فۆرینه‌ پۆڵسی: نێچیرڤان بارزانى نه‌یارى پێشووى کوردستانى گۆڕى به‌ هاوبه‌شى بازرگانی

7/20/2017 10:15:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز






دامه‌زراوه‌ى فۆرینه‌ پۆڵسى ڕاپۆرتێکى شیکارى به‌ناونیشانى (کامیان ده‌وڵه‌تى شکستخواردوو ده‌‌بن، کوردستان یان عێراق؟) باس له‌ هۆکاره‌کانى سه‌رکه‌وتنى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان ده‌کات که‌ بریتین له‌ چه‌ندین کارى سه‌رکه‌وتووى نێچیرڤان بارزانى وه‌ک سه‌رۆکى ئه‌و حکوومه‌ته‌.

له‌ ڕاپۆرته‌که‌دا، فۆرینه‌ پۆڵسى لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کى شیکارى بۆ دوو قۆناغى ده‌سه‌ڵاتداریى هه‌رێمى کوردستان و عێراق کردووه‌ له‌ سه‌رده‌مى سه‌رۆکایه‌تیى حکوومه‌تى هه‌ڕێم له‌لایه‌ن نێچیرڤان بارزانى و حکوومه‌تى به‌غدا به‌ سه‌رۆکایه‌تیى نوورى مالکى و له‌و باره‌یه‌وه‌ ئاماژه‌ى به‌ چه‌ندین دۆسیه‌ى گه‌نده‌ڵیى گه‌وره‌ى مالکى سه‌رۆک وه‌زیرانى ئه‌وکاتى عێراق کردووه‌ که‌ خۆى له‌ به‌هه‌ده‌ردانى سه‌دان ملیار دۆلارى عێراق و بڵاوکردنه‌وه‌ى شه‌ڕ و کوشتن و زیندانیکردنى سوننه‌کان و له‌ناوبردنى سوپاى عێراق و گۆڕینیه‌تى به‌ ملیشیادا ده‌بینێته‌وه‌.

له‌ به‌رامبه‌ردا و وه‌ک به‌راوردکارییه‌ک، باس له‌ چه‌ند کارێکى گرنگى نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان کراوه‌ که‌ به‌ ئامانجى بنیادنانى ده‌وڵه‌تى کوردستان و بناغه‌ى ئابووریى کوردستان ئه‌نجامى داوه‌. 

نووسه‌ر ده‌نووسێت: نێچیرڤان بارزانى ئه‌و که‌سه‌یه‌ که‌ هه‌نارده‌ى نه‌وتى کوردستانى بۆ تورکیا ده‌ستپیکرد و‌ بووه‌ هۆکارى دامه‌زراندن و پته‌وترکردنى په‌یوه‌ندیى نێوان تورکیا و هه‌رێمى کوردستان، به‌تایبه‌تى بڕیارى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان بۆ هه‌نارده‌کردنى نه‌وتى هه‌رێمه‌که‌ى بۆ بازاڕه‌کانى جیهان له‌ ڕێى تورکیاوه‌، به‌وه‌ش ئه‌مڕۆ کوردستان له‌ سایه‌ى په‌یوه‌ندیى سه‌رۆکى حکوومه‌ته‌که‌ى له‌گه‌ڵ تورکیا بووه‌ته‌ هه‌ناره‌کارى سه‌ره‌کیى نه‌وت له‌ ڕێى ئه‌و وڵاته‌وه‌. هه‌روه‌ها له‌ سایه‌ى سه‌رکردایه‌تیى ئه‌ودا قه‌باره‌ى بازرگانیى نێوان هه‌رێمى کوردستان و تورکیا هه‌شت ملیار دۆلاره‌، بارزانى نه‌یارى پێشووى کوردستانى گۆڕى به‌ هاوبه‌شى بازرگانی، ئه‌وانه‌ش له‌به‌ر چه‌ند هۆکارێک ڕوویان داوه‌، نێچیرڤان بارزانى له‌ سه‌ره‌تاى ده‌ستپیکردندا ڕایگه‌یاند که‌ ئامانجى ته‌نیا دامه‌زراندنى ده‌وڵه‌ته‌ له‌ هه‌رێمى کوردستان و ناگاته‌ سنووره‌کانى تورکیا، که‌ ئه‌وه‌ش یارمه‌تى هێورکردنه‌وه‌ى تورکیایان دا.

