به‌ڕێز محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود سه‌باره‌ت به‌ بریارى دادگاى فیدراڵى عێراق په‌یامێک بڵاو ده‌کاته‌وه‌

11/23/2017 10:24:00 AM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز







به‌ڕێز محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود سه‌باره‌ت به‌بریارى یه‌کلانه‌ى دادگاى فیدراڵى عێراق په‌یامێکى بڵاوکرده‌وه‌و تیایدا هاتووه‌ (ریفرانۆم بووبه‌ تاپۆیه‌کى ڕه‌ش بۆ خه‌ڵکى کوردستان ته‌نها جه‌ماوه‌رى کوردستان ده‌توانێت ئه‌نجامى راپرسى هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌ ، گه‌ر نه‌یار و ناحه‌زانى جه‌ماوه‌رى کوردستان به‌ دادگاى فیدرالى عێراقه‌وه‌ ،توانیبێتیان ،پرۆسه‌که‌ دووربخه‌نه‌وه‌ له‌ جێ به‌جێ کردنى ئه‌وا به‌دڵنیایه‌وه‌ ریفراندۆم بووبه‌ به‌ڵگه‌ نامه‌یه‌کى مێژوویى هه‌رێمى کوردستان ،،ته‌نانه‌ت حکومه‌تى عێراق و هیچ که‌س و لایه‌نێک و ناحه‌زێک پێى خۆش بێ یا نا ،هه‌ر ده‌چه‌سپێ).

ده‌قى په‌یامه‌که‌ى به‌ڕێز محه‌مه‌د حاجى مه‌حمود
  
بریارى یه‌کلانه‌ى دادگاى فیدراڵى عێراق.

