بارزانى له‌گه‌ڵ نوێنه‌رى یه‌کێتیى ئه‌وروپا له‌ عێراق و باڵیۆز و کونسوڵ و نوێنه‌رى وڵاتانى ئه‌ندام له‌ یه‌کێتیى ئه‌وروپا کۆبۆوه‌

6/22/2017 5:36:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز







ڕۆژى پێنجشه‌ممه‌ 22 ى حوزه‌یرانى 2017 له‌ سه‌لاحه‌دین به‌ڕێز مه‌سعود بارزانى سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان به‌ئاماده‌بونى به‌رێز محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود له‌گه‌ڵ پاتریک سیمۆن نوێنه‌رى یه‌کێتیى ئه‌وروپا له‌ عێراق و شاندێکى باڵیۆز و کونسوڵ و نوێنه‌رى وڵاتانى ئه‌ندام له‌ یه‌کێتیى ئه‌وروپا کۆبۆوه‌ که‌ پێکهاتبوو له‌ باڵیۆزانى به‌لجیکا و پۆڵه‌ندا له‌ عێراق و به‌رپرسى ئۆفیسى یه‌کێتى ئه‌وروپا له‌ هه‌ولێر و نوێنه‌رانى باڵیۆزخانه‌ى ئیتالیا و ئیسپانیا له‌ عێراق و کۆنسوڵه‌کانى ئه‌ڵمانیا و فه‌ڕه‌نسا و هۆڵه‌ندا و نوێنه‌رانى کونسوڵخانه‌ى به‌ریتانیا و چیک و ڕۆمانیا له‌ شارى هه‌ولێر.

له‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌دا که‌ به‌ ئاماده‌بوونى به‌رێز محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود و نوێنه‌رانى پارتى دیموکراتى کوردستان و یه‌کێتیى نیشتیمانیى کوردستان و یه‌کگرتووى ئیسلامیى کوردستان و نوێنه‌رانى حزبى شیوعى و بزووتنه‌وه‌ى ئیسلامى و حزبى زه‌حمه‌تکێشان و نوێنه‌رى حزبه‌ تورکمان و مه‌سیحییه‌کانى کوردستان به‌رێوه‌چوو.

له‌ سه‌ره‌تاى کۆبوونه‌وه‌که‌دا نوێنه‌رى یه‌کێتیى ئه‌وروپا وێڕاى ئاماژه‌دان به‌ کۆبوونه‌وه‌ى ڕۆژى 19ى 6ى 2017 ى وه‌زیرانى ده‌ره‌وه‌ى یه‌کێتیى ئه‌وروپا له‌ شارى بروکسێل په‌یامى یه‌کێتیى ئه‌وروپاى بۆ سه‌رۆک بارزانى و ئاماده‌بووانى کۆبوونه‌وه‌که‌ خسته‌ڕوو که‌ تێیدا یه‌کێتیى ئه‌وروپا پشتیوانیى خۆى بۆ هه‌رێمى کوردستان و عێراق دووپات کردووه‌ته‌وه‌ له‌ به‌رانبه‌ر ته‌حه‌دیات و کێشه‌کاندا. هه‌روه‌ها ستاییشى ڕۆڵ و به‌شداریى گه‌لى کوردستانیان کردووه‌ له‌ شه‌ڕى دژى تیرۆر و حه‌واندنه‌وه‌ى ئاواره‌کان و پێزانینیشیان بۆ قاره‌مانێتى و قوربانیدانى هێزى پێشمه‌رگه‌ دووپات کردووه‌ته‌وه‌.

 نوێنه‌رى یه‌کێتیى ئه‌وروپا له‌ عێراق ئه‌وه‌یشى باس کرد که‌ په‌یوه‌ندییه‌کانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا بۆ یه‌کێتیى ئه‌وروپا جێگه‌ى بایه‌خه‌ و به‌ پێویستیشى زانى که‌ پێکهاته‌کانى عێراق بۆ شکاندنى تیرۆر و چه‌سپاندنى ئاشتى یه‌کگرتوو بن و ته‌رکیز له‌سه‌ر بابه‌ته‌ هاوبه‌شه‌کان بکه‌ن و خۆیان له‌ بڕیارى یه‌کلایه‌نه‌ بپارێزن و چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌ هه‌ڵواسراوه‌کان و چاره‌نووسى ناوچه‌ جێناکۆکه‌کان له‌ ڕێگه‌ى ئاشتى بێت چونکه‌ ئه‌مه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیى عێراق و هه‌رێمه‌. نوێنه‌رى یه‌کێتیى ئه‌وروپا هێماى به‌ بڕگه‌یه‌کى ترى په‌یامى یه‌کێتى ئه‌وروپادا بۆ لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانى هه‌رێم که‌ بۆ زاڵبوون به‌سه‌ر ته‌حه‌دیاته‌ سیاسییه‌کان و پڕۆسه‌ى چاکسازى و هه‌ڵبژاردنه‌کان، ناکۆکییه‌کانیان وه‌لا بنێن و ڕێکبکه‌ون. نوێنه‌رى یه‌کێتیى ئه‌وروپا ئه‌وه‌یشى خسته‌ڕوو که‌ مه‌به‌ست له‌ سه‌ردانیان بۆ کوردستان گه‌یاندنى په‌یامى یه‌کێتى ئه‌وروپا و تێگه‌ییشتنى باشتره‌ له‌ بڕیار و داواکارییه‌کانى هه‌رێم.