دامه‌زراوه‌ى فۆرینه‌ پۆڵسى له‌ ڕاپۆرته‌ شیکارییه‌که‌ى دا باسى له‌وه‌ کردووه‌ که‌ پیشه‌سازیى نه‌وتى کوردستان به‌ ڕادده‌یه‌ک سه‌رکه‌وتوو بووه‌ که‌ توانیویه‌تى چه‌ندین کۆمپانیاى مه‌زنى وه‌ک ئیکسۆن مۆبیل و شیفرۆن بێنێته‌ هه‌رێمى کوردستان بۆ وه‌به‌رهێنان له‌ که‌رتى نه‌وت، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ماناى ئه‌وه‌ش بێت که‌ ئه‌وان نه‌توانن له‌ عێراق وه‌به‌رهێنان بکه‌ن. هه‌ربۆیه‌، فۆرینه‌ پۆڵسى ئه‌وه‌ى بۆ ئه‌و ڕاستییه‌ گه‌ڕانده‌وه‌ که‌ نێچیرڤان بارزانى توانیویه‌تى دڵنیایى بدات که‌ کوردستان به‌ ‌ئارامى ده‌مێنیته‌وه‌ و دوور ده‌بێت له‌ شه‌ڕى مه‌زهه‌بى و هه‌روه‌ها یارمه‌تیى قه‌ناعه‌تپێکردنى وه‌به‌رهێنه‌ره‌ بیانییه‌کانى داوه‌ بێنه‌ کوردستان به‌ تورکه‌کانیشه‌وه‌.

دامه‌زراندنى بنه‌ماکانى ده‌وڵه‌ت، به‌شێکى دیکه‌ى ڕاپۆرتى دامه‌زراوه‌که‌ بوو که‌ تیایدا ئاماژه‌ى به‌ ڕۆڵى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان کردووه‌ له‌ پێشکه‌شکردنى چه‌ندین پرۆژه‌ى گه‌شه‌کردن و به‌ره‌وپێشبردنى هه‌رێمه‌که‌ و ئه‌وانه‌ش یارمه‌تیده‌ربوون بۆ دامه‌زراندنى بنه‌ماکانى ده‌وڵه‌ت، که‌ کورده‌کان هیوایانه‌ دایبمه‌زرێنن دواى ئه‌نجامدانى ڕیفراندۆم. هه‌روه‌ها هه‌وڵیداوه‌ گه‌نده‌ڵى له‌ حکومه‌ته‌که‌ نه‌هێڵێت و پاره‌ى به‌فیرۆدراو بگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ خه‌زێنه‌ى حکومه‌ت، و به‌ ‌یارمه‌تیى ئه‌مریکا، ئه‌ڵمانیا و به‌ریتانیا چاکسازى له‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ ده‌ست پیکردووه‌ و ده‌یه‌وێت سوپایه‌کى یه‌کگرتووى به‌هێز بۆ پاراستنى ده‌وڵه‌ته‌ نوێیه‌که‌ دابمه‌زرێنیت.

فۆرینه‌ پۆڵسی، تواناى سه‌رۆکى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستانى نیشان داوه‌ وه‌ک سه‌رکرده‌یه‌کى ڕاسته‌قینه‌ له‌ بنیادنانى هاوپه‌یمانێتى و گۆڕینى نه‌یاره‌کان بۆ هاوبه‌شى بازرگانی، ده‌سته‌به‌رى سه‌لامه‌تى بۆ هه‌مووان، پارێزگاریکردن له‌ که‌مینه‌کان، خۆبه‌دوورخستن له‌ شه‌ڕى مه‌زهه‌بی، پێشخستنى هه‌ریمى کوردستان، یه‌کخستنى هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌ و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵی، ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییانه‌ ده‌ریده‌خات که‌ وه‌ک ده‌وڵه‌تمه‌دارێک ده‌زانێت چۆن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ کێشه‌ و قه‌یرانه‌کاندا بکات، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به‌ره‌وڕووى زۆر کۆسپى گه‌وره‌ش بێته‌وه‌، له‌وانه‌ هه‌وڵى ئێران بۆ شکست پێهێنانى پڕۆسه‌ى سه‌ربه‌خۆیى کوردستان، دوودڵیى تورکیا له‌سه‌ر پرسى ڕیفراندۆم، کێشه‌ى سنووره‌کان و بوونى میلیشیا و چه‌ندین گرفتى دیکه‌.