پاش ئه‌وه‌ى هه‌رێمى کوردستان ،پرۆژه‌ى راپرسى بۆ هه‌رێمى کوردستانى خسته‌ به‌رده‌م ده‌نگى ڕاسته‌قینه‌ى خه‌ڵکى کوردستان ، ته‌واوى لایه‌نه‌ سیاسیه‌کانى هه‌رێمى کوردستان پشتگیریى سه‌رخستنى پرۆژه‌که‌یان کردو په‌رله‌مانى کوردستانیش بۆ ئه‌و مه‌سه‌له‌ چاره‌نووس سازه‌ کردیه‌ بڕیارو ده‌نگى ئه‌رێنى له‌سه‌ردراو ه‌ 25-9- 2017 شدا که‌رنه‌ڤاڵى راپرسى بۆ سه‌ربه‌خۆیى هه‌رێم سه‌رکه‌وتوانه‌ ئه‌نجامدرا ،ئه‌نجامى ڕیفراندۆمه‌که‌ى هه‌رێم کاردانه‌وه‌ى خێراى به‌دوایى خۆیدا هێنا و بۆ دۆست و ناحه‌زانى کورد بووه‌ مایه‌یى سه‌رنج ،به‌تایبه‌ت بۆ حکومه‌تى عێراق که‌وته‌ پیلانى دوژمنکارانه‌ له‌سه‌ر پرۆژه‌ى ڕیفراندۆمى هه‌رێمى کوردستان و جێ به‌جێ کردنى ئه‌جینداى سه‌ربازى و هێرش و په‌لاماردان و ته‌وق کردنى هه‌رێمى کوردستان به‌ گه‌مارۆدانى ئابورى و نه‌هێشتنى جوڵه‌ى ئاسمانى به‌داخستنى فرۆکه‌خانه‌کانى هه‌رێمى کوردستان ، به‌ڕووى گه‌شتیاران و هاووڵاتیانى هه‌رێم ،ته‌نهاو ته‌نها له‌پێناوى ئه‌وه‌ى که‌ میلله‌تێ داواى یاسایى و ئاسایى خۆى کردوه‌ و ده‌یه‌وێ له‌ڕێگاى ریفراندۆمه‌وه‌ ئاستى په‌یوه‌ندیه‌کانى له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تى فیدرالى عێراق دا دیارى بکات ،به‌بێ خوێن ڕشتن و کاولکارى ،کێشه‌کانى سه‌دساڵى ڕابردووى کوردستان له‌گه‌ڵ عێراق دا به‌ڕێگایه‌کى ته‌ندروست و سه‌رده‌میانه‌ چاره‌سه‌رى ڕیشه‌یى بۆ بکرێ ، له‌به‌رامبه‌ردا حکومه‌تى عێراقى نه‌ک هه‌ر ئاماده‌ى ووتوێژو دانوستاندن نه‌بوو له‌گه‌ڵ سه‌رکردایه‌تى سیاسى هه‌رێم به‌ڵکو بووبه‌ چاوساغ و ده‌رگاى ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ى که‌ خۆیان پێان وایه‌ ده‌بێ ده‌ستور جێ به‌جێ بکرێ له‌سه‌رتاسه‌رى عێراق دا به‌هه‌رێمى کوردستانیشه‌ وه‌ ،به‌ڵام خۆیان ده‌ستوریان پێشێلکرد و په‌نایان بۆ هێزى ده‌ره‌کى برد بۆ ناو عێراقى ده‌ستوریه‌وه‌ ؟ به‌بێ ئه‌وه‌ى دادگاى فیدرالى عێراق ئه‌و تاوانه‌ بکا به‌دۆسیه‌ى لێکۆلینه‌وه‌کانى و بریارى یاساى و نیشتمانى له‌سه‌ر ده‌ربکات ، ئه‌بوایه‌ دادگاى فیدراڵى عێراقى به‌دواى کوشتنى ده‌یان که‌س له‌ که‌رکوک و دوز و ئاواره‌بونى خه‌ڵکى ئه‌وناوچانه‌ برۆشتایه‌ ،یاخود ته‌سلیم کردنى شارى موسڵى دووه‌م گه‌وره‌ترین شارى عێراق به‌ هێزى تیرۆریستى وه‌ک داعش ،به‌مه‌رجێ چه‌ندین لیواى سه‌ربازى و هێزى پیاده‌و تۆپخانه‌و پولیسى فیدرالى و هێزى موکافه‌حه‌ى ئیرهاب له‌موسڵدا بوون ،به‌سانایى و بێ شه‌ێ‌ ڕایان کردو و چه‌ک و جبه‌خانه‌کانى سوپاى عێراقى مه‌شق پێکراو به‌ ڕاهێنه‌رانى ووڵاتانى ته‌حالفى ئه‌مریکى به‌دیارى بده‌ن به‌ده‌ست هێزى چه‌کدارانى داعش ، دادگاى فیدرالى عێراق له‌سه‌ر فرۆشتنى شارێکى مێژوویى ووڵاته‌که‌ى به‌ هێزى بێگانه‌ ،نه‌هاته‌ سه‌ر خه‌ت و ه‌رانى گه‌وره‌ به‌رپرسى سوپا و به‌رپرسى یه‌که‌مى هێزه‌ چه‌کداره‌کانى عێراق به‌وتاوانه‌ نیشتمانیه‌ بداته‌ دادگاکه‌ى به‌ناوى مه‌حکه‌مه‌ى فیدراڵیه‌وه‌ . 

کاتێ خه‌ڵکى کوردستان ده‌یه‌وێ ڕاى خۆى ئازادانه‌ بڵێ له‌ پرۆسه‌یه‌کدا له‌به‌رچاوى دنیاوه‌ ،دادگاى فیدرالى عێراق به‌ناوى تانه‌دان له‌ پرسى ڕاپرسى هه‌رێم دێت ئیراده‌ى میلله‌تێک پێشێل بکات که‌زیاتر له‌ ۳ملیۆن ده‌نگى داوه‌ کۆمه‌ڵێ بڕیارى نابه‌رپرسانه‌ ده‌ر ده‌کا به‌بێ ئه‌وه‌ى پشت ئه‌ستوربوبێ به‌بنه‌ما ده‌ستوریه‌کان له‌عێراقدا و ڕاپرسى و ریفراندۆمى کوردستان به‌ ناشه‌رعى و نا ده‌ستورى ناو ده‌بات .له‌کاتێکدا له‌ده‌ستورى نوێى عێراقى فیدراڵدا هاتوه‌ عێراق دوو گه‌لى سه‌ره‌کى تیاده‌ژى کورو عه‌ره‌به‌ که‌ پێویسته‌ زمانى فه‌رمى له‌عێراقدا به‌و دووزمانه‌ بێ ،واته‌ له‌عێراقدا ژیانى ئه‌و دوو گه‌له‌ له‌ باشترین حاڵه‌تیدا پێکه‌وه‌ژیانیان ئیختیارى ده‌بێ بۆ مانه‌وه‌و جیابونه‌وه‌ له‌ عێراقى یه‌کگرتوودا ؟ به‌ڵام دادگاى فیدرالى عێراق یه‌کلایه‌نه‌ ده‌که‌وێته‌ ژێر فشارى سیاسى و شۆڤینى عه‌ره‌بى و ‌ئه‌و بریاره‌ نایاسایى و ناده‌ستوریه‌ ده‌رده‌کات له‌دژى مییلله‌تێ ،که‌به‌درێژایى مێژووى دروستکردنى عێراق ،هه‌میشه‌ کورد باجى ئه‌و بنده‌ستى یه‌ى داوه‌ و به‌رده‌وام له‌ حوکمرانى یه‌ک له‌دواى یه‌کى عێراق گه‌وره‌ترین تاوانى جینۆسایدو کیمیایى و ڕه‌شه‌کوژى له‌دژى کورد ئه‌نجامى داوه‌ که‌ کورد به‌ ووته‌ى خۆیان هاووڵاتى پله‌ یه‌کى عێراق بووه‌.

