بارزانى: نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان و کۆمه‌ڵى نێوده‌وڵه‌تى پێچه‌وانه‌ى ڕێکه‌وتنامه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان و میساقى نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کاندا ڕه‌فتاریان کرد

9/24/2017 5:41:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز








ڕۆژى یه‌ک شه‌ممه‌ ٢٤ی ئه‌یلولى ٢٠١٧ له‌ سه‌لاحه‌ددین به‌ڕێز مه‌سعود بارزانى سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان پێشوازى له‌ یان کۆبیس نوێنه‌رى تایبه‌تى سکرتێرى گشتیى ڕێکخراوى نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان له‌ عێراق کرد.

له‌ دیداره‌که‌دا کۆبیس ڕایگه‌یاند که‌ بۆ ئه‌وه‌ هاتووه‌ دوایین هه‌نگاوه‌کان و هه‌ڵسه‌نگاندنى بارزانى له‌باره‌ى ڕه‌وشى ئێستا و دواى ئه‌نجامدانى ڕیفراندۆم بزانێت.

بارزانى وێڕاى به‌خێرهێنانى نوێنه‌رى تایبه‌تى سکرتێرى گشتیى ڕێکخراوى نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان، نیگه‌رانیى خۆى له‌ هه‌ڵوێستى ڕێکخراوى نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان و کۆمه‌ڵى نێوده‌وڵه‌تى ڕاگه‌یاند که‌ پێچه‌وانه‌ى هه‌موو بنه‌مایانه‌ ڕه‌فتاریان کرد که‌ له‌ ڕێککه‌وتننامه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان و خودى میساقى نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کاندا وه‌ک مافێکى سه‌ره‌تایى بۆ گه‌لان چه‌سپاوه‌، که‌چى به‌و شێوه‌یه‌ له‌گه‌ڵ خواستى گه‌لى کوردستان بۆ ده‌ربڕینى ڕا له‌سه‌ر چاره‌نووسى خۆی، مامه‌ڵه‌یان کرد.

بارزانى جه‌ختیشى کرده‌وه‌ که‌ ڕیفراندۆم ساده‌ترین مافى دیموکراسییه‌ و گه‌لى ئێمه‌ بڕیارى خۆى داوه‌ و له‌و بڕیاره‌ش پاشگه‌ز نابێته‌وه‌ و ڕۆژى ٢٥ی ئه‌یلولى ٢٠١٧ ڕیفراندۆم به‌ڕێوه‌ده‌چێت و دواى ئه‌وه‌ش ده‌رگاى گفتوگۆمان له‌گه‌ڵ به‌غدا کراوه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى له‌سه‌ر سنوور و هه‌موو بابه‌ته‌کانى دیکه‌ قسه‌ بکه‌ین و به‌شێوه‌یه‌کى ئاشتیانه‌ و لێکتێگه‌یشتن ببینه‌ دوو دراوسێى باش.

بارزانى ته‌ئکیدیشى کرده‌وه‌ که‌ کوردستان وه‌ک پێشتر له‌ ڕۆڵى کاراى خۆى له‌ هاوپه‌یمانێتیى دژى داعش، هه‌روه‌ها هه‌ماهه‌نگیى نێوان هێزى پێشمه‌رگه‌ى کوردستان و سوپاى عێراق دژى تیرۆر، به‌رده‌وام ده‌بێت و سیاسه‌تیشمان به‌رانبه‌ر حه‌واندنه‌وه‌ى ئاواره‌کان وه‌ک خۆیه‌تى و ئه‌وانه‌ براى ئێمه‌ن و ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ى له‌نێوان پێکهاته‌ نه‌ته‌وه‌یى و ئاینى و مه‌زهه‌بییه‌کاندا هه‌یه‌ وه‌کخۆى ده‌مێنێته‌وه‌.

نوێنه‌رى سکرتێرى گشتیى نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان سوپاسى هه‌ڵوێسته‌کانى بارزانى کرد له‌باره‌ى شه‌ڕ دژى داعش و هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ سووپاى عێراق و حه‌واندنه‌وه‌ى ئاوه‌ره‌کان و به‌ڵێنیشى دا نیگه‌رانییه‌کانى بارزانى له‌باره‌ى هه‌ڵوێستى نێوده‌وڵه‌تى به‌هه‌موو لایه‌ک ڕابگه‌یه‌نێت و له‌ ئه‌رکى خۆشیان که‌ ڕێگه‌گرتنه‌ له‌ ململانێ و هه‌وڵدانیان بۆ نزیککردنه‌وه‌ى بۆچوونه‌ جیاوازه‌کان، به‌رده‌وام ده‌بن.


زۆرترین خوێندراو