن بوون
توێژەری سیاسی یان عەبــە شەکەنە !؟
نێچرڤان بارزانى : گه‌لى کوردستان ئاشتیخوازه‌و کراوه‌ و به‌خشنده‌یه‌
هه‌رێمى کوردستان سیسته‌مى په‌روه‌رده‌ى له‌ پێشینه‌ى کاره‌کانى داناوه‌
هه‌نگاوه‌ نوێیه‌کانى ڕووسیا له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست
ئاواره‌کانى جه‌رف ئه‌لسه‌خر گه‌ڕانه‌وه‌یان لێ قه‌ده‌غه‌ ده‌کرێ‌
Created by AVESTA Group