به‌یاننامه‌ى ناڕه‌زاى کۆمه‌ڵه‌ى کورته‌باڵاکانی کوردستان

3/26/2017 4:49:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز







کۆمه‌ڵه‌ى کورته‌باڵاکانی کوردستان له‌به‌یاننامه‌یه‌کدا ناڕه‌زایى خۆى له‌سه‌ر ره‌وشى ئه‌ندامانى کۆمه‌ڵه‌که‌ى ده‌ده‌بڕێت و چه‌ند داواکاریه‌ک ده‌خه‌نه‌روو داواش ده‌کرێ به‌زوترین کات وه‌ڵامیان بدرێته‌وه‌ ، ئه‌مه‌ده‌قه‌که‌یه‌تى :

به‌یاننامه‌ى ناڕه‌زاى کۆمه‌ڵه‌ى کورته‌باڵاکانی کوردستان 
 جه‌ماوه‌رى دڵسۆز و خۆڕاگرى کوردستان

 ئێمه‌ وه‌ک کورته‌باڵاکانى کوردستان که‌ توێژێکى دیار و کاریگه‌رى ئه‌م هه‌رێمه‌ و پێشه‌نگ و پێشخه‌رى کۆمه‌ڵگه‌ى کورده‌وارى و به‌رده‌وام فیداکارى ئه‌م خاکه‌ پیرۆزه‌ین , هه‌میشه‌ ڕابه‌رى ئاشتى و پێکه‌وه‌ژیان بووین له‌م هه‌رێمه‌دا, له‌ سۆنگه‌ى هه‌ست کردنمان به‌ به‌رپرسیارێتى هه‌میشه‌ هاوکار و یارمه‌تى ده‌رى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان بووین له‌ هه‌موو بارودۆخه‌ دژواره‌کاندا هه‌وڵمان داوه‌ پاڵپشت و پشتیوانى به‌رپرسانى ئه‌م هه‌رێمه‌بین هه‌مووکات خۆمان به‌ خزمه‌تکارى پێشمه‌رگه‌ و شه‌هیدان‌وپارێزه‌رانى هه‌رێمى کوردستان زانیه‌وه‌ و خه‌مخۆر و هاوخه‌مى تاک به‌تاکى خه‌لکى کوردستان بووین .

 له‌پایى ئه‌و هه‌وڵ و ماندووبوونانه‌مان ئیمه‌ چاوه‌رێى هاوکارى و پاداشتى بووین له‌ لایه‌ن به‌رپرسانى هه‌رێمه‌وه‌ به‌ڵام ئه‌وان مافى یاساى و ڕه‌واى سه‌ره‌تایى خۆشمانیان پێنه‌داین , به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک نه‌مان توانیوه‌ پێداویستییه‌ سه‌ره‌تاییه‌کانى ژیانمان دابین بکه‌ین و له‌ دۆخێکیى سه‌خت و دژواردا ژیانمان به‌ڕێ کردوه‌ سه‌ره‌ڕایى ئه‌وه‌ش خۆڕاگربووین و ئه‌م بار و دۆخه‌مان له‌ به‌رچاو گرتووه‌, ده‌پرسین ئه‌ى خه‌ڵکى به‌شه‌ره‌فى کوردستان و دڵسۆزان و به‌رپرسانى ئه‌م هه‌رێمه‌ له‌ چ شوێنێک و چ جێگه‌یه‌کى ئه‌م هه‌رێمه‌ داواى مافى خۆمان بکه‌ین‌و به‌رده‌وامى به‌ ژیانمان بده‌ین , بۆیه‌ داواکارین له‌ حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان و ئه‌و که‌سانه‌ى خۆیان به‌ به‌رپرس و خزمه‌تکارى ئه‌م هه‌رێمه‌ ده‌زانن له‌ ماوه‌یه‌کى دیاریکراو کورتدا وه‌ڵامى داواکاریه‌کانمان بده‌نه‌وه‌ , به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ هه‌موو هه‌ڵوێستێکى مه‌ده‌نى و یاسایى ده‌گرینه‌به‌ر و هیچ کات ده‌ست به‌ردارى ماف و داواکارییه‌ ڕه‌واکانمان نابین. 

داواکاریه‌کان

1- لابردنى پاشه‌که‌وتى موچه‌ به‌زوترین کات لابرێت له‌سه‌ر کورته‌باڵاکان.
2- چى پاشه‌که‌وت هه‌یه‌ له‌کاتى قیرانه‌کانه‌وه‌ بگه‌رێته‌وه‌ بۆکورته‌باڵاکان. 
3- ئه‌ویه‌که‌ نیشته‌ جێ‌ بوونانه‌ى که‌ دروست کراوه‌ له‌ شار‌وشارۆچکه‌کانى کوردستان پشکى کورته‌باڵاکان دیارى بکرێت.
4-  ئه‌وکه‌سانه‌ى که‌ پێویستیان به‌چاره‌سه‌رى پزیشکى هه‌یه‌ وه‌ک نه‌شته‌رگه‌ریوهتد.. بێ به‌رامبه‌ر بێت بۆکورته‌باڵاکان.
5- له‌ته‌واوى خوێندنى سه‌ره‌تایى تاده‌گاته‌ زانکۆ‌و په‌یمانگاکان ئاسانکارى ته‌واو بکرێت بۆکورته‌باڵاکان.



عمرجبارساڵح 
سه‌رۆکى کۆمه‌ڵه‌ى کورته‌باڵاکانى کوردستان 
مه‌ڵبه‌ندى گشتى
 26- 3 - 2017 


زۆرترین خوێندراو