په‌رله‌مان کار بۆ هه‌موارى یاساى پاراستنى مافى پێکهاته‌کان ده‌کات

11/22/2017 3:50:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز







پڕۆژه‌ى په‌ره‌پێدانى مافى که‌مایه‌تییه‌کان له‌ عێراق، ناوونیشانى ئه‌و سیمیناره‌بوو که‌ له‌لایه‌ن لیژنه‌ى کاروبارى کۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى له‌ په‌رله‌مانى کوردستان به‌ هاوکاریى رێکخراوى فریاگوزاریى میللیى نه‌رویج (PAO) بۆ هه‌موارى  یاساى ژماره‌ 5ى ساڵى 2015 له‌ هۆڵى په‌ناگیرى له‌ ته‌لارى په‌رله‌مان به‌ڕێوه‌چوو.
 
ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 22ى تشرینى دووه‌مى 2017، لیژنه‌ى کاروبارى کۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى له‌ په‌رله‌مانى کوردستان، به‌ هاوکاریى رێکخراوى فریاگوزاریى میللیى نه‌رویج PAO ، به‌ ئاماده‌بوونى ژماره‌یه‌ک له‌ ئه‌ندامانى په‌رله‌مان و ژماره‌یه‌ک له‌ نوێنه‌رانى پێکهاته‌ که‌مینه‌ییه‌کانى هه‌رێمى کوردستان و عێراق و شاره‌زایانى ئه‌و بواره‌، له‌ هۆڵى په‌ناگیرى له‌ ته‌لارى په‌رله‌مان، سیمینارێکى له‌ ژێر ناوونیشانى پڕۆژه‌ى په‌ره‌پێدانى مافى که‌مایه‌تییه‌کان له‌ عێراق، هه‌موارى یاساى ژماره‌ (5)ى ساڵى 2015، یاساى پاراستنى مافى پێکهاته‌کان له‌ هه‌رێمى کوردستان-عێراق، سازکرد.

له‌ سیمیناره‌که‌دا سه‌ره‌تا سالار مه‌حمود، سه‌رۆکى لیژنه‌ى کاروبارى کۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى له‌ په‌رله‌مانى کوردستان، وته‌یه‌کى پێشکه‌ش کرد و تیایدا مه‌به‌ستى ئه‌نجامدانى سیمیناره‌که‌ى بۆ ئاماده‌بووان روونکرده‌وه‌ که‌ په‌ره‌پێدانه‌ به‌ مافى که‌مایه‌تییه‌کان له‌ هه‌رێمى کوردستان و عێراق و ئاماژه‌ى به‌ گرنگیى ئه‌و پڕۆژه‌یه‌و پێویستیى هه‌موارکردنه‌وه‌ى یاساى ژماره‌ (5)ى ساڵى 2015، یاساى پاراستنى مافى پێکهاته‌کان له‌ هه‌رێمى کوردستان-عێراق کرد.

هه‌ر له‌ سیمیناره‌که‌دا وتارى تۆڕى هاوپه‌یمانیى که‌مینه‌ییه‌کانى عێراق سه‌باره‌ت به‌ خستنه‌ڕووى بیرۆکه‌ى پڕۆژه‌ و پێشنیازه‌کانى هه‌موارى یاساى ژماره‌ 5ى ساڵى 2015 پێشکه‌ش کرا که‌ بریتییه‌ له‌ یاساى پاراستنى مافى پێکهاته‌کان له‌ هه‌رێمى کوردستان- عێراق، پاشان به‌شداربووانى سیمیناره‌که‌ بیروڕاى خۆیان له‌وباره‌یه‌وه‌ خسته‌ڕوو.
 
هه‌ر له‌سیمیناره‌که‌دا داواکرا واژۆ بۆ هه‌موارکردنه‌وه‌ى یاساکه‌ له‌لایه‌ن ئه‌ندامانى په‌رله‌مانه‌وه‌ کۆبکرێته‌وه‌ و سه‌رنج و تێبینى و پێشنیازه‌کانى به‌شداربووانى سیمیناره‌که‌ش له‌لایه‌ن لیژنه‌ى کاروبارى کۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى  و رێکخراوى فریاگوزاریى میللیى نه‌رویجى تۆمارکران و له‌ هه‌موارى یاسایه‌که‌ سوودیان لێده‌بینرێت له‌ پێناو فه‌راهه‌مترکردنى مافى پێکهاته‌کان.

بڕیاریشه‌ له‌ ئاینده‌یه‌کى نزیکدا لیژنه‌ى کاروبارى کۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى  پڕۆژه‌ى هه‌موارى یاساکه‌ ئاراسته‌ى سه‌رۆکایه‌تیى په‌رله‌مانى کوردستان بکات.

شایانى باسه‌ یاساى پاراستنى مافى پێکهاته‌کان له‌ هه‌رێمى کوردستان-عێراق، پێکهاتووه‌ له‌ (9) مادده‌ به‌ ژماره‌ (5)ى ساڵى 2015 له‌ په‌رله‌مانى کوردستان ده‌رچوو.


زۆرترین خوێندراو