 به‌رێز مه‌سعود بارزانى له‌ وته‌یه‌کدا به‌ وردى ئه‌و هۆکارانه‌ى شى کرده‌وه‌ که‌ هانى گه‌لى کوردستانى داوه‌ به‌ره‌و ڕیفراندۆم هه‌نگاو بنێت.

بارزانى ئاماژه‌ى به‌ سه‌ره‌تاکانى دروستبوونى ده‌وڵه‌تى عێراق دا که‌ تێیدا گه‌لى کوردستان به‌ مه‌رجى شه‌راکه‌ت بڕیارى ژیان له‌ چوارچێوه‌ى ده‌وڵه‌تى عێراقى دا به‌ڵام له‌ قۆناغى 1921 هه‌تا 2003 نه‌ک ته‌نیا شه‌راکه‌ت جێبه‌جێ نه‌کرا به‌ڵکو چه‌مکى هاووڵاتیبوونى گه‌لى کوردستانیش جێبه‌جێنه‌کرا و له‌و ماوه‌یه‌دا 4500 گوندى کوردستان وێران کرا و 180 هه‌زار ڕۆڵه‌ى کورد به‌ر پڕۆسه‌ى ئه‌نفال که‌وتن و بێ سه‌روشوێن کران و دوازده‌ هه‌زار گه‌نجى فه‌یلى و هه‌شت هه‌زار بارزانى بێسه‌روشوێن کران و کوردستانیش کیمیاباران کرا و هه‌ڵه‌بجه‌ بووه‌ هێماى ئه‌و تاوانه‌. بارزانى جه‌ختى له‌وه‌ کرده‌وه‌ که‌ ئه‌و نه‌هامه‌تى و جینۆسایده‌ به‌شى شه‌راکه‌تى ئێمه‌ بووه‌ له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تى عێراق، له‌گه‌ڵئه‌وه‌یشدا له‌دواى 1991 گه‌لى کوردستان ویستى لاپه‌ڕه‌یه‌کى تازه‌ بکاته‌وه‌ و له‌پێناو یه‌کپارچه‌یى عێراق و ئاشتیدا له‌گه‌ڵ ئه‌و که‌سانه‌ دانیشت که‌ تاوانى جینۆسایدیان له‌دژى گه‌لى کوردستان ئه‌نجامدابوو به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌و هه‌وڵه‌یش سه‌رى نه‌گرت چونکه‌ فه‌رهه‌نگى حاکم له‌ به‌غدا فه‌رهه‌نگى به‌پاشکۆدیتن و به‌تاوانبارزانینى گه‌لى کوردستان بوو.

بارزانى هێماى به‌ قۆناغى دواى 2003 دا که‌ گه‌لى کوردستان به‌ هه‌موو توانایه‌که‌وه‌ یارمه‌تیى بنیاتنانه‌وه‌ى عێراقى دا له‌سه‌ر بنه‌ماى دیموکراسى و فیدرالیزم و ده‌ستوور و شه‌راکه‌ت و ته‌وافوق و، ئومێدى به‌ ژیانێکى نوێ هه‌بوو به‌ڵام هه‌موو ئه‌و بنه‌مایانه‌ به‌ ده‌ستووریشه‌وه‌ له‌ لایه‌ن حکوومه‌ته‌کانى عێراق و فه‌رهه‌نگى باڵاده‌ست له‌ به‌غدا پشتگوێ خران و پێشێل کران و کار گه‌ییشته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ى وه‌ک سزادانێکى سیاسى قووتى تێکڕاى گه‌لى کوردستان بڕدرا که‌ ئه‌وه‌ پێشێلکردنى مه‌ترسیدارى هه‌موو هه‌وڵێک بوو بۆ بنیاتنانى عێراق و مه‌سه‌له‌ى شه‌راکه‌ت.

بارزانى ئه‌وه‌یشى خسته‌ڕوو که‌ گه‌لى کوردستان ئه‌زموونێکى تاڵى هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تى عێراق و هه‌موو ڕێگه‌یه‌کى بۆ پاراستنى عێراقى یه‌کگرتوو تاقى کردووه‌ته‌وه‌ و قوربانى و باجى زۆرى داوه‌ به‌ڵام بێ ئه‌نجام بووه‌ و دواجار به‌و ئه‌نجامه‌ گه‌ییشتووه‌ که‌ مادام نه‌توانرێ شه‌راکه‌ت بپارێزرێ و له‌پێناو ڕێگه‌گرتن له‌ شه‌ڕ و نه‌هامه‌تى و کێشه‌ى مه‌ترسیدار با وه‌ک دوو دراوسێ له‌ ته‌نیشت یه‌کتردا بژیین. ڕۆشنایى خسته‌سه‌ر بڕیارى دیاریکردنى ڕۆژى به‌ڕێوه‌چوونى ڕیفراندۆم و جه‌ختى له‌وه‌ کرده‌وه‌ که‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک پاشگه‌زبوونه‌وه‌ له‌و بڕیاره‌ نییه‌ و پێویسته‌ خه‌ڵکى کوردستان ڕاى خۆیان له‌باره‌ى چاره‌نووس و ئایینده‌ى خۆیان ده‌رببڕن و دواى ئه‌وه‌یش هه‌رێمى کوردستان ده‌که‌وێته‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌غدا و هه‌موو ڕێگه‌یه‌کى ئاشتیانه‌ و دیالۆگ ده‌گرێته‌به‌ر بۆ چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کان و گه‌ییشتن به‌ ته‌فاهومێک که‌ خزمه‌تى ئاشتى و ئاساییش و پێشکه‌وتنى هه‌ردوولا و ناوچه‌که‌ بکات.