له‌سه‌روبه‌ندى عێراقى نوێشدا ،ده‌سه‌ڵاتدارانى عێراق وه‌ک پیشه‌ى له‌پێشینه‌یان ، نه‌ک هه‌ر ڕاستگۆ نه‌بوون له‌گه‌ڵ واده‌و به‌ڵینه‌کانیان له‌گه‌ڵ کورد ،کاتێ شتێ نه‌مابوو به‌ناوى عێراقه‌وه‌ ،کورد خاوه‌نى کیانى ئیدارى خۆى بوو وه‌ک ئه‌مرى واقیع ،له‌کاتى هاتنى داعش و داگیرکردنى شارو ناوچه‌کانى سونه‌نشین ،جارێکى تر کورد له‌سه‌ر هه‌ڵوێستى نیشتمانیانه‌ى په‌یگربوو به‌داخه‌وه‌ ئه‌وان به‌دواى ئه‌وه‌دا ده‌گه‌ران له‌پشته‌وه‌ خه‌نجه‌رى ژه‌هراویان له‌ کورد بده‌ن وه‌ک چۆن له‌که‌رکوک دایان .

ئێستاش دادگاى فیدراڵى عێراق که‌ئێمه‌ به‌ بێلایه‌نى نازانین به‌ چ پێوه‌رو یاساو بنه‌مایه‌ک دێت ده‌نگى ته‌ واوى ده‌نگ ده‌رانى خه‌ڵکى کوردستان ده‌خاته‌ خانه‌ى ناشه‌رعى بوونه‌وه‌ که‌ خۆى له‌خۆیدا به‌پێى ده‌ستور ریفراندۆم یاساییه‌ .

رفراندۆم نه‌ به‌ دادگاى فیدرالى عێراق و نه‌به‌پشت تێکردنى ووڵاتانى خاوه‌ن به‌رژه‌وه‌ندى وه‌ک ئه‌مریکاش ناتوانێ هه‌ڵى بوه‌شێنێته‌ وه‌،؟ به‌ڵکو ریفرانۆم بووبه‌ تاپۆیه‌کى ڕه‌ش بۆ خه‌ڵکى کوردستان ته‌نها جه‌ماوه‌رى کوردستان ده‌توانێت ئه‌نجامى راپرسى هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌ ، گه‌ر نه‌یار و ناحه‌زانى جه‌ماوه‌رى کوردستان به‌ دادگاى فیدرالى عێراقه‌وه‌ ،توانیبێتیان ،پرۆسه‌که‌ دووربخه‌نه‌وه‌ له‌ جێ به‌جێ کردنى ئه‌وا به‌دڵنیایه‌وه‌ ریفراندۆم بووبه‌ به‌ڵگه‌ نامه‌یه‌کى مێژوویى هه‌رێمى کوردستان ،،ته‌نانه‌ت حکومه‌تى عێراق و هیچ که‌س و لایه‌نێک و ناحه‌زێک پێى خۆش بێ یا نا ،هه‌ر ده‌چه‌سپێ.

محه‌مه‌د حاجى مه‌حمود


زۆرترین خوێندراو