هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم بۆ ئاستێکى باش به‌رزده‌بێته‌وه‌

11/23/2017 9:28:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز







هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێمی کوردستان له‌م مانگه‌دا بۆ به‌رزترین ئاست به‌رزبووه‌ته‌وه‌، دوای ئه‌وه‌ی به‌هۆی کۆنتڕۆڵکردنی نه‌وتی که‌رکوک و بیره‌ نه‌وتییه‌کانی ناوچه‌ جێناکۆکه‌کانه‌وه‌ له‌لایه‌ن هێزه‌ عێراقییه‌کانه‌وه‌، رووی له‌که‌مبونه‌وه‌ کردبوو.

ئاژانسی رۆیته‌رز له‌زاری سه‌رچاوه‌یه‌کی که‌شتیوانییه‌وه‌ گواستیه‌وه‌، هه‌نارده‌ی نه‌وت به‌رزبووه‌ته‌وه‌ بۆ نزیکه‌ی 270 هه‌زار به‌رمیلی رۆژانه‌ له‌رۆژانی چوارشه‌ممه‌و پێنج شه‌ممه‌، که‌ پێشتر له‌نێوان 200 بۆ 230 هه‌زار به‌رمیلدا بوو.

ئه‌و رێژه‌یه‌ هێشتا که‌متره‌ له‌نیوه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم پێش 16 ئۆکتۆبه‌ر، که‌ نزیکه‌ی 600 هه‌زار به‌رمیل بوو.

به‌وته‌ی سه‌رچاوه‌که‌، زیادبوونی هه‌نارده‌ به‌هۆی هۆکاری ته‌کنیکییه‌وه‌یه‌. کۆی گشتی هه‌نارده‌ تائێستا زۆر له‌ئاستی سروشتی که‌متره‌.

پێشتر و به‌شێوه‌یه‌کى ئاسایى رۆژانه‌ بڕى 600 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى هه‌رێم له‌ رۆژێکدا هه‌نارده‌ده‌کرا بۆ به‌ندرى جه‌یهانى تورکیا.

هۆکارى که‌مبوونه‌وه‌ى هه‌نارده‌ى نه‌وتى هه‌رێم بریتیه‌ له‌کۆنتڕۆڵکردنی کێڵگه‌ نه‌وتییه‌کانى که‌رکوک و ناوچه‌ جێناکۆکه‌کان له‌لایه‌ن هێزه‌ عێراقییه‌کانه‌وه‌ له‌مانگی رابردوودا.

کێڵگه‌کانی هاڤاناو باى حه‌سه‌ن دوو گه‌وره‌ترین کێڵگه‌ بوون که‌ پێشتر له‌ژێر کۆنتڕۆڵی هه‌رێمی کوردستاندا بوون.

تائێستا هه‌نارده‌ى نه‌وتى که‌رکوک، ده‌ستیپێنه‌کردووه‌ته‌وه‌و به‌هۆى کێشه‌کانى نێوان هه‌رێم و به‌غدا و رێکنه‌که‌وتنى عێراق له‌گه‌ڵ تورکیا.


زۆرترین خوێندراو