4
7 له‌هه‌رێمى کوردستان زیاتر له‌هه‌زار که‌س تۆمه‌تى داعشبوونیان به‌سه‌ردا ساغ بۆته‌وه‌
13/9/2017
Increase text size Decrease text size

جه‌ماوه‌رنیوز







زۆرینه‌ى رێکخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان له‌ راپۆرته‌کانیان سه‌باره‌ت به‌ ره‌وشى مرۆیى له‌ هه‌رێمى کوردستان جه‌ختیان خستووه‌ته‌ سه‌ر چۆنیه‌تى مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ ئه‌و گومانلێکراوانه‌ى به‌ تۆمه‌تى بوونى په‌یوه‌ندى به‌ چه‌کدارانى داعش ده‌ستگیر ده‌کرێن ئه‌مانه‌ و کۆمه‌ڵێک پرسیارى دیکه‌ رۆژانه‌ به‌ به‌رده‌وامى رووبه‌رووى حکومه‌تى هه‌رێم ده‌کرێته‌وه‌، له‌مباره‌یه‌وه‌ دیندارى زێبارى رایگه‌یاند، هه‌موو ئه‌و گومانلێکراوانه‌ى به‌ تۆمه‌تى بوونى په‌یوه‌ندى به‌ چه‌کدارانى داعشه‌وه‌ ده‌ستگیر ده‌کرێن وه‌ک هه‌موو به‌ندکراوه‌کانى دیکه‌ له‌به‌رده‌م یاسادا یه‌کسانن، ئه‌وانیش مافى ته‌واوى خۆیان له‌ گرتنى پارێزه‌ر هه‌یه‌.

د. دیندار زێبارى سه‌رۆکى کۆمیته‌ى وه‌ڵامدانه‌وه‌ى راپۆرته‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان له‌ لێدوانێکیدا سه‌باره‌ت به‌و پرسیارانه‌ى به‌رده‌وام رووبه‌رووى حکومه‌تى هه‌رێم ده‌کرێنه‌وه‌ رایگه‌یاند" هه‌موو ئه‌و گومانلێکراوانه‌ى به‌ تۆمه‌تى بوونى په‌یوه‌ندى به‌ چه‌کدارانى داعشه‌وه‌ ده‌ستگیر ده‌کرێن وه‌ک هه‌موو به‌ندکراوه‌کانى دیکه‌ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌کرێت و له‌به‌رده‌م یاسادا یه‌کسانن، ئه‌وانیش وه‌ک هه‌موو ده‌ستگیرکراوه‌کانى دیکه‌ مافى ته‌واوى خۆیان له‌ گرتنى پارێزه‌ر هه‌یه‌ و ده‌توانن به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ک پارێزگارى له‌ خۆیان بکه‌ن. بۆ نموونه‌ له‌ ماوه‌ى سێ ساڵى رابردوودا له‌ شاره‌کانى هه‌ولێر، سلێمانی، دهۆک و که‌رکوک ٢٦٥٢ که‌س به‌ تۆمه‌تى بوونى په‌یوه‌ندى به‌ چه‌کدارانى داعش ده‌ستگیرکراون،  ١١١٠ که‌سیان تۆمه‌ته‌که‌یان به‌سه‌ردا ساغ بووه‌وه‌ و سزاى سێ ساڵ زیندانى تا زیندانى تاهه‌تاییان به‌سه‌ردا سه‌پێندراوه‌، به‌هۆى بێتاوانیان ٨٧٠ که‌سیان ئازادکران و ٦٧٢ که‌سیشیان تا ئێستا له‌ژێر لێکۆڵینه‌وه‌دان".

له‌ به‌شێکى دیکه‌ى قسه‌کانیدا زێبارى رایگه‌یاند" پرۆسه‌ى دادگایى کردنى ئه‌و که‌سانه‌ى به‌ تۆمه‌تى تێوه‌گلان له‌ کارى تیرۆریستییه‌وه‌ ده‌ستگیرکراون له‌ دادگاکانى لێکۆڵینه‌وه‌ و تاوان له‌ هه‌رێمى کوردستان به‌ڕێوه‌ ده‌چێت و دواتر به‌پێى یاساى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆر ژماره‌ (٣)ى ساڵى ٢006، هه‌روه‌ها به‌پێى یاساى ژماره‌ (٢١)ى ساڵى 2003ى په‌رله‌مانى کوردستان و یاساى سزادانى عێراقى ژماره‌ (١١١)ى ساڵى 1969ى هه‌موار کراو تاوانبار ده‌کرێن و ئه‌وه‌ى تاوانباربێت سزاده‌درێت و ئه‌وانى دیکه‌یان ئازاد ده‌کرێن".