ئه‌مه‌ له‌ کاتێکدایه‌ که‌ ڕاپۆرته‌ شیکارییه‌که‌ى فۆرینه‌ پۆڵسی، به‌ خستنه‌ڕووى ئامارى سه‌رچاوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان، پێشێلکارییه‌کانى نوورى مالکى سه‌رۆک وه‌زیرانى پێشووى عێراقى باس کردووه‌، له‌وانه‌، دابه‌زاندنى ڕێژه‌ى سوننه‌کان له‌ به‌غدا له‌ ٤٥ له‌سه‌دا بۆ له‌سه‌دا ٢٥ تا ساڵى ٢٠٠٧ و کوژرانى هه‌زاران خه‌ڵکى سڤیل و بێتاوان له‌ ئه‌نجامى نانه‌وه‌ى ناکۆکیى مه‌زهه‌بی. ڕاپۆرته‌که‌ ئاماژه‌ى به‌ هه‌واڵێکى پێشترى ڕۆژنامه‌ى (نیۆیۆرک تایمز) کردووه‌ له‌سه‌ر دیارنه‌مانى بڕى ٢٢٠ ملیار دۆلارى حکومه‌تى عێراق له‌ سه‌رده‌مى نوورى مالکى که‌ بۆ جێبه‌جێکردنى شه‌ش هه‌زار پڕۆژه‌ ته‌رخان کرابوو، تائێستاش هۆکارى جێبه‌جێ نه‌کرانى ئه‌و پڕۆژانه‌ به‌ نادیارى ماوه‌ته‌وه‌.

فۆرینه‌ پۆڵسی، ڕاپۆرتێکى (هیومه‌ن ڕایتس وۆچ)ى وه‌ک به‌ڵگه‌ هێناوه‌ته‌وه‌ که‌ چۆن له‌ سه‌رده‌مى مالکیدا سوننه‌کان سه‌رکوت و زیندانى ده‌کران و چه‌ندین سه‌رکرده‌ى دیاریان له‌وانه‌ تارق هاشمى ناچار کرا وڵات جێبهێڵێت و ئه‌وه‌ش واى کرد سوننه‌کان زیاتر له‌ سیاسه‌ته‌کانى مالکى بێ هیوا بن. به‌ گوێره‌ى ڕاپۆرته‌که‌ى فۆرینه‌ پۆڵسی، مالکى له‌پێناو درێژه‌دان به‌ ده‌سه‌ڵاتداریى خۆی، هه‌ژمونى ئێرانى له‌ ناوخۆى وڵاتدا زیاتر کرد، هه‌ربۆیه‌ توندڕه‌وى و سیاسه‌تى هه‌ڵه‌ى ئه‌و بوو که‌ عێراقى به‌ ڕۆژه‌ گه‌یاند که‌ ببێته‌ وڵاتێکى شکستخواردوو.

نووسه‌رى ڕاپۆرته‌ شیکارییه‌که‌ له‌سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌یه‌ که‌ پێویسته‌ پاڵپشتیى کورد بکرێت بۆ دامه‌زراندن و بونیادنانى ده‌وڵه‌تێکى مه‌ده‌نى له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست که‌ ڕێز له‌ مافه‌کانى مرۆڤ وکه‌مینه‌ نه‌ته‌وه‌یى و ئاینییه‌کانى ده‌گرێت.


زۆرترین خوێندراو