پرۆژه‌ى به‌نێوده‌وڵه‌تیکردنى زانکۆکانى کوردستان به‌بڕى نزیکه‌ى یه‌ک ملیۆن یۆرۆ ده‌که‌وێته‌ بوارى جێبه‌جێکردنه‌وه‌

11/22/2017 3:47:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز







به‌ئامانجى به‌هێزکردنى په‌یوه‌ندییه‌ زانستى و ئه‌کادیمییه‌کان و به‌نێوده‌وڵه‌تیکردنى زانکۆکانى هه‌رێمى کوردستان پڕۆژه‌ى (TIGRIS) که‌وته‌ بوارى جێبه‌جێکردنه‌وه‌ و، بڕى نزیکه‌ى یه‌ک ملیۆن یۆرۆ-ش بۆ جێبه‌جێکردنى پڕۆژه‌که‌ ته‌رخان کراوه‌.

 له‌و چوارچێوه‌یه‌دا و، دواى ئه‌وه‌ى د. یوسف گۆران وه‌زیرى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى له‌ ساڵى (٢٠١٥) به‌سه‌ردانێکى ڕه‌سمى له‌ شارى ‌(گوتینگن)ى ئه‌ڵمانیا له‌گه‌ڵ سه‌رۆک و جێگیرى سه‌رۆک و لێپرسراوى په‌یوه‌ندییه‌ ده‌ره‌کیه‌کانى زانکۆى (جۆرج ئۆگه‌ست گوتینگن)ى ئه‌ڵمانى و ڕاگرى کۆلێژه‌کانى ئه‌و زانکۆیه‌ کۆبوه‌وه‌. له‌ کۆبونه‌وه‌که‌دا گفتوگۆیان له‌باره‌ى چۆنێیه‌تى په‌ره‌پێدانى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى و چۆنییه‌تى وه‌رگرتنى فه‌ند و چۆنییه‌تى سودوه‌رگرتن له‌ هاوکارى یه‌کترى و پیشخستنى خوێندن له‌ کوردستان کرد، هه‌ر له‌و کۆبونه‌وه‌یه‌دا پێشنیاز کرا زانکۆکانى ئاڵمانیا به‌هاریکارى زانکۆیه‌کى چیکى به‌ناوى (Masaryk University)  و دامه‌زراوه‌یه‌کى ئیسپانى به‌ناوى (Compostela Group of Universities) پڕۆژه‌یه‌ک له‌ بوارى دروستکردنى تواناکان/ که‌په‌ستى بیلدینگ و ئینته‌رناشناڵ له‌ چوارچێوه‌ى پرۆژه‌ى (ئێراسموس پڵس) جێبه‌جێ بکه‌ن و، له‌ مانگى ئابى ئه‌مساڵدا یه‌کێیتى ئه‌وروپا ڕه‌زامه‌ندى نیشاندا له‌سه‌ر خه‌رجکردنى تێچوى جێبه‌جێکردنى پڕۆژه‌یه‌که‌.

بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ له‌ له‌ ڕۆژانى (٨ تا ١٠ى ١١-٢٠١٧) وه‌فدێکى باڵاى وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى که‌ پێکهاتبون له‌ د.خه‌تاب شێخانى به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى دیوانى وه‌زاره‌ت و، (د. پۆڵا خانه‌قا) سه‌رۆکى ده‌سته‌ى کوردستانى و، سه‌رۆکى زانکۆکانى (سلێمانی، سه‌ڵاحه‌ددین/هه‌ولێر، ڕاپه‌ڕین، هه‌ڵه‌بجه‌، چه‌رمو، پۆلیته‌کنیکى سلێمانی، پۆلیته‌کنیکى هه‌ولێر، پۆلیته‌کنیکى دهۆک) له‌ زانکۆى (جۆرج ئۆگه‌ست گوتینگن) له‌ له‌ شارى ‌(گوتینگن)ى ئه‌ڵمانیا به‌شداریان له‌یه‌که‌م کۆبوونه‌وه‌ى پڕۆژه‌ى (TIGRIS) کرد، که‌ به‌هاوکارى پرۆگرامى (+Erasmus)ى یه‌کێتیى ئه‌وروپا و زانکۆى (Gottingen)ى ئه‌ڵمانى و چوار زانکۆى ترى ئه‌وروپا وه‌ک پارتنه‌رى ئه‌وروپى که‌وتۆته‌ بوارى جێبه‌جێکردنه‌وه‌.

له‌ یه‌که‌م ڕۆژى کۆبوونه‌وه‌که‌دا، که‌  تایبه‌ت بوو به‌مه‌راسیمى یادى (٧٠) هه‌مین ساڵیادى کردنه‌وه‌ى ئۆفیسى په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کانى زانکۆى (Gottingen)ى ئه‌ڵمانی، تێیدا لێپرسراوانى زانکۆکه‌ به‌وردى باسیان له‌ مێژوى دامه‌زراندن و گه‌شه‌کردنى ئۆفیسى په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کانى زانکۆکه‌یان کرد، هه‌روه‌ک باسیان له‌ گرنگترین ئه‌و کار و پڕۆژانه‌ کرد، که‌ له‌ماوه‌ى ته‌مه‌نى دامه‌زراندنیدا پێشکه‌شى کردوه‌.

