ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێم کۆبووه‌وه‌

7/19/2017 6:33:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز








پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 19 ى ته‌موزى 2017 به‌ سه‌رۆکایه‌تیى نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان، ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران کۆبووه‌وه‌.

له‌ سه‌ره‌تاى کۆبوونه‌وه‌که‌دا سه‌رۆک وه‌زیران پوخته‌یه‌کى ده‌رباره‌ى دۆخى سیاسى له‌ هه‌رێمى کوردستان پێشکه‌ش کرد و ڕوونى کرده‌وه‌ که‌ هه‌وڵه‌کان له‌نێو لایه‌نه‌ سیاسییه‌کاندا بۆ کاراکردنه‌وه‌ى په‌رله‌مانى کوردستان به‌رده‌وامن و له‌مباره‌یه‌وه‌ پارتى دیموکراتى کوردستان به‌ شێوه‌یه‌کى فه‌رمى داواى کۆبوونه‌وه‌ى له‌ بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان کردووه‌ و ئاماده‌ییى خۆى نیشان داوه‌ بۆ کاراکردنه‌وه‌ى بێ مه‌رجى په‌رله‌مانى کوردستان.

ده‌رباره‌ى ڕیفراندۆمیش ڕوونى کرده‌وه‌ که‌ ڕیفراندۆم خۆى ئامانج نییه‌، به‌ڵکوو ڕێگه‌یه‌که‌ بۆ ئاماجێکى گه‌وره‌تر که‌ سه‌ربه‌خۆییى کوردستانه‌. یه‌کڕیزیى گه‌لى کوردستان و لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانیشى به‌ گه‌ره‌نتیى سه‌رکه‌وتنى ڕیفراندۆم دانا و دووپاتى کرده‌وه‌ که‌ هه‌موو هه‌وڵێک ده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ى ڕیفراندۆم سه‌ربکه‌وێت و دواى ئه‌وه‌ش ده‌که‌ونه‌ پرۆسه‌یه‌کى جددیى گفتوگۆ له‌گه‌ڵ عیراق بۆ ئه‌وه‌ى به‌ شێوه‌یه‌کى ئاشتیانه‌ بگه‌نه‌ ئامانجه‌ مه‌زنه‌که‌، که‌ سه‌ربه‌خۆیییه‌.

جه‌ختى له‌وه‌ش کرده‌وه‌ که‌ ڕیفراندۆم هى هه‌موو گه‌لى کوردستانه‌ و به‌ ته‌نیا هى لایه‌نێک نییه‌. له‌مباره‌یه‌وه‌ گوتى: "له‌ ڕیفراندۆمدا براوه‌ و دۆڕاو نییه‌ و هه‌مووان پێکه‌وه‌ سه‌رکه‌وتوون، وه‌ک چۆن پێچه‌وانه‌که‌یشى ڕاسته‌". هه‌روه‌ها تیشکى خسته‌ سه‌ر کاردانه‌وه‌ نێوده‌وڵه‌تى و هه‌رێمییه‌کان ده‌رباره‌ى ڕیفراندۆم و گوتى کاردانه‌وه‌کان ئاسایین و هه‌ندێکیان تێبینییان له‌سه‌ر کاتى ئه‌نجامدانى ڕیفراندۆم هه‌یه‌.

ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى ڕاسپارد به‌ هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌ت و دامه‌زراوه‌ په‌یوه‌نداره‌کان دۆسیایه‌ک به‌ زانیاریى ورد و ژماره‌ له‌سه‌ر بابه‌ته‌کانى په‌یوه‌ندار به‌ په‌یوه‌ندیى نێوان هه‌رێمى کوردستان و عیراق بۆ دانوستان له‌گه‌ڵ به‌غدا ئاماده‌ بکرێت و تیایدا ڕوون بکرێته‌وه‌ که‌ چۆن حکوومه‌تى عیراق مامه‌ڵه‌یه‌کى نادادپه‌روه‌رانه‌ و نایاسایى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى کوردستان کردووه‌ و ده‌کات، به‌تایبه‌تیش له‌ بواره‌کانى په‌یوه‌ندار به‌ پێشمه‌رگه‌ و بودجه‌ و قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌ى ئه‌و هه‌موو زیانه‌ى له‌سه‌ر ده‌ستى ڕژێمه‌ یه‌ک له‌دواى یه‌که‌کانى عیراق به‌ر هه‌رێمى کوردستان که‌وتووه‌، به‌تایبه‌تیش قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌ى قوربانیانى ئه‌نفال و وێرانکردنى ژێرخانى هه‌رێمى کوردستان، هه‌روه‌ها به‌شى هه‌رێمى کوردستان له‌ قه‌رزه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان و مافه‌ ده‌ستوورییه‌کانى هه‌رێمى کوردستان به‌ به‌شداریپێکردنى له‌ سوودمه‌ندبوون له‌ داهات و ده‌سه‌ڵات له‌ عیراق، وێڕاى هاوکارینه‌کردنى هه‌رێمى کوردستان له‌ حه‌واندنه‌وه‌ى ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران که‌ پێشوازى لێ کردوون.

