واشنتۆن تایمز: سه‌ربه‌خۆیى کوردستان داهاتووى هه‌یه‌

6/21/2017 8:33:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز







ڕۆژنامه‌ى واشنتۆن تایمز له‌ ڕاپۆرتێکى شیکاریدا باس له‌ ڕیفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیى کوردستان ده‌کات و ده‌نووسێت له‌ په‌رژه‌وه‌ندیى ئه‌مریکایه‌ پشگیریى سه‌ربه‌خۆیى هه‌رێمى کوردستان بکات.

ڕۆژنامه‌که‌ باس له‌وه‌ ده‌کات که‌ ده‌وڵه‌تى کوردى چانسێکى باشه‌ بۆ به‌ره‌وپێشچوونى مافى ژنان، هه‌روه‌ها مافى که‌مینه‌کان و دیموکراسى له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا، له‌ کوردستاندا جیاوازیى ڕه‌گه‌زى و ئایینى و نه‌ته‌وه‌یى نییه‌ و هه‌وان له‌ به‌رامبه‌ر یاسادا یه‌کسانن. 

له‌و باره‌یه‌وه‌ واشنتۆن تایمز ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کات "نێچیرڤان بارزانى مافى داوه‌ته‌ هه‌موو که‌مینه‌ ئاینییه‌کان که‌ نوێنه‌رى خۆیان هه‌بێت له‌ کابینه‌ى حکومه‌ت، 11 کورسییان هه‌یه‌ له‌ په‌رله‌مان، و‌ هه‌روه‌ها هه‌موو که‌مینه‌ ئاینییه‌کان نوێنه‌رى خۆیان هه‌یه‌ له‌ وه‌زاره‌تى ئه‌وقاف و کاروبارى ئایینی". هه‌روه‌ها ده‌نووسێت "ژێر ده‌سه‌ڵاتى نێچیرڤان بارزانیدا، ژنان ڕێژه‌ى %25 ى په‌رله‌مانیان پێکهێناوه‌ ‌و ئاسانکارى زۆریان بۆ ده‌کرێت تا به‌رپرسیارێتى وه‌ربگرن".

ڕاپۆرته‌که‌ى واشنتۆن تایمز ‌به‌ گرنگییه‌وه‌ باس له‌ شوێنى ستراتیجیى جوگرافیاى کوردستان ده‌کات بۆ ئه‌مریکا وه‌ک سه‌نته‌رى شه‌ڕى دژ به‌ تیرۆر .

ده‌رباره‌ى تورکیاش باس له‌وه‌ ده‌کات، له‌ گفتوگۆکان له‌گه‌ڵ تورکیا ده‌بیت ئه‌نقه‌ره‌ تێبگه‌یه‌نرێت که‌ ده‌وڵه‌تى کوردستان‌ چاوى له‌ فراوانخوازى نییه‌ بۆ کوردستانى تورکیا و زامنى ئه‌منییه‌تى زیاتر ده‌کات بۆ ئه‌و وڵاته‌. واشنتۆن تایمز ستراتیجیه‌تى ئابووریى نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان به‌ هۆکارى  گۆڕانى هه‌ڵوێستى تورکیا به‌رامبه‌ر کوردستان ده‌زانێت، و ده‌نووسێت "نێچیرڤان بارزانى په‌یوه‌ندیى بازرگانى پۆزه‌تیڤى له‌گه‌ڵ تورکیا به‌ره‌وپێش بردووه‌، به‌وه‌ش تورکیا دانى به‌ کوردستاندا ناوه‌ وه‌ک هه‌رێم و ئاڵاى کوردستانى شه‌کانده‌وه‌ له‌ پێشوازیى نێچیرڤان بارزانیدا، هه‌ر ئه‌ویش بوو له‌ ڕێگه‌ى بازرگانى و گرێبه‌ستى نه‌وته‌وه‌، دوژمنى بۆ دۆست گۆڕی."

له‌ به‌شێکى دیکه‌ى ڕاپۆرته‌ شیکارییه‌که‌ى واشنتۆن تایمزدا هاتووه‌، "نێچیرڤان بارزانى هه‌رێمى داڕووخاوى له‌ عێراق وه‌رگرت، ورده‌ ‌ورده‌ قۆناغى گواستنه‌وى ده‌ستپێکرد، پێش ئه‌و هه‌لى کار له‌ هه‌رێمه‌که‌ نه‌بوو، ئێستا کوردستان ئابووریى سه‌ربه‌خۆى هه‌یه‌، له‌ ڕاستیدا بازرگانیى نه‌وت زۆر گرنگه‌ که‌ ده‌توانێت له‌ ‌برى ڕووسیا گازى سروشتى بۆ ئه‌وروپا دابین بکات."

واشنتۆن تایمز به‌ گرنگییه‌وه‌ باس له‌ قۆناغى ئاوه‌دانکردنه‌وى کوردستان ده‌کات و ده‌ڵێت، "جیاواز له‌ سه‌رکرده‌کانى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌راست، نێچیرڤان بارزانى پاره‌ى وه‌به‌رهێنراوى له‌ بنیادنانه‌وه‌ى گونده‌ داڕووخاوه‌کانى کوردستاندا خه‌رج کرد و واقعێکى دروستکرد که‌ ئێستا کوردستان به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیى ده‌ڕوات، هه‌ربۆیه‌ پێویسته‌ پشتگیریى کورده‌کان بکرێت، ئه‌وان گاز بۆ جیهان دابین بکه‌ن و سه‌لامه‌تتره‌ له‌ ئێران و ڕووسیا."

له‌کۆتایى بابه‌ته‌که‌ى واشنتۆن تایمزدا به‌ پێویست زانراوه‌‌ پشتگیریى سه‌ربه‌خۆیى کوردستان بکرێت وه‌ک کردارێکى ڕاست، دواى ئه‌وه‌ى به‌عس و گروپه‌ شیعه‌کان هاوشانى داعش، کوردیان تیرۆر ده‌کرد، له‌ 2014 و بودجه‌ى کوردستان بڕدرا، له‌ ‌هه‌مان کاتیشدا کوردستان تووشى شه‌ڕى داعش بوو و زیاتر له‌ 2 ملیۆن ئاواره‌ى له‌خۆگرت، ئه‌وه‌ جێگه‌ى شانازییه‌ بۆ نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان که‌ نه‌یهێشت حکومه‌ته‌که‌ى بکه‌وێت و ده‌ستى کرد به‌ پڕۆژه‌ى چاکسازى له‌ پێناو زیادکردنى داهات و شه‌ڕى قه‌یرانى دارایى کرد، بۆیه‌ ده‌بێت پشتگیریى ئه‌و بکرێت له‌ ئامانجه‌که‌ى که‌ دامه‌زراندنى ده‌وڵه‌تێکى پرۆ ڕۆژئاواییه‌.


زۆرترین خوێندراو