پارتى له‌باره‌ى به‌جێهێشتنى یادى کیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌ راگه‌یه‌نراوێک بڵاوده‌کاته‌وه‌

3/16/2017 4:03:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز







به‌بۆنه‌ى کشانه‌وه‌ى ئه‌دهه‌م بارزانى سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تى سلێمانى ‌و هه‌ڵه‌بجه‌ى پارتى له‌مه‌راسیمى یادى 29 ساڵه‌ى کیمیابارانکردنى هه‌ڵه‌بجه‌وه‌، وته‌بێژى ئه‌نجومه‌نه‌که‌ روونکردنه‌وه‌یه‌کى بڵاوکرده‌وه‌ که‌ ئه‌مه‌ ده‌قه‌که‌یه‌تی:

راگه‌یه‌نراوێک له‌وته‌بێژى ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تى (سلێمانی–هه‌ڵه‌بجه‌)ى پارتى دیموکراتى کوردستانه‌وه‌. 
له‌ کاتێکدا ئه‌مڕۆ (29) ساڵ به‌سه‌ر مه‌رگه‌ساتى هه‌ڵه‌بجه‌دا تێده‌په‌ڕێت، له‌دیدى ئێمه‌دا هه‌ڵه‌بجه‌ زامێکى هێنده‌ قوڵه‌ له‌جه‌سته‌ى نیشتمان‌و بزاڤى رزگاریخوازى نه‌ته‌وه‌یماندا، ته‌نها سه‌ربه‌خۆیى و دامه‌زراندنى ده‌وڵه‌ت ساڕێژى ئه‌و زام و ئازاره‌ ده‌کات، بۆیه‌ هه‌میشه‌ وه‌ک پارتى دیموکراتى کوردستان و وه‌ک ئه‌رکى سه‌رشانمان له‌گه‌ڵ خه‌مى دانیشتوانى هه‌ڵه‌بجه‌دا ژیاوین و وه‌ک به‌شێکى سته‌م لێکراوى جه‌سته‌ى نیشتمان لێى ده‌ڕوانین. 
پارتى دیموکراتى کوردستان و، سه‌رۆک و، مه‌کته‌بى سیاسى و، سه‌رجه‌م ئۆرگانه‌کانی، ساڵانه‌ به‌په‌رۆشه‌وه‌ له‌یادى هه‌ڵه‌بجه‌دا ماته‌مینى و هاوخه‌مى بۆ مه‌رگه‌ساتى هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌رده‌بڕین و، له‌پرۆژه‌ى خزمه‌تگوزاریشدا هاوکارو هه‌ماهه‌نگ و ده‌ستپێشخه‌ربوین بۆ خزمه‌تى هه‌ڵه‌بجه‌، پڕۆژه‌ى به‌پارێزگاکردنى شارو، دابینکردنى ئاوى خاوێنى خواردنه‌وه‌و، کردنه‌وه‌ى زانکۆ وه‌ک باڵاتترین مه‌رکه‌زى ڕۆشنبیرى له‌ده‌ڤه‌ره‌که‌، نمونه‌ى به‌رچاون.

پارتى دیموکراتى کوردستان، ده‌نگى هه‌ڵه‌بجه‌ى گه‌یاندۆته‌ سه‌رجه‌م پایته‌خته‌کانى جیهان و، زۆرترین هاوکارى بۆ هه‌ڵه‌بجه‌ کۆکردۆته‌وه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئیداره‌دانى هه‌ڵه‌بجه‌ لاواز بووه‌، ویستراوه‌ هه‌ڵه‌بجه‌ به‌وێرانى بمێنێته‌وه‌. پارتى خاوه‌نى زۆرترین شه‌هیده‌ له‌هه‌ڵه‌بجه‌و، جه‌ماوه‌رى به‌ شه‌ره‌فى هه‌ڵه‌بجه‌ش ئاگادارن، که‌ پارتى هه‌رگیز له‌هه‌ڵه‌بجه‌ دانه‌بڕاوه‌و، هه‌ڵه‌بجه‌ى وه‌ک هێرۆشیما پێناسه‌ کردووه‌و، هه‌میشه‌ به‌رگریکاربووه‌ له‌مافه‌کانى هه‌ڵه‌بجه‌و له‌دیاریکردنى داهات بۆى و، ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ى و دڵنه‌وایى  خه‌ڵکه‌که‌ى و چاره‌سه‌رکردنى برینداره‌کانی.                                                                              
به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌مڕۆ (16-3) به‌ڕێز (شێخ ئه‌دهه‌م بارزانی)، وه‌ک که‌سایه‌تیه‌کى دیارى مه‌عنه‌وى بنه‌ماڵه‌ى بارزان و وه‌ک سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تى سلێمانى – هه‌ڵه‌بجه‌ى پارتى دیموکراتى کوردستان، کاتێک به‌شدارى مه‌راسى یادى کیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌ بوو، له‌دواى ڕاوه‌ستانى ماته‌مینى و ڕێزگرتن له‌ شه‌هیدان و خوێندنى سوره‌تى (فاتیحه‌) بۆ ڕۆحى پاکیان  و، له‌ دواى به‌خشینى تاجه‌ گوڵینه‌ به‌مه‌زارى مه‌زڵومى شه‌هیدانى هه‌ڵه‌بجه‌و، دواى تێپه‌ڕبوونى ( 30 ) خووله‌ک و، له‌به‌ر نه‌بونى ئیداره‌یه‌کى  شایسته‌و سه‌رکه‌وتوو، بۆ به‌ڕێوبردنى یاده‌که‌و به‌ڕێوه‌بردن و ئیداره‌دانى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌و، له‌به‌رئه‌وه‌ى به‌ڕێوه‌به‌رانى مه‌راسیم به‌مه‌به‌ست شوێنى شایسته‌یان بۆ شاندى پارتى دابین نه‌کردبوو، بۆیه‌ وه‌ک ده‌ربرینى ناڕه‌زایه‌تی، به‌رامبه‌ر به‌ ئیداره‌ى مه‌راسیم و ئیداره‌ى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌، به‌ باشمان زانى له‌ شوێنێک نه‌بین که‌ شایسته‌ى مه‌کانه‌تى سیاسى و پێگه‌ى جه‌ماوه‌رى و مه‌عنه‌وى پارتى نه‌بێت که‌ گه‌وره‌ترین هێزى سیاسى کوردستانه‌، بۆیه‌ دواى  (30) خوله‌ک  شاندى پارتى هۆڵه‌که‌ى به‌جێهێشت.

ئێمه‌ هه‌ڵه‌بجه‌و دانیشتوانه‌ قوربانیده‌ره‌که‌ى له‌سه‌ر چاوان داده‌نێن، به‌ڵام ئاماده‌نین ته‌حه‌مولى بێ ئیداره‌یى مه‌راسیمێک بکه‌ین که‌ له‌ ئاستى گه‌وره‌یى و، قوربانى و، مه‌زڵومیه‌تى خه‌ڵک و، سوتماکى هه‌ڵه‌بجه‌دا نه‌بێت.
له‌کۆتایدا سڵاو بۆ دانیشتوانى هه‌ڵه‌بجه‌ و، له‌به‌رده‌م ڕۆحى شه‌هیدانى هه‌ڵه‌بجه‌دا سه‌رى ڕێز نه‌وى ده‌که‌ین.

بژى کورد، بژى کوردستان                            
                                              
وته‌بێژى ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تى سلێمانى / هه‌ڵه‌بجه‌ 
پارتى دیموکراتى کوردستان 
16-3-2017


زۆرترین خوێندراو