بارزانى له‌گه‌ڵ باڵیۆز و کۆنسووڵ و نوێنه‌رى وڵاتان کۆده‌بێته‌وه‌

3/22/2017 6:27:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز







ڕۆژى چوارشه‌ممه‌، 22ى مارسى 2017 له‌ هۆتێل خانزاد له‌ شارى هه‌ولێر، به‌ڕێز مه‌سعود بارزانى سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان، به‌ بۆنه‌ى جه‌ژنى نه‌ورۆز و ساڵى نوێى کوردییه‌وه‌، میوانداریى ژماره‌یه‌ک باڵیۆز و کۆنسووڵ و نوێنه‌رى وڵاتان و ڕێکخراوه‌کانى نێوده‌وڵه‌تییه‌کانى له‌ عێراق و هه‌رێمى کوردستان کرد.

له‌ سه‌ره‌تاى مه‌راسیمه‌که‌دا، فه‌لاح مسته‌فا به‌رپرسى فه‌رمانگه‌ى پێوه‌ندییه‌کانى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان، وتارى حکوومه‌تى هه‌رێمى پێشکه‌ش کرد، له‌ وتاره‌که‌دا سوپاس و به‌خێرهاتنى میوانانى کرد و، باسى بایه‌خى جه‌ژنى نه‌ته‌وه‌یى نه‌ورۆزى له‌ ژیان و مێژووى گه‌لى کوردستاندا کرد، هه‌روه‌ها تیشکى خسته‌ سه‌ر مافى گه‌لى کوردستان بۆ دیارکردنى چاره‌نووسى خۆی.

هه‌ر له‌وتاره‌که‌دا، سوپاسى وڵاتانى دۆست و هاوپه‌یمانانى هه‌رێمى کوردستانى کرد، که‌ له‌ شه‌ڕى دژ به‌ تیرۆریستانى داعشدا یارمه‌تیى هه‌رێمى کوردستانیان داوه‌ و پاڵپشتى گه‌لى کوردستان بوونه‌.

دواتر باڵیۆزى وڵاتى به‌حرێن، له‌ جیاتى باڵیۆز و کۆنسووڵ و نوێنه‌رى وڵاتان و ڕێکخراوه‌کانى نێوده‌وڵه‌تییه‌کانى له‌ عێراق و هه‌رێمى کوردستان، وتارێکى پێشکه‌ش کرد و تێیدا پیرۆزبایى نه‌ورۆزى له‌ بارزانى و گه‌لى کوردستان کرد، پێزانینیشى هه‌بوو بۆ خانه‌واده‌ى شه‌هیدانى کوردستان و، هه‌وره‌ها ستایشى ڕۆڵى بارزانى کرد له‌ دابینکردنى ئارامى و بوژانه‌وه‌ بۆ هه‌رێمى کوردستان‌، هاوکات هیواى پێشکه‌وتنى زیاترى بۆ گه‌لى کوردستان خواست.

شایانى باسه‌ هه‌ر له‌و مه‌راسیمه‌دا باڵیۆز و نوێنه‌رى وڵاتان له‌ نزیکه‌وه‌ چاویان به‌ بارزانى که‌وت و وێڕاى سوپاسکردنى جه‌ختیان له‌ په‌ره‌پێدانى په‌یوه‌ندییه‌کانیان له‌گه‌ڵ هه‌رێمى کوردستان کرده‌وه‌ له‌ بواره‌ جۆراوجۆره‌کاندا.


زۆرترین خوێندراو