وه‌زیری ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ و نیشته‌جێکردن : له‌سه‌رجه‌م کوردستان پرۆژه‌ى گرنگ و ستراتیژیمان هه‌یه‌

8/17/2017 6:51:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز








سه‌رله‌به‌یانى ئه‌مڕۆ پێنج شه‌ممه‌ 17-8-2017 ده‌رباز کۆسره‌ت ره‌سول وه‌زیری ئاوه‌دانکردنه‌وه‌و نیشته‌جێکردن به‌ یاوه‌رى ژماره‌یه‌ک له‌ په‌رله‌مانتاران و به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتییه‌کان سه‌ردانى ئیداره‌ى راپه‌ڕینى کردو به‌شێک له‌ پرۆژه‌کانى ده‌ڤه‌ره‌که‌ى به‌سه‌رکرده‌وه‌و رایگه‌یاند که‌ به‌رده‌وام ده‌بن له‌ ته‌واوکردنى پرۆژه‌ ستراتیژییه‌کانى ناوچه‌که‌.

له‌ سه‌ره‌تاى سه‌ردانه‌که‌یدا وه‌زیری ئاوه‌دانکردنه‌وه‌و نیشته‌جێکردن سه‌ردانى ئیداره‌ى راپه‌ڕین کردو له‌گه‌ڵ لێپرسراوانى ئیداره‌ى راپه‌ڕین کۆبوویه‌وه‌ و جه‌ختى له‌وه‌ کرده‌وه‌ که‌ وه‌زاره‌تى ئاوه‌دانکردنه‌وه‌و نیشته‌جێکردن پرۆژه‌ى گرنگى بۆ ده‌ڤه‌ره‌که‌ هه‌یه‌و له‌ هه‌وڵی باشتر خزمه‌تکردنن به‌م ناوچه‌یه‌.

له‌میانى سه‌ردانه‌ مه‌یدانییه‌که‌یدا وه‌زیری ئاوه‌دانکردنه‌وه‌و نیشته‌جێکردن سه‌ردانى پرۆژه‌ى چاککردنى رێگاى ناو شاره‌دێی بۆسکێنى کردو دواتر پرۆژه‌ى دووسایدی (ده‌ربه‌ند- ژاراوه‌)ى کرد، که‌ تازه‌ ده‌ستکراوه‌ به‌کارکردن تێیداو به‌پێی پلان و به‌رنامه‌ى داڕێژراوى وه‌زاره‌ت جێبه‌جێ ده‌کرێ.

پرۆژه‌ى قیرتاوکردنى رێگاى (داره‌شمانه‌- مه‌رزى کێلێ)ى وێستگه‌یه‌کى ترى سه‌ردانه‌که‌ى وه‌زیری ئاوه‌دانکردنه‌وه‌و نیشته‌جێ کردن بوو، که‌ ئه‌م پرۆژه‌یه‌ له‌ ئێستادا 50%ى کاره‌کان ته‌واوبووه‌و کارکردن تێیدا به‌رده‌وامه‌. وه‌زیری ئاوه‌دانکردنه‌وه‌و نیشته‌جێکردن په‌یوه‌ست به‌م پرۆژه‌یه‌ وتی"ئامانجی سه‌ره‌کى سه‌ردانه‌که‌مان به‌سه‌رکردنه‌وه‌ى پرۆژه‌ى قیرتاوکردنى رێگاى "داره‌شمانه‌- مه‌رزى کێلێ"یه‌ که‌ پرۆژه‌یه‌کى یه‌کجار گرنگ و ستراتیژیه‌ بۆ دانیشتوانى ده‌ڤه‌ره‌که‌و هاوکارێکى گرنگ ده‌بێ بۆ سوود گه‌یاندن به‌بوارى بازرگانى و ئاڵوگۆڕى بازرگانى له‌ هه‌رێمى کوردستان و ناوچه‌که‌، که‌ خاڵێکى گرنگى سنوورى نێوان هه‌رێمى کوردستان و کۆمارى ئیسلامى ئێرانه‌.

له‌میانى سه‌ردانه‌که‌یدا وه‌زیری ئاوه‌دانکردنه‌وه‌و نیشته‌جێکردن رایگه‌یاند که‌ له‌م سنووره‌دا له‌ ئێستادا چه‌ند پرۆژه‌ى سه‌ره‌کى کاریان تێدا ده‌کرێ و به‌رده‌وامن و ده‌ست کراوه‌ته‌وه‌ به‌کارکردن تێیداو له‌ داهاتووشدا چه‌ند پرۆژه‌یه‌کى تر ده‌ست ده‌کرێ به‌کارکردن تێیاندا".

له‌ وه‌ڵامى پرسیارێکى رۆژنامه‌نووسان و په‌یوه‌ست به‌ پرۆژه‌کانى وه‌زاره‌تى ئاوه‌دانکردنه‌وه‌و نیشته‌جێکردن له‌ ته‌واوى هه‌رێمى کوردستان، وه‌زیری ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ و نیشته‌جێکردن گوتى"له‌سه‌رجه‌م شار و شارۆچکه‌کانى کوردستان پرۆژه‌ى گرنگ و ستراتیژیمان هه‌یه‌ که‌ ده‌ستکراوه‌ته‌وه‌ به‌کارکردن تێیانداو به‌رده‌وامیش ده‌بین له‌ خستنه‌وه‌گه‌ڕی پرۆژه‌کانمان".


زۆرترین خوێندراو