ده‌زگاى پێشمه‌رگه‌ى سۆسیالیست دامه‌زراندنى هێزێک بۆ سۆسیالیست ره‌تده‌کاته‌وه‌

3/23/2017 8:04:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز







ده‌زگاى کاروبارى پێشمه‌رگه‌ى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان له‌رونکردنه‌وه‌یه‌کدا بۆ رایگشتى ره‌تیده‌کاته‌وه‌ که‌هێزێکى چه‌کدار بۆ حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان داده‌مه‌زرێَت .

ئه‌مه‌ده‌قه‌که‌یه‌تى :
 

وه‌ڵامێک بۆ ژماره‌یه‌ک ڕاگه‌یاندن و په‌یامێک بۆ ڕاى گشتى 

ماوه‌یه‌که‌ ژماره‌یه‌ک ڕاگه‌یاندنى سێبه‌ر هه‌واڵى ناراست و چه‌واشه‌کارى له‌سه‌ر هێزه‌کانى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان بڵاوده‌که‌نه‌وه‌  که‌ ئامانج له‌م هه‌واڵانه‌ شاردنه‌وه‌ى شکستى خاوه‌نى ئه‌و ڕاگه‌یاندنانه‌ و به‌لاڕێدابردنى ڕاى گشتى و چه‌واشه‌کارییه‌ و هه‌وڵدانه‌ بۆ ناشیرینکردنى خه‌باتى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان .

له‌ نوێترین هه‌واڵى بێبنه‌مادا بڵاویانکردووه‌ته‌وه‌ گوایه‌ "هێزێکى چه‌کدار بۆ حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان داده‌مه‌زرێنێت " .

له‌کاتێکدا سه‌رله‌به‌رى ئه‌و هه‌واڵه‌ ڕه‌تده‌که‌ینه‌وه‌ ، ڕایده‌گه‌یه‌نین ناوه‌ڕۆک و مه‌به‌ستى هه‌واڵه‌که‌ سوکایه‌تییه‌ به‌رانبه‌ر به‌و پێشمه‌رگانه‌ى که‌ ماوه‌ى سێ ساڵه‌ خۆبه‌خشانه‌ له‌ سه‌نگه‌ره‌کاندا له‌ به‌رانبه‌ر داعش ده‌جه‌نگن و خوێنده‌به‌‌خشن له‌پێناو پارێزگارى و ڕزگارى خاکى کوردستان .

مێژوو و جه‌ماوه‌رى کوردستان شایه‌تن که‌ حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاى درووستبوونییه‌وه‌ تا ئه‌مڕۆ خاوه‌نى هێزى پێشمه‌رگه‌ى خۆی بووه‌ و به‌شدارى هه‌موو سه‌روه‌رییه‌کانى ئازادى و ڕزگارى کوردستانى کردووه‌ له‌و ڕێگایه‌شدا هه‌زاران شه‌هیدى به‌خشیوه‌ . 
له‌ دواى ڕاپه‌ڕینیشه‌وه‌ شه‌ره‌فى یه‌که‌مین فێرگه‌ى نیزامى بۆ پێشمه‌گه‌ به‌ر ئه‌م حزبه‌ ده‌که‌وێت و ده‌یان خولى پێگه‌یاندنى بۆ پێشمه‌رگه‌ کردووه‌ته‌وه‌‌ و هه‌زاران پێشمه‌رگه‌ى په‌روه‌رده‌کردووه‌ که‌ ئێستا ژماره‌یه‌ک له‌و پێشمه‌رگانه‌ى له‌فێرگه‌کانى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستاندا په‌روه‌رده‌ کراون له‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌دا بوونه‌ته‌ سه‌رمه‌شق بۆ هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌ى کوردستان .

هه‌موولایه‌ک ئه‌و ڕاستییه‌ ده‌زانن له‌ دواى یه‌کگرتنه‌وه‌ى ئیداره‌کان هه‌موو هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌ یه‌کیاننه‌گرته‌وه‌ وه‌ک هه‌نگاوى یه‌که‌م بۆ یه‌کگرتنه‌وه‌ى هێزى پێشمه‌رگه‌ چه‌ند هێزێک له‌ چوارچێوه‌ یه‌که‌ى ٧٠ و یه‌که‌ى ٨٠ ڕێکخران که‌ ژماره‌یه‌ک له‌ پێشمه‌رگه‌کانمان له‌ ڕێگاى ئه‌و یه‌کانه‌وه‌ چوونه‌ ناو هێزى پێشمه‌رگه‌ى یه‌کگرتووى کوردستان و پابه‌ندى بڕیارى یه‌که‌کانیان بوون و له‌ شه‌ڕى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى داعشدا له‌هه‌ردوو یه‌که‌که‌دا شه‌هید و بریندامان داوه‌ .
هه‌روه‌ها ژماره‌یه‌ک پێشمه‌رگه‌مان نه‌ له‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ نه‌ له‌ یه‌که‌کان ڕێکنه‌خران به‌ڵام هه‌ر به‌وجۆره‌ش خۆبه‌خشان و ئازایانه‌ و له‌ ماوه‌ى شه‌ڕى داعشدا به‌شداربووین و شه‌هید و بریندارمان هه‌یه‌ .

ئێمه‌ له‌ ده‌زگاى کاروبارى پێشمه‌رگه‌ى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان به‌رده‌وام داوامانکردووه‌ و ئێستاش داواکه‌مان دووپاتده‌که‌ینه‌وه‌ که‌ هێزى پێشمه‌رگه‌ى کوردستان یه‌کبگرێته‌وه‌ و پێشمه‌رگه‌کانمان له‌ چوارچێوه‌ى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ ڕێکبخرێن .
لێره‌وه‌ به‌و ڕاگه‌یاندنانه‌ش ده‌ڵێن ئاراسته‌ى کارکردنتان نابه‌رپرسیارانه‌ و دوژمنکارانه‌یه‌ ، له‌برى ده‌ستخۆشى و هاندانى پێشمه‌رگه‌کانمان که‌ ڕۆڵه‌ى ئه‌م ووڵاته‌ن و به‌ گیرفانى خاڵییه‌وه‌ به‌رگرى له‌ نیشتمان ده‌که‌ن ، 
له‌برى دڵنه‌وایى که‌سوکارى شه‌هیده‌کانمان ،
له‌برى هیوابه‌خشین به‌برینداره‌کانمان که‌ هه‌ندێکیان پێویستیان به‌ چاره‌سه‌ره‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ى ووڵات و تا ئێستا ئاوڕیان لێنه‌دراوه‌ته‌وه‌ ئێوه‌ دێن درۆمان بۆ هه‌ڵده‌به‌ستن  .

سه‌رکه‌وتن بۆ پێشمه‌رگه‌ 
سه‌رکه‌وتن بۆ کوردستان 



ده‌زگاى کاروبارى پێشمه‌رگه‌ى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان


زۆرترین خوێندراو