جه‌ختیشى له‌وه‌ کرده‌وه‌ که‌ هه‌رێمى کوردستان ئاماده‌یه‌ له‌گه‌ڵ عیراق به‌ شێوه‌یه‌کى ئاشتیانه‌ بکه‌وێته‌ پرۆسه‌یه‌کى دانوستانى ته‌ندروست بۆ چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کان و گه‌یشتنى گه‌لى کوردستان به‌ داوا و مافه‌ ڕه‌واکانى.

پاشان د.محه‌مه‌د هاودیانى وه‌زیرى کار و کاروبارى کۆمه‌ڵایه‌تى و ئه‌ندامى شاندى ڕیفراندۆم که‌ هه‌فته‌ى ڕابردوو به‌ یاوه‌ریى جه‌نابى مه‌سعوود بارزانى سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان سه‌ردانى به‌لجیکایان کرد، پوخته‌یه‌کى ده‌رباره‌ى سه‌ردانه‌که‌ پێشکه‌ش کرد و ڕوونى کرده‌وه‌ که‌ شانده‌که‌ کۆمه‌ڵێک دیدار و کۆبوونه‌وه‌ى ئه‌رێنییان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ حکوومى و په‌رله‌مانییه‌کانى به‌لجیکا و ئه‌ورووپا ئه‌نجام داوه‌ و دید و خواستى گه‌لى کوردستانى بۆ پرسى ڕیفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیى گه‌یاندووه‌ته‌ ئه‌ورووپییه‌کان، ئه‌وانیش به‌ شێوه‌یه‌کى ئه‌رێنى پێشوازییان له‌و خواسته‌ى گه‌لى کوردستان کردووه‌.

هه‌روه‌ها باسى له‌ به‌شداریى خۆیان له‌ 106مین کۆنفرانسى ساڵانه‌ى ڕێکخراوى کارى نێوده‌وڵه‌تى له‌ جنێڤ کرد که‌ 184 وڵات له‌سه‌ر ئاستى وه‌زیرى کار به‌شدارى تێدا ده‌که‌ن و ئاماژه‌ى به‌ کۆمه‌ڵێک دیدار و چاوپێکه‌وتن له‌گه‌ڵ شاندى وڵاتان کرد که‌ تیایاندا خواستى گه‌لى کوردستانى خستووه‌ته‌ ڕوو.

پاشان ڕابه‌ر سدیق بریکارى وه‌زاره‌تى دارایى و ئابوورى به‌وه‌کاله‌ت پێشنیارى وه‌زاره‌تى سه‌باره‌ت به‌ لێخۆشبوون له‌و سزا و سووانه‌ خسته‌ ڕوو که‌ که‌وتوونه‌ته‌ ئه‌ستۆى قه‌رزارانى باج بۆ ساڵانى پێشوو به‌ مه‌رجێک له‌ ماوه‌ى 90 ڕۆژدا له‌ ڕێکه‌وتى ده‌رچوونى بڕیاره‌که‌وه‌‌ باجى بنه‌ڕه‌تى بده‌ن به‌ وه‌زاره‌ت، ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانیش پێشنیاره‌که‌ى په‌سه‌ند کرد که‌ ده‌بێته‌ هاندانێک تاکو باجده‌ران له‌ هه‌رێمى کوردستان باج بده‌ن.

هه‌روه‌ها د. یووسف گۆران وه‌زیرى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى، پێشنیارى بۆردى په‌روه‌رده‌ و خوێندنى باڵاى خسته‌ ڕوو که‌ وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ پێشکه‌ش به‌ بۆرده‌که‌ى کردبوو بۆ په‌سه‌ندکردنى ڕه‌شنووسى په‌یڕه‌وى به‌خشینى نازناوى زانستى و به‌رزکردنه‌وه‌ى زانستى بۆ هه‌ڵگرانى بڕوانامه‌ى ماسته‌ر و دکتۆرا، یان بڕوانامه‌ى هاوتایان‌ که‌ له‌ وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ کار ده‌که‌ن. دواى گفتوگۆ و ڕاگۆڕینه‌وه‌ له‌سه‌ر پێنشاره‌که‌، ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ڕه‌شنووسى په‌یڕه‌وه‌که‌ى په‌سه‌ند کرد.

 


زۆرترین خوێندراو