به‌رزو پڕشکۆ بێت 25 ى حوزه‌یران رۆژى شه‌هیدانى حزبى سۆسیالیست

6/23/2017 11:51:00 AM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز







له‌ساڵیادى رۆژى شه‌هیدانى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان ده‌زگاى کاروبارى شه‌هیدو که‌مئه‌ندامانى سۆسیالیست راگه‌یه‌ندراوێک بڵاو ده‌کاته‌وه‌ که‌ئه‌مه‌ ده‌قه‌که‌یه‌تى :  

به‌رزو پیرۆز بیێت 25ى حوزه‌یران ڕۆژى شه‌هیدانى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان

که‌س و کارى سه‌ربه‌رزى شه‌هیدان 
جه‌ماوه‌رى تێکۆشه‌ر و خۆڕاگرى کوردستان

حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان هه‌ر له‌سه‌ره‌تاى دامه‌زراندیه‌وه‌ خه‌بات ده‌کات و تێده‌کۆشێت‌ له‌پێناو ڕزگارى کوردستان و به‌ده‌ستهێنانى مافه‌ ڕه‌واکانى گه‌له‌که‌مان .

سه‌ربارى شه‌ڕى نابه‌رامبه‌ر و کوشتن و ڕاوه‌دونان و کیمابارانکردن و زینده‌به‌چاڵکردنى ڕۆڵه‌کانمان و وێرانکردن و به‌سوتماکردنى خاکى کوردستان و گرتنه‌به‌رى چه‌ندین شێوازى دڕندانه‌ له‌لایه‌ن ڕژێمى به‌عسه‌وه‌ بۆ خامۆشکردنى کوانى خه‌بات و تێکۆشان و سڕینه‌وه‌ى ناسنامه‌ى نه‌ته‌وایه‌تى و چه‌ندین سیاسه‌تى ترى نامرۆڤانه‌ و ڕه‌گه‌زپه‌رستانه‌ ، سه‌رکرده‌و و کادر و پێشمه‌رگه‌کانى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان له‌ هه‌موو ڕۆژه‌ سه‌خت و دژواره‌کاندا ئازایانه‌ ئاماده‌ییان هه‌بووه‌ بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ى ئه‌و سیاسه‌تانه‌ى ڕژێمى به‌عس و بوونه‌ته‌ قه‌ڵغانى پاراستنى خاک و خه‌ڵکى کوردستان ، له‌و پێناوه‌شدا ده‌یان داستانى مێژووییان تۆمارکردووه‌ و به‌ هه‌زارانیان شه‌هیدیان به‌خشیووه‌ . 

ئه‌م ده‌ستکه‌وتانه‌ى ئێستاى هه‌رێمى کوردستان به‌خوێنى ئه‌و هه‌زاران شه‌هیده‌ پێشمه‌رگه‌ ‌و ده‌یان کادیر و سه‌رکردانه‌‌ تۆمار کراوه‌ که‌ له‌ ناویاندا شه‌هیدى سه‌رکرده‌ ‌و دامه‌زرێنه‌رى حزبى سۆشیالیست دیموکراتى کوردستان سه‌یدا ساڵح یوسفى هه‌یه‌ که‌ ۳٦ ساڵ به‌ر له‌ئێستا له‌ به‌روارى 25-6-1981 له‌لایه‌ن ڕژێمى به‌عسه‌وه‌ له‌ ڕێگاى نامه‌یه‌کى بۆمبڕێژکراوه‌ شه‌هیدکرا و ئه‌و ڕۆژه‌ش بووه‌ سومبلى ئه‌و هه‌زاران شه‌هیده‌ نه‌مره‌ که‌ گیانى پاکى خۆیان به‌خشى تاکو کوردستان ڕزگاربکرێت و ڕۆڵه‌کانى گه‌له‌که‌مان به‌ ئازادى و سه‌ربه‌رزى بژین .

حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان له‌ کاتێکدا یادى رۆژى شه‌هیده‌ سه‌ربه‌رزه‌کانى ده‌کاته‌وه‌ ناوچه‌که‌ به‌ گۆڕانکارى گه‌وره‌دا تێده‌په‌ڕێت و پێشمه‌رگه‌ سه‌رکه‌وتنى گه‌وره‌ى تۆمارکردووه‌ به‌ شکستپێهێنانى داعش که‌ له‌ماوه‌ى سێ ساڵى ڕابردوودا بووبوویه‌ مه‌ترسى گه‌وره‌ بۆ سه‌ر کوردستان و هه‌موو جیهان هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاى هێرشه‌کانى ئه‌و گروپه‌دا وه‌ک هه‌مووجارێک ئازایانه‌ سه‌رکرده‌ و فه‌رمانده‌ و پێشمه‌رگه‌کانى حزبى سۆشیالیست دیموکراتى کوردستان به‌رگریان کردوو و له‌وپێناوه‌شدا چه‌ندین شه‌هیدى سه‌رکرده‌ و فه‌رمانده‌یان به‌خشى بۆ ڕزگارى و پاراستنى خاکى کوردستان .

که‌سوکارى سه‌ر به‌رزى شه‌هیدان 

حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان له‌ پێناو ئاسوده‌یى ڕۆحى شه‌هیده‌کانى و خۆشگوزه‌رانى که‌سوکاریان جه‌خت له‌ جێبه‌جێکردنى درووشمه‌ سه‌ره‌کییه‌کانى ده‌کاته‌وه‌ به‌ پاراستنى ئاشتى و به‌رقه‌رابوونى دادپه‌روه‌رى و بڕیاردان له‌ مافى چاره‌نووس .

بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش به‌شداریکردن و بڕیاردانى جه‌ماوه‌رى کوردستان له‌ ڕاپرسى که‌ بریاره‌ 25-9-2017ئه‌نجامبدرێت به‌ بنه‌مایه‌کى به‌هێز ده‌زانێت بۆ زیاتر پته‌وکردنى سه‌نگ و پێگه‌ى هه‌رێمى کوردستان که‌ له‌ ئاینده‌دا قۆناغێکى ترى دۆزى ره‌واى گه‌له‌که‌مان به‌ره‌و پێشه‌وه‌ ده‌بات ، له‌به‌رئه‌وه‌ حزبى سۆشیالیست دیموکراتى کوردستان جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌نجامدان و به‌شدارى و سه‌رکه‌وتنى راپرسى ده‌کاته‌وه‌ له‌ پێناو سه‌ربه‌خۆى کوردستان .

هه‌ر له‌م یاده‌دا به‌ڵێن دووپاتده‌که‌ینه‌وه‌ که‌ درێژه‌پێده‌رى ڕێبازى شه‌هیدان بین و پارێزگارى له‌ خوێنى گه‌شیان بکه‌ین و دڵسۆزى که‌سوکاریان بین .

سڵاو له‌ گیانى پاکى شه‌هیدانى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان و سه‌رجه‌م شه‌هیدانى ڕێگاى ئازادى کوردستان 

سڵاو له‌ گیانى پاکى شه‌هیدانى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى داعش که‌ گیانفیدایانه‌ خاکى کوردستانیان ڕزگارکرد و پاراستیان .


ده‌زگاى کاروبارى شه‌هیدان و که‌مئه‌ندامانی
حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان
 ۲٥ -٦ - ۲٠۱۷


زۆرترین خوێندراو