 له‌دوه‌م و سێیه‌م ڕۆژى کۆبونه‌وه‌کاندا هه‌نگاوه‌کانى ناساندن و جێبه‌جێکردنى پڕۆژه‌ى (TIGRIS) ده‌ستپێکرد، بۆ ئه‌وه‌ش سه‌ره‌تا (د.ئوو مووس) به‌ڕێوه‌به‌رى پرۆژه‌که‌ له‌زانکۆى (Gottingen) به‌ناوى سه‌رۆکى زانکۆکه‌یانه‌وه‌ به‌خێرهاتنى ئاماده‌بوانى کرد، پاشان کورته‌یه‌کى له‌سه‌ر پڕۆژه‌که‌ و گرنگیه‌که‌ى خسته‌رو.

له‌ به‌شێکى دیکه‌ى کۆبونه‌وه‌کاندا، هه‌ریه‌ک له‌ نوێنه‌رى وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى و سه‌رۆکى زانکۆکانى (سلێمانی، سه‌ڵاحه‌ددین/هه‌ولێر، ڕاپه‌ڕین، هه‌ڵه‌بجه‌، چه‌رمو، پۆلیته‌کنیکى سلێمانی، پۆلیته‌کنیکى هه‌ولێر، پۆلیته‌کنیکى دهۆک) وه‌ک پارتنه‌ر له‌پڕۆژه‌که‌دا وته‌ى خۆیان پێشکه‌شکرد و باسیان له‌ گرنگترین پڕۆژه‌کانى ئێستا و داهاتوى دامه‌زراوه‌که‌یان کرد، هیواشیان خواست جێبه‌جێکردنى پڕۆژه‌ى (TIGRIS) ببێته‌ ده‌رگایه‌کى دیکه‌ بۆ به‌هێزکردنى په‌یوه‌ندییه‌ زانستى و ئه‌کادیمیه‌کانى زانکۆکانى کوردستان به‌ڕوى ده‌ره‌وه‌.

له‌ به‌شێکى دیکه‌ى کۆبونه‌وه‌کاندا، به‌وردى تیشک خرایه‌ سه‌ر لایه‌نى کردارى پڕۆژه‌که‌ و، هه‌نگاوه‌کانى سێ ساڵى داهاتوى جێبه‌جێکردنى پڕۆژه‌که‌ش به‌ئاماژه‌کردن به‌کارو چالاکیه‌کان و ڕاهێنانه‌کان پێشکه‌شى وه‌فدى وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى هه‌رێمى کوردستان کرا.

له‌ پڕۆژه‌که‌دا، وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى و ده‌سته‌ى کوردستانى بۆ دیراساتى ستراتیجى و توێژینه‌وه‌ى زانستى و زانکۆکانى (سه‌ڵاحه‌ددین/ هه‌ولێر، سلێمانی، چه‌رموو، ڕاپه‌ڕین، هه‌ڵه‌بجه‌، زانکۆى پۆلیته‌کنیکى هه‌ولێر، سلێمانى  و دهۆک) به‌شدار ده‌بن، پڕۆژه‌که‌ تایبه‌ت ده‌بێ به‌دروستکردن و به‌هێزکردنى تواناى مامۆستایان و به‌نێوده‌وڵه‌تیکردنى زانکۆکانى کوردستان.

بۆیه‌ جێبه‌جێکردنى ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ ده‌رگایه‌کى دیکه‌ به‌ڕوى زانکۆکانى کوردستان ده‌کاته‌وه‌ بۆ به‌رزکردنه‌وه‌ى تواناى زانستى مامۆستایان و ئاشنابون به‌پێشکه‌وتنه‌کانى جیهان، جگه‌ له‌وه‌ش ده‌رفه‌تى خوێندنى باڵا/ ماسته‌ر و دکتۆرا بۆ خوێندکارانى کورد له‌ زانکۆکانى ئاڵمانیا و چیک ده‌ڕه‌خسێنێ.

زانکۆى (جۆرج ئۆگه‌ست گوتینگن) یه‌کێکه‌ له‌ زانکۆ به‌ناوبانگه‌کانى جیهان و، له‌ ساڵى  (1737) دامه‌زراوه‌، جگه‌ له‌ پێگه‌یاندنی ده‌یان زانا و توێژه‌رى‌ نێوده‌وڵه‌تی، (٥٠) خه‌ڵاتی نۆبڵی له‌ بواری زانستی وتوێژینه‌وه‌دا به‌ده‌ستهێناوه‌ و،‌ پله‌ى یه‌که‌مى زانکۆکانى ئاڵمانیاى له‌ بوارى به‌هێزى په‌یوه‌ندى ده‌ره‌کى هه‌یه‌،  له‌هه‌مان کاتدا هاوبه‌شى له‌گه‌ڵ ده‌ز‌گای(ماکس پلانگ) هه‌یه‌، که‌ ئه‌وه‌ش به‌پێنجه‌م دامه‌زراوه‌ى توێژینه‌وه‌ى زانستى له‌سه‌ر ئاستى جیهان داده‌نرێت.


زۆرترین خوێندراو