دزه‌‌یى له‌‌باره‌‌ى لێدوانه‌‌کانى عه‌‌بادییه‌‌وه‌ ده‌‌دوێت

11/23/2017 9:31:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز








ده‌رباره‌ى دوا لێدوانه‌کانى به‌‌ڕێز حه‌‌یده‌‌ر عه‌‌بادى، سه‌‌رۆک وه‌‌زیرانى عیراقى فیدراڵ، له‌ کۆنگره‌ى ڕۆژنامه‌وانیى ڕۆژى سێ شه‌‌ممه‌ ‌21-11-2017یدا، سه‌فین دزه‌یى وته‌بێژى فه‌رمیى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان، له‌ لێدوانێکدا بۆ ماڵپه‌ڕى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان ڕایگه‌یاند:"به‌ پشتبه‌ستن به‌ بڕیاره‌که‌ى دادگاى فیدراڵى عیراق له‌ 20-11-2017، ده‌بێت هه‌‌موو ئه‌‌و ڕێکار و ده‌‌ر‌‌ه‌‌نجام و لێکه‌‌وته‌ ناڕه‌وایانه‌ هه‌‌ڵبوه‌‌شێنرێنه‌وه‌ که‌‌ ته‌نیا له‌ کاردانه‌‌وه‌‌ى ڕیفراندۆمدا دژى هه‌‌رێمى کوردستان له‌لایه‌ن حکوومه‌تى فیدراڵ و په‌رله‌مانى عیراقه‌وه‌ گیراونه‌ته‌ به‌ر، وه‌‌ک که‌‌مکردنه‌‌وه‌‌ى به‌‌شه‌‌ بودجه‌‌ى هه‌‌رێمى کوردستان، سزادانى نوێنه‌رانى هه‌رێمى کوردستان له‌ په‌رله‌مانى عیراق، داخستنى فڕۆکه‌‌خانه‌‌کان و هه‌‌موو ئه‌‌و بڕیارانه‌‌ى دیکه‌‌ش که‌‌ ڕۆژى 27-9-2017 ته‌نانه‌ت به‌ر له‌ ده‌رچوونى بڕیارى دادگاى فیدراڵیش، وه‌ک کاردانه‌‌وه‌ له‌لایه‌ن په‌رله‌مانى عیراقه‌وه‌ دژى خه‌ڵک و هه‌