په‌یامى پیرۆزبایى به‌رێز محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود به‌بۆنه‌ى هاتنه‌وه‌ى جه‌ژنى ره‌مه‌زانى پیرۆزه‌وه‌

6/24/2017 9:30:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز






به‌رێز محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود به‌بۆنه‌ى هاتنه‌وه‌ى جه‌ژنى ره‌مه‌زانى پیرۆزه‌وه‌ په‌یامێکى پیرۆزبایى ئاراسته‌ى بنه‌ماڵه‌ى سه‌ربه‌رزى شه‌هیدان وپێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌کانى کوردستان وگه‌لى کوردى خۆراگروبه‌ئه‌مه‌ک ده‌کات ،ئه‌مه‌ ده‌قه‌که‌یه‌تى :

به‌ناوى خواى گه‌وره‌و میهره‌بان

بنه‌ماڵه‌ى سه‌ربه‌رزى شه‌هیدان..
پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌کانى کوردستان..
گه‌لى کوردى خۆراگروبه‌ئه‌مه‌ک..

به‌بۆنه‌ى هاتنى جه‌ژنى پیرۆزى ڕه‌مه‌زانه‌وه‌جوانترین پیرۆزباییتان ئاڕاسته‌ ده‌که‌م ،هیوادارم مانگى پیرۆزى ڕه‌مه‌زان و جه‌ژنى پیرۆزى ڕه‌مه‌زان ،بوبێته‌ هانده‌رێک بۆ ئارامى دڵه‌کان وکۆتایى هێنان به‌ ڕق و کینه‌ و هه‌ماهه‌نگى و ده‌ ست له‌ملانى یه‌کتر بکه‌ین ،سوود له‌هه‌ڵه‌و که‌م و کورتیه‌کانمان وه‌رگرتبێ ولاپه‌ڕه‌یه‌کى نوێ له‌ ژیانى سیاسى و پێکه‌وه‌یى له‌گه‌ڵ یه‌کتر دا هه‌ڵده‌ینه‌وه‌و هه‌موو لایه‌کمان هه‌وڵ و کۆششه‌ به‌رده‌وامه‌کانمان له‌ پێناوى به‌دیهێناى مافه‌ڕه‌واکانى گه‌له‌که‌مان دا بێت .به‌تایبه‌ت له‌م قۆناغه‌ى ئه‌مڕۆ،که‌گه‌له‌که‌مان پییایدا تێپه‌ر ده‌بێ قۆناغیکى گه‌لێک هه‌ستیاره‌ و له‌هه‌مان کاتیش دا هه‌لێکى مێژوویى ڕه‌خساوه‌ له‌ناوچه‌که‌دا ،به‌تایبه‌ت بۆ گه‌ڵێکى مه‌زڵوم و سته‌مدیده‌ ى کورد، هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌م هه‌له‌ مێژووییانه‌ له‌خۆڕا نایه‌نه‌ به‌ر به‌ڵکو ده‌رئه‌نجامى خۆڕاگرى و قاره‌مانێتى هێزى پێشمه‌رگه‌ى کوردستان له‌به‌رامبه‌ر دڕه‌نده‌ترین دوژمنى ئیسلام ومرۆڤایه‌تى که‌ پێان ده‌ووترێت داعش ،سه‌ربه‌رزانه‌ نه‌ک هه‌ر ته‌نها خۆیان ڕابگرن و به‌سه‌رماو به‌گه‌رما و به‌ نه‌بوونى وکه‌مى مووچه‌ و چۆنێتى بژێوى بۆژیانى خێزان و مناڵ و که‌س و کاریان ،توانیویانه‌ پارێزگارى له‌ خاکى پیرۆزى کوردستان بخه‌نه‌ سه‌روو هه‌موو ئه‌رکه‌کانى ژیانى تایبه‌تى خۆیان و به‌گیانى خۆیان پارێزگارى له‌ بست به‌بستى خاکى پیرۆزى کوردستان ده‌که‌ن .دوژمنانى کورد هه‌موو سه‌رده‌مێ له‌ پیلان و له‌ناوبردنى گه‌له‌که‌مان دا بووبن به‌هۆى ئیراده‌ى له‌بن نه‌هاتووى جه‌ماوه‌رى خۆڕاگرو هێزى پێشمه‌رگه‌ى کوردستانه‌وه‌ هه‌میشه‌ شکستیان هێناوه‌و سه‌ریان داویه‌تى له‌ تاشه‌ به‌رده‌کانى چیا سه‌رکه‌شه‌کانى کوردستان .

هێرش و په‌لامارى داعش بۆ داگیرکردنى خاکى پیرۆزى کوردستان نه‌ک له‌وه‌همێک زیاتر نه‌بوو ،به‌ڵکوبه‌ پلانێکى ووردى سه‌ربازى و هه‌ماهه‌نگى و سوود وه‌رگرتن له‌مه‌شق و پێدانى چه‌کى جه‌نگى پێشکه‌ووتوو له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانانه‌وه‌ بۆ هێزى پێشمه‌رگه‌ى کوردستان و سه‌رۆکایه‌تى کردنى هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌ى کوردستان بۆ هه‌ڵمه‌تى به‌وور ئاسا توانیان ئه‌و ناوچاناش که‌پێشتر له‌ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێمى کوردستانه‌وه‌ بوو ،له‌چنگى داعش ده‌ریبهێننه‌وه‌و ئازادى بکه‌ن و بیخه‌نه‌وه‌ سه‌ر هه‌رێمى کوردستان . 

