یه‌که‌مین کۆنگره‌ سه‌باره‌ت به‌کێشه‌کانى گه‌لى کورد و بارودۆخى ئاواره‌کان له‌عێراق و سوریا و تورکیا ساز ده‌کرێ

4/27/2017 6:28:00 PM
جەماوەر نیوز
جماوه‌رنیوز







ئه‌مڕۆ به‌روارى 27 ى نیسانى 2017 له‌ تۆکیۆى پایته‌ختى یابان یه‌که‌مین کۆنگره‌ سه‌باره‌ت به‌ کێشه‌کانى گه‌لى کورد و بارودۆخى ئاواره‌کان له‌ عێراق و سوریا و تورکیا سازکرا .

سه‌ره‌تا سه‌رۆکى کۆمه‌ڵه‌ى دۆستایه‌تى کوردستان - ژاپۆنى ووتارى به‌خێرهاتنى پێشکه‌شکرد و مه‌به‌ستى کۆنگره‌که‌ى بۆ ئاماده‌بووان ڕوونکرده‌وه‌ که‌ ده‌یانه‌وێت دۆستایه‌تى گه‌لى ژاپۆنى و گه‌لى کورد پێشبخه‌ن و هاوکاربن بۆ چاره‌سه‌رى کێشه‌کانى کورد .

پاشان عه‌بدوڵا حاجى مه‌حمود سه‌رۆکى فراکسیۆنى حزبى سۆشیالیست دیموکراتى کوردستان له‌ په‌رله‌مانى کوردستان .

له‌ ووته‌یه‌کدا سڵاوى په‌رله‌مانى کوردستان و خه‌ڵکى هه‌رێمى کوردستانى گه‌یانده‌ گه‌لى ژاپۆنى و باسى له‌ گرنگى کۆنگره‌که‌ کرد و سوپاسى هاوکارییه‌کانى ووڵاتى یابانى کرد .ئاماژه‌یکرد به‌و ڕاپۆرته‌ى که‌ له‌سه‌ر هه‌رێمى کوردستان ئاماده‌یان کردووه‌ و داوایکرد هه‌رچى زووه‌ کار له‌سه‌ر ڕاسپارده‌کانى ئه‌م کۆنگره‌یه‌ بکرێت .

دواتر ڕاپۆرته‌که‌ له‌لایه‌ن دکتۆر فه‌رسه‌د سۆفى ئه‌ندامى په‌رله‌مانى کوردستان له‌ فراکسیۆنى پارتى دیموکراتى کوردستان له‌ ڕێى داتاشۆوه‌ خوێندنه‌وه‌ى بۆ کرا که‌ پێکهاتبوو  له‌ چه‌ند ته‌وه‌رێک له‌وانه‌ : مێژووى گه‌لى کوردستان و شۆڕشه‌کانى کورد و تاوانه‌کانى به‌عس و به‌ نێوده‌وڵه‌تى کردنى ئه‌و تاوانانه‌ى به‌رامبه‌ر گه‌لى کوردستان کراون و شه‌ڕى داعش و نه‌به‌ردییه‌کانى پێشمه‌رگه‌ و خۆڕاگرى خه‌ڵکى کوردستان و پێکه‌وه‌ژیان و سیسته‌مى سیاسى و هه‌ڵبژاردن و چاکسازى و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵێ و ئابوورى هه‌رێمى کوردستان و قه‌یرانى دارایى و ئاواره‌کان و کێشه‌کانى هه‌رێم و به‌غدا و کێشه‌کانى ناوچه‌که‌ و مافى چاره‌ى خۆنوسین و ئه‌نجامدانى ڕاپرسى و په‌یوه‌ندیه‌کانى ده‌ره‌وه‌ و ووڵاتى یابان و ڕاسپارده‌و داواکارییه‌کان .

دوابه‌دواى ئه‌وه‌ ڕاپۆرتێک له‌لایه‌ن مه‌حمود ئۆغرۆک ئه‌ندامى په‌رله‌مانى تورکیا له‌ فراکسیۆنى هه‌ده‌په‌ و ئیبراهیم گه‌نج ڕاوێژکارى هه‌ده‌په‌ له‌سه‌ر دۆخى کورستانى باکوور پێشکه‌شکرا .

پاشان هه‌دیه‌ یوسف هاوسه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى دامه‌زرێنه‌رى سیستمى فیدراڵى دیموکراتى رۆژئاوا و ئه‌ڤین سوێد وته‌بێژى کۆنگره‌ى ستار له‌ ڕۆژئاوا و مسته‌فا موتابخت سه‌رۆکى یه‌کێتى نیشتمانى دیموکراتى کوردى سوریا .ڕاپۆرتێکیان له‌سه‌ر ڕۆژئاواى کوردستان پێشکه‌شکرد .

هه‌ر له‌ کۆنگره‌که‌دا ڕه‌فیق غه‌فور ئه‌ندامى ده‌سته‌ى سه‌رۆکایه‌تى که‌نه‌که‌ ، ڕاپۆرتێکى له‌سه‌ر ڕه‌وه‌ندى کوردى و کوردانى تاراوگه‌ پێشکه‌شکرد .
له‌سه‌رجه‌م ڕاپۆرته‌کاندا جه‌خت له‌سه‌ر دۆستایه‌تى گه‌لى ژاپۆنى و گه‌لى کورد کرایه‌وه‌ و داواکرا که‌ پشتگیرى له‌ هه‌نگاوه‌کانى گه‌لى کورد بکرێت بۆ مافى چاره‌ى خۆنووسین و ڕاسپاره‌ده‌ى سه‌رجه‌م ڕاپۆرته‌کان درانه‌ ده‌ست لایه‌نى په‌یوه‌ندیدارى ووڵاتى یابان .

له‌ کۆتایدا کۆنگره‌که‌ به‌ چه‌ند چالاکییه‌کى هونه‌رى کۆتایى به‌کاره‌کانى هێنا .


زۆرترین خوێندراو