له‌باره‌ى شه‌ڕى داعشیشه‌وه‌ بارزانى ئه‌وه‌ى ڕاگه‌یاند که‌ گه‌لى کوردستان باجێکى زۆر گه‌وره‌ى له‌و شه‌ڕه‌ دا. پێشتر ڕێککه‌وتن هه‌بوو که‌ پێشمه‌رگه‌ به‌شێکه‌ له‌ مه‌نزوومه‌ى به‌رگریى عێراق به‌ڵام ئه‌و ڕێککه‌وتنه‌یش جێبه‌جێ نه‌کرا و به‌هۆى ئابلۆقه‌ى چه‌ندساڵه‌ى چه‌ک له‌سه‌ر پێشمه‌رگه‌، پێشمه‌رگه‌ چه‌کى پێویستى نه‌بوو له‌به‌رانبه‌ر ئه‌و تیرۆریستانه‌ى که‌ باشترین چه‌کیان له‌به‌ر ده‌ستدابوو و یه‌کێک له‌ هۆکاره‌کانى جینۆسایدى ئێزیدییه‌کان ئه‌و ئابلۆقه‌یه‌ بوو که‌ حکوومه‌تى عێراق به‌سه‌ر هێزى پێشمه‌رگه‌دا سه‌پاندى و به‌مجۆره‌ حکوومه‌تى عێراق، کوردستان و پێکهاته‌کانى عێراقى له‌ هه‌ڕه‌شه‌ى تیرۆریش نه‌پاراست. هه‌روه‌ها له‌باره‌ى ئه‌و ئاوارانه‌ى ڕوویان له‌ هه‌رێمى کوردستان کردووه‌ حکوومه‌تى عێراق که‌مته‌رخه‌م بووه‌ له‌ یارمه‌تیدانى هه‌رێم وه‌ک بڵێى بابه‌تى ئاواره‌بوونى سه‌دان هه‌زار عێراقى که‌ له‌ هه‌رێم نیشته‌جێبوون له‌ ده‌روه‌ى سنووره‌کانى عێراق ڕووى دابێت.

بارزانى هێماى به‌ ئۆپه‌راسیۆنى ئازادکردنى موسڵ دا و ئه‌وه‌ى دووپاتکرده‌وه‌ که‌ سه‌ربارى هه‌موو ئه‌وانه‌ پێشمه‌رگه‌ یارمه‌تیى سوپاى عێراقى دا و هێڵه‌ به‌رگرییه‌کانى داعشى تێکشکاند و ڕێگه‌ى بۆ ئۆپه‌راسیۆنى موسڵ خۆش کرد. جه‌ختیشى له‌وه‌ کرده‌وه‌ که‌ هه‌ماهه‌نگیى سه‌ربازى له‌گه‌ڵ سوپاى عێراق و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ و تێکشکاندنى تیرۆر بۆ هه‌رێمى کوردستان ئه‌وله‌ویه‌ت ده‌بێت. 

بارزانى له‌ کۆتایى قسه‌کانیدا ئه‌وه‌ى خسته‌ڕوو که‌ هه‌رێمى کوردستان هاوکارى حکوومه‌تى عێراقى ده‌بێت له‌ شه‌ڕى تیرۆر و داوایشى کرد یه‌کێتیى ئه‌وروپا و کۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى یارمه‌تیده‌رى گه‌لى کوردستان و عێراق بن له‌ پڕۆسه‌ى دیالۆگ و چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کانى نێوانیان و گه‌ییشتن به‌ لێکتێگه‌ییشتنێکى ئاشتیانه‌ و هه‌روه‌ها ئه‌وه‌یشى داوا کرد که‌ یه‌کێتیى ئه‌وروپا دژایه‌تیى مافه‌ یاسایى و سرووشتى و ئیلاهییه‌کانى گه‌لى کوردستان نه‌که‌ن و گه‌لى کوردستان چاوه‌ڕوانى ئه‌وه‌ى له‌ ئه‌وروپا هه‌یه‌ پشتیوانى ئه‌و مافانه‌یان بن و له‌ شه‌ڕى تیرۆر و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ته‌حه‌دیات پاڵپشتیان بێت.


زۆرترین خوێندراو