نێچیرڤان بارزانى و شاندێکى یه‌کێتیى ئه‌ورووپا ڕه‌وشى ناوچه‌که‌ تاوتوێ ده‌که‌ن

6/22/2017 11:08:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز







سه‌رله‌به‌یانیى پێنجشه‌ممه‌ 22 ى حوزه‌یرانى 2017، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان، پێشوازى له‌ شاندێکى باڵیۆز و کونسولخانه‌کانى وڵاتانى یه‌کێتیى ئه‌ورووپا له‌ عیراق و هه‌رێمى کوردستان به‌ سه‌رۆکایه‌تیى به‌ڕێز پاتریک سیمۆنێت باڵیۆزى یه‌کێتیى ئه‌ورووپا له‌ عیراق کرد.

له‌ دیارێکدا شاندى میوان پوخته‌یه‌کیان ده‌رباره‌ى ناوه‌ڕۆکى دوا کۆبوونه‌وه‌ى وه‌زیرانى ده‌ره‌وه‌ى وڵاتانى یه‌کێتیى ئه‌ورووپا پێشکه‌ش کرد و قوربانیدانى پێشمه‌رگه‌ و خه‌ڵکى هه‌رێمى کوردستانیان له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تیرۆردا به‌رز نرخاند و هاوکارى و هه‌ماهه‌نگیى زیاترى نێوان هه‌ولێر و به‌غدایان له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تیرۆر و چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کان به‌ ڕێگه‌ى دیالۆگ، دووپات کرده‌وه‌.

سه‌باره‌ت به‌ ڕیفراندۆمى هه‌رێمى کوردستانیش، ئاماژه‌یان به‌وه‌ دا که‌ یه‌کێتى ئه‌ورووپا خوازیاره‌ ئه‌وله‌ویه‌تى کاره‌کان له‌ شه‌ڕى دژى تیرۆرستانى داعش نه‌گۆڕیت، له‌مباره‌یه‌وه‌ به‌ پێویستیان زانى به‌ هاوکاریى دۆستان، گفتوگۆ و دیالۆگێکى جددى له‌ نێوان هه‌ولێر و به‌غدا ده‌ست پێ بکرێت.

لاى خۆیه‌وه‌ سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان سوپاسى ئه‌و سه‌ردانه‌ و هاوکارییه‌کانى وڵاتانى ‌یه‌کێتیى ئه‌ورووپا له‌ شه‌ڕى دژى تیرۆرستانى داعشدا کرد و دید و بۆچوونه‌کانى شاندى میوانى به‌رز نرخاند و ئه‌نجامدانى دیدار و کۆبوونه‌وه‌ى هاوشێوه‌ى به‌ پێویست زانی، هه‌روه‌ها جه‌ختى له‌وه‌ کرده‌وه‌ که‌ هه‌رێمى کوردستان و به‌غدا پێویستیان به‌وه‌یه‌ ده‌ست به‌ دیالۆگێکى جددى له‌باره‌ى داهاتووى په‌یوه‌ندییه‌کان و پێکه‌وه‌ژیان و چاره‌سه‌رکردنى گرفته‌کان، بکه‌ن‌.

سه‌باره‌ت به‌ پرسى ڕیفراندۆمیش به‌ڕێزیان ئاماژه‌ى به‌وه‌ دا که‌ ئه‌مه‌ خواست و ئیراده‌ى گه‌لى کوردستانه‌ به‌مه‌به‌ستى ده‌ستنیشانکردنى داهاتووى خۆى و جه‌ختى کرده‌وه‌ که‌ ئه‌وله‌ویه‌تى هه‌رێمى کوردستان به‌رامبه‌ر شه‌ڕى دژى تیرۆرستانى داعش به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک گۆڕانکارى به‌سه‌ردا نایه‌ت و‌ هاوکارى و هه‌ماهه‌نگیى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا به‌تایبه‌تى له‌ نێوان هێزى پێشمه‌رگه‌ و سوپاى عێراقدا له‌ ئاستێکى زۆر به‌رزدایه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ سه‌رکه‌وتنى هاوبه‌شى گه‌وره‌ به‌ده‌ست هاتوون و له‌ هه‌وڵه‌کانیشیان بۆ له‌ناوبردنى داعش به‌رده‌وام ده‌بن.

سه‌باره‌ت به‌ دۆخى سیاسیى هه‌رێمى کوردستانیش، سه‌رۆک وه‌زیران ئاشکراى کرد که‌ هه‌وڵێکى جددى هه‌یه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ چاره‌سه‌رێکى گونجاو و له‌ هه‌وڵه‌کانیشیان به‌رده‌وام ده‌بن.


زۆرترین خوێندراو