سه‌رۆکى کۆمیته‌ى وه‌ڵامدانه‌وه‌ى راپۆرته‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان گووتیشی" به‌پێى یاسا کارپێکراوه‌کانى عێراق و هه‌رێمى کوردستان به‌ تایبه‌تى له‌ تاوانى تیرۆر، تایبه‌تمه‌ندى شوێنى رووداو (اڵ‌ختصاص المکانى) پێڕه‌و ناکرێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ى تیرۆر جیاوازى ناکات له‌ سنوورى نێوان پارێزگا بۆ پارێزگایه‌کى دیکه‌ یاخود شوێن بۆ شوێنێکى دیکه‌. هه‌روه‌ها ئه‌رکى سه‌ره‌کى ده‌زگاکانى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆر گشتگیره‌ له‌ مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ تاوانى تیرۆر و هه‌موو گومانلێکراوانى تیرۆر به‌یه‌ک جۆر مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵده‌کرێت به‌بێ جیاوازی".

د. دیندار زێبارى رایگه‌یاند ئامار و ژماره‌ى گومانلێکراوان له‌شارێک بۆ شارێکى دیکه‌ جیاوازى هه‌یه‌، به‌پێى دواین ئاماره‌کان له‌شارى هه‌ولێر ٦٧٥ که‌س به‌ تۆمه‌تى بوونى په‌یوه‌ندى به‌ چه‌کدارانى داعش ده‌ستگیرکراون که‌ ٦١٩ که‌سیان تاوانه‌که‌یان به‌سه‌ردا ساغ بۆته‌وه‌ و سزادراون و ٥٦ که‌یسیشیان بێتاوان بوون ئازاد کراون. له‌ شارى سلێمانى ٣٥ گومانلێکراو ده‌ستگیرکراون که‌ ٢٢ که‌سیان بێتاوان ده‌رچوون  وئازادکران ١٣که‌سیشیان هێشتا له‌ژێر لێکۆڵینه‌وه‌دان. له‌ شارى دهۆک ١٥٩٤ گومانلێکراو ده‌ستگیرکراون، ٤٥٦ که‌سیان سزادراون، ٦١٦یان ئازادکراون و ٥٢٢ که‌سیان هێشتا له‌ژێر لێکۆڵینه‌وه‌دان چوونکه‌ گومانیان له‌سه‌ره‌ وبه‌ڵگه‌ى ته‌واویش بۆ تۆمه‌تبار کردنیان له‌به‌رده‌ستدا نییه‌. له‌ شارى که‌رکووکیش ٣٤٨ که‌س به‌ تۆمه‌تى بوونى په‌یوه‌ندى به‌ چه‌کدارانى داعش ده‌ستگیرکراون،  ٣٥ که‌سیان سزادراون، ١٧٦ که‌سیان ئازادکراون و ئه‌وانیدیکه‌ که‌ ژماره‌یان ١٣٧ که‌سه‌ که‌ تا ئێستاش له‌ژێر لێکۆڵینه‌وه‌دان.
 
له‌ کۆتایى قسه‌کانیدا زێبارى جه‌ختى له‌سه‌ر ئه‌وه‌ کرده‌وه‌ که‌ هه‌موو گومانلێکراوان له‌به‌رده‌م دادگادا یه‌کسانن و وهه‌مووان وه‌ک یه‌ک هه‌مان ئه‌و مافانه‌یان هه‌یه‌ که‌ هه‌موو به‌ندکراوێک هه‌یه‌تی، ئه‌وه‌ى که‌ ده‌گوترێت رێگا نادرێت به‌ گومانلێکراوانى داعش پارێزه‌ر بۆخۆیان بگرن ئه‌سڵ و ئه‌ساسى نییه‌، چوونکه‌ ئه‌وانیش وه‌ک هه‌موو راگیراوان مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌کرێت و مافى گرتنى پارێزه‌ر و بینى ئه‌ندامانى بنه‌ماڵه‌که‌یان هه‌یه‌ به‌بێ جیاوازی.


ناو
کۆمێنت



hizb
5
ئایا کێشه‌کانى هه‌رێم به‌هه‌ڵبژاردن چاره‌سه‌ر ده‌بێت ؟


نێچیرڤان بارزانى : حکومه‌ت له‌هه‌وڵى به‌رده‌وامدایه‌ ژێرخانێکى ئه‌لکترۆنیى دابمه‌زرێنێت
حوکمڕانى له‌ ژێر چه‌ترى ساخته‌کاریدا
رۆڵ و گرنگى گه‌نج له‌ هه‌ڵبژاردندا
گرتنه‌وه‌ى ئاوى دیجله‌له‌لایه‌ن تورکیاو که‌مبونه‌وه‌ى ئاوى عێراق
حه‌شدى شه‌عبى ده‌ستى به‌ ته‌عریب کردنى که‌رکوک کردووه‌
حکومه‌تى هه‌رێم وه‌ڵامى چه‌ند راپۆرتێکى ناوخۆیى و نێوده‌وڵه‌تى ده‌داته‌وه‌
Created by AVESTA Group