پاککردنه‌وه‌ى سلێمانی له‌خانى به‌خێوکردنی ئاژه‌ڵ

5/25/2017 9:24:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز







له‌چوارچێوه‌ى هه‌ڵمه‌تی پاککردنه‌وه‌ى سنورى ماسته‌ر پلانی شارى سلێمانی، به‌شی خزمه‌تگوزارى شاره‌وانی به‌ هاوکارى ئاسایش و لیواى یه‌کی پاراستنی سلێمانی و به‌فه‌رمانی قائیمقام هه‌ڵمه‌تی لابردنی (خان)ه‌کان به‌رده‌وامه‌ و به‌رپرسى خزمه‌تگوزارى له‌ شاره‌وانی رایده‌گه‌یه‌نێت هه‌فته‌ى ئاینده‌دا  ده‌ست به‌سه‌ر ئه‌و ئاژه‌ڵانه‌دا ده‌گیرێت که‌ له‌ پارک و گه‌ره‌که‌کاندا ده‌له‌وه‌ڕێنرێت.  

رۆژى چوارشه‌ممه‌ 24 ى مایستى 2017 رزگار ئه‌حمه‌د به‌رپرسی به‌شی خزمه‌تگوزارى شاره‌وانی سلێمانی ووتی: هاوڵاتیان سکاڵایان له‌سه‌ر ئه‌وکه‌سانه‌ هه‌یه‌ که‌ خانه‌کان له‌ گه‌ره‌که‌کاندا دروستده‌که‌ن، بۆیه‌ هه‌ڵمه‌تی پاککردنه‌وه‌ى سلێمانی له‌ خانى به‌خێوکردنی ئاژه‌ڵ به‌رده‌وام ده‌بێت تا کۆتایی به‌و دیارده‌ ناشارستانی و ناشرینه‌ ده‌هێنرێت که‌ ناره‌زایی و بێزارى لاى هاوڵاتیان دروستکردووه‌، و ته‌واوى سنوورى ماسته‌ر پلانی شارى سلێمانی ده‌گرێته‌وه‌.

ووتیشی: به‌شی خزمه‌تگوزارى شاره‌وانی به‌هاوکارى ئاسایش و لیواى یه‌کی پاراستنی سلێمانی چه‌ند رۆژى رابردوودا له‌ سنوورى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی شاره‌وانی راپه‌ڕین زیاتر له‌ 40 خانى به‌خێوکردنی ئاژه‌ڵ تێک دراوه‌ و خاوه‌نه‌که‌ى ئاگادارکراوه‌ته‌وه‌ له‌ گواستنه‌وه‌ى ئاژه‌ڵه‌کانیان بۆ ده‌ره‌وه‌ى سنوورى ماسته‌ر پلانی سلێمانی.

به‌ڕێوه‌به‌رى به‌شی خزمه‌تگوزارى شاره‌وانی سلێمانی ئاماژه‌ى به‌ ئه‌وه‌شکرد:  هه‌فته‌ى داهاتوو ئه‌و ماوه‌ى بۆ خاوه‌ن ئاژه‌ڵه‌کانى ناو شارى سلێمانی دیارى کرابوو تا ئاژه‌ڵه‌کانیان ببه‌نه‌ ده‌ره‌وه‌ى سنوورى ماسته‌رپلانی سلێمانی کۆتایی پێدێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ده‌ست به‌سه‌ر ئه‌و ئاژه‌ڵانه‌دا ده‌گیرێت که‌له‌پارک و گه‌ره‌که‌ناندا ده‌له‌وڕێنرێن و خاوه‌نه‌که‌شی رووبه‌رووى یاسا ده‌که‌ینه‌وه‌.


زۆرترین خوێندراو