وه‌زاره‌تى کشتوکاڵ له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى دهۆک کردنه‌وه‌ى کارگه‌یه‌کى رۆنى زه‌یتوون تاوتوێ ده‌که‌ن

11/22/2017 3:39:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز







عه‌بدولستار مه‌جید وه‌زیرى کشتوکاڵ و سه‌رچاوه‌کانى ئاو پێشوازى له‌ لیژنه‌ى کشتوکاڵ له‌ ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى دهۆک کرد به‌ سه‌رۆکایه‌تیى سه‌باح بابیرى سه‌رۆکى لیژنه‌که‌، له‌ کۆبوونه‌وه‌یه‌کدا که‌ ژماره‌یه‌ک له‌ به‌ڕێوه‌به‌رانى گشتیى وه‌زاره‌ت ئاماده‌ى بوون، سه‌ره‌تا شاندى میوان ئامانجى سه‌ردانه‌که‌ى خسته‌ڕوو، که‌ چه‌ندین داواکارى و پێشنیارى له‌خۆگرتبوو، له‌وانه‌ کاراکردنى پرۆسه‌ى ته‌سویه‌ى زه‌ویى کشتوکاڵى له‌ پارێزگاکه‌دا که‌ له‌ئێستادا زۆر به‌ سستى به‌ڕێوه‌ده‌چێت و داوایان کرد که‌ لیژنه‌ پسپۆڕه‌کانى ئه‌م بواره‌ کاره‌کانیان خێراتربکه‌ن و میکانیزمێکى چاکتر بۆ چاره‌سه‌رکردنى ئه‌و کێشانه‌ى که‌ له‌م رووه‌وه‌ دێنه‌ پێش دابنرێت.

 هاوکات شانده‌که‌ داواى کرد که‌ سه‌رپه‌رشتیکردنى پرۆژه‌ کشتوکاڵییه‌کان رێکتر بکرێت، یه‌کێک له‌و کێشانه‌ى که‌ باسیان کرد بریتى بوو له‌وه‌ى که‌ ئه‌م ساڵ قوتابیان له‌ کۆلیژى کشتوکاڵ زۆر که‌م وه‌رگیراون و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش هه‌ردوولا کۆک بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى که‌ بۆ ساڵى داهاتوو هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ لایه‌نى په‌یوه‌ندیدار له‌ وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا بکرێت بۆ چاره‌سه‌رکردنى ئه‌م کێشه‌یه‌ به‌پێى پێویستى و پلانى پارێزگاکه‌و وه‌زاره‌ت، سه‌باره‌ت به‌ کوالیتى به‌روبوومه‌کانى کشتوکاڵ جه‌ختکرایه‌وه‌ که‌ لایه‌نى شاره‌زاو پسپۆڕى کشتوکاڵ زیاتر به‌ ته‌نگ ئه‌م بواره‌وه‌ بێن و گرنگیى به‌ کوالیتى به‌رهه‌مه‌ کشتوکاڵییه‌کان بدرێت.

 شاندى میوان هه‌روه‌ها داواى درووستکردنى پاراستگه‌( محمیه‌) یه‌کى سرووشتییان بۆ پارێزگاکه‌ کرد، هه‌ر له‌میانى کۆبوونه‌وه‌که‌دا چه‌ندین بابه‌تى دیکه‌ گفتوگۆیان ده‌رباره‌ کرا له‌وانه‌ دیارده‌ى هاورده‌کردنى ماسى له‌ ئێرانه‌وه‌ له‌ رێگاى که‌رکووکه‌وه‌، له‌م رووه‌وه‌ وه‌زیرى کشتوکاڵ دووپاتى کرده‌وه‌ که‌ رێوشوێنى گونجاو بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ گیراوه‌ته‌به‌ر، کردنه‌وه‌ى کارگه‌یه‌کى رۆنى زه‌یتوون له‌ پارێزگاکه‌ هاوشێوه‌ى هه‌ولێر داواکارییه‌کى دیکه‌ى لیژنه‌ى کشتوکاڵى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى دهۆک بوو که‌ به‌ گرنگییه‌وه‌ باسى لێوه‌ کرا.


زۆرترین خوێندراو