راگه‌یه‌ندراوى ئه‌نجوومه‌نى باڵاى ڕیفراندۆم

9/24/2017 5:45:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز







ئه‌مڕۆ یه‌ک شه‌ممه‌24 ى ئه‌یلولى 2017 له‌ سه‌لاحه‌دین ئه‌نجوومه‌نى باڵاى راپرسى به‌ئاماده‌بوونى به‌رێز محه‌مه‌د حاجى مه‌حمود و به‌ سه‌رپه‌رشتیى به‌ڕێز مه‌سعود بارزانى سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان کۆبۆوه‌.

ئه‌نجوومه‌نى باڵاى راپرسى له‌ هه‌رێمى کوردستان له‌ راگه‌یه‌ندراوێکدا بڕیار و ورده‌کارییه‌کانى کۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆى ئه‌نجوومه‌نى باڵاى راپرسى خسته‌ڕوو .
 ئه‌مه‌ ده‌قه‌که‌یه‌تى :

ڕۆژى یه‌ک شه‌ممه‌ ٢٤ـی٩ـی٢٠١٧ له‌ سه‌لاحه‌دین ئه‌نجوومه‌نى باڵاى ڕیفراندۆم به‌ سه‌رپه‌رشتیى به‌ڕێز مه‌سعود بارزانى کۆبۆوه‌.

له‌سه‌ره‌تاى کۆبوونه‌وه‌که‌دا باسى دوایین پێشهاته‌ ناوچه‌یى و نێوده‌وڵه‌تییه‌کانى په‌یوه‌ست به‌ ڕیفراندۆمى سه‌ربه‌خۆیى کوردستان کرا و به‌ڕێز مه‌سعود بارزانى باسى ئه‌و کۆبوونه‌وه‌ و په‌یوه‌ندییانه‌ى کرد که‌ له‌چه‌ند ڕۆژى ڕابردوودا له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان هه‌بووه‌. 

دواتر شاندى کوردستان که‌ ڕۆژى ٢٣ـی٩ـی٢٠١٧ سه‌ردانى به‌غدایان کردبوو، ئه‌نجامى سه‌ردانه‌که‌ و گفتوگۆیان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ عێراقییه‌کان خسته‌ڕوو و ڕوونیان کرده‌وه‌ که‌ به‌غدا به‌هیچ شێوه‌یه‌ک، ئێستا و له‌ داهاتووشدا، ڕیفراندۆم قبوڵ ناکات و به‌ ته‌واوى دژى ڕیفراندۆمى سه‌ربه‌خۆیى کوردستان بوون و ده‌ستپێشخه‌رییه‌که‌ى به‌ڕێز سه‌رۆککۆمارى عێراق و هه‌موو هه‌وڵه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کانیشیان ڕه‌ت کردۆته‌وه‌ و ئاماده‌ نه‌بوون له‌باره‌ى سه‌ربه‌خۆیى کوردستان هیچ گفتوگۆیه‌ک بکه‌ن.

شانده‌که‌ ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو که‌ به‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانى عێراقیان ڕاگه‌یاندووه‌ که‌ ئه‌وه‌ بڕیارى گه‌لى کوردستانه‌ و ڕیفراندۆم له‌کاتى دیاریکراوى خۆیدا، له‌ هه‌رێمى کوردستان و ته‌واوى ناوچه‌ کوردستانییه‌کانى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێم، به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

دواتر لیژنه‌ى ئاماده‌کردنى به‌ڵگه‌نامه‌ى سیاسیى گرێنتیکردنى مافى پێکهاته‌ نه‌ته‌وه‌یى و ئاینییه‌کان، به‌ڵگه‌نامه‌که‌ى خسته‌ڕوو.

هه‌ر له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا ته‌ئکید کرایه‌وه‌ که‌ کوردستان له‌ ڕۆڵى کاریگه‌رى خۆى له‌چوارچێوه‌ى هاوپه‌یمانێتیى نێوده‌وڵه‌تیى دژى داعش به‌رده‌وام ده‌بێت و هاوکارى و هه‌ماهه‌نگیى نێوان پێشمه‌رگه‌ و سوپاى عێراق دژى تیرۆر درێژه‌ى ده‌بێت.

دواى شى کردنه‌وه‌ى سه‌رجه‌م پێشهات و هه‌ڵوێسته‌کان، کۆبوونه‌وه‌که‌ ئه‌م بڕیارانه‌ى دا:

یه‌که‌م: ڕۆژى دووشه‌ممه‌ ٢٥ـی٩ـی٢٠١٧، ڕیفراندۆم له‌ هه‌رێمى کوردستان و ته‌واوى ناوچه‌ کوردستانییه‌کانى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێم به‌ڕێوه‌ ده‌چێت.

دووه‌م: کۆبوونه‌وه‌که‌، به‌ڵگه‌نامه‌ى سیاسیى گرێنتیکردنى مافى پێکهاته‌ نه‌ته‌وه‌یى و ئاینییه‌کانى په‌سند کرد و ده‌ستخۆشیى له‌ لیژنه‌ى ئاماده‌کارى به‌ڵگه‌نامه‌که‌ کرد.

سێیه‌م: دواى ئه‌نجامدانى ڕیفراندۆم، ده‌رگاى گفتوگۆ له‌گه‌ڵ عێراق کراوه‌ ده‌بێت. به‌ ئه‌جێندایه‌کى کراوه‌وه‌ و بۆ چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کان و سه‌رجه‌م بابه‌ته‌کان بۆ بوون به‌ دوو دراوسێى باش.

چواره‌م: ئه‌نجوومه‌نى باڵاى ڕیفراندۆم ده‌ستخۆشیى له‌ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانى کوردستان کرد بۆ بڕیارى ئه‌نجامدانى ڕیفراندۆم و سووربوونیان و یه‌کڕیزى و هاوهه‌ڵوێستییان بۆ باشتر به‌ڕێوه‌چوونى ڕیفراندۆم له‌کاتى دیاریکراوى خۆیدا و جه‌ختیش کرایه‌وه‌ که‌ به‌ یه‌کڕیزى به‌سه‌ر هه‌موو ئاسته‌نگه‌کاندا زاڵ ده‌بین.



ئه‌نجوومه‌نى باڵاى ڕیفراندۆم

٢٤ـی٩ـی٢٠١٧


زۆرترین خوێندراو