جه‌ماوه‌رى سه‌ربڵندى کوردستان.
که‌س وکارى شه‌هیدانى هه‌میشه‌ زیندوو .

له‌کاتێکدا ڕۆژانى جه‌ژنى ڕه‌مه‌زان له‌گه‌ڵ یه‌کتردا ده‌که‌ین به‌ر له‌ هه‌موو ئه‌رکێک ،پێویسته‌ هه‌ریه‌که‌مان دڵسۆزو به‌وه‌فا بین بۆ شه‌هیدان و بۆ که‌س وکاره‌ سه‌ربڵنده‌که‌یان و له‌خه‌مى پژێوى ژیانى خانه‌واده‌کانیاندابین وبه‌ڵێنیشیان پێده‌ده‌ین،به‌ خوێنى ئاڵ و گه‌شیان ،به‌سه‌نگه‌رى هه‌میشه‌ مه‌حه‌کى نه‌به‌زینیان تا دوا دڵۆپه‌ خۆێنێ له‌ به‌یه‌نماندا بگه‌ڕێ ،ته‌واوکارى ڕێبازه‌ پیرۆزه‌که‌ى شه‌هیدانى کوردو کوردستان بین وه‌پێویسته‌ ته‌واوى لایه‌نه‌ سیاسیه‌کانى هه‌رێمى کوردستان کۆتایى به‌ کێشه‌و ململانێکانیان بهێنن چى تر ئه‌م میلله‌ته‌ به‌رگه‌ى نه‌هامه‌تى له‌مه‌زیاتر ناگرێ با خۆمان سارێژکارى زامه‌کانى گه‌له‌که‌مان بین و ئه‌و هه‌له‌ نێو ده‌وڵه‌تیه‌ى بۆ گه‌له‌که‌مان ڕه‌خساوه‌ ،به‌هۆى ململانێى حزبیه‌وه‌ له‌ده‌ستى نه‌ده‌ین ،چونکه‌ ئێمه‌ى کورد زۆرجار هه‌لى مێژوویمان بۆ هه‌ڵکه‌وتوه‌ ،به‌ڵام یا سه‌رکردایه‌تى سیاسى کورد درکى پێنه‌کردووه‌ یا به‌هۆى ناکۆکى و دووبه‌ره‌کى وده‌سکه‌وتى حزبیه‌وه‌ له‌ده‌ستمان ده‌رچووه‌ و به‌وه‌ش گه‌وره‌ترین زیانمان به‌ دۆزى ڕه‌واى میلله‌ته‌که‌مان گه‌یاندووه‌.

له‌ئێستاش دا گۆڕانکارى ناوچه‌که‌ و ململانێى زلهێزانى نێوده‌ وڵه‌تى و هه‌رێمایه‌تى و چۆنێتى ڕووبه‌ڕوبونه‌وه‌ى داعش له‌ عێراق و سوریا دا جارێکى تر گۆڕانکارى له‌نه‌خشه‌ى سیاسى ووڵاتانى ئه‌م ناوچه‌یه‌ به‌دیده‌کرێت، بۆیه‌ کاتى هاتووه‌ سه‌رکردایه‌تى سیاسى کورد و لایه‌نه‌ سیاسیه‌کان واز له‌ کێشه‌و ناکۆکى سیاسى و حزبى بهێنن له‌م قۆناغه‌دا و خۆیان ته‌رخان بکه‌ن بۆ سه‌رخستنى ڕیفراندۆم بۆ گه‌یشتنمان به‌سه‌ربه‌خۆیى کوردستان به‌م هه‌نگاوه‌ش ده‌توانین دڵى دایکانى خاوه‌ن شه‌ هیدو شه‌هیدانى زیندووى ئه‌م میلله‌ته‌ ئاسووده‌ بکه‌ین که‌ خۆێنى خۆیان و ته‌واوى ته‌مه‌نى لاوێتیان به‌خشى بوو بۆ ئازادى و سه‌ربه‌خۆیى بۆ کوردستان ده‌با جه‌ژنى ڕه‌مه‌زان وپیرۆزى خاکى کوردستان هانده‌رمان بێت به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیى کوردستان.

خانه‌واده‌و که‌س وکاروبنه‌ماڵه‌ى سه‌ربه‌رزى شه‌هیدان دڵنیا ده‌که‌ینه‌وه‌ ناهێڵین ئه‌و ده‌ریا خوێنه‌ى له‌جه‌سته‌ى ڕۆڵه‌کانى ئه‌م گه‌له‌ سه‌ربڵنده‌ ده‌ڕژێ به‌فیڕۆ بڕوا کاتى ئه‌وه‌ هاتووه‌ ئێمه‌ى کوردیش له‌ خاک و ئاوو هه‌واو ئاسمانى کوردستان وه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌کى زیندووى خاوه‌ن شارستانیه‌تى مرۆڤایه‌تى بژین به‌ئاشتى و دیموکراسى .

دوباره‌ جه‌ژنتان پیرۆزبێت 

محمد حاجى محمود 
۲٤-٦-۲٠۱۷


زۆرترین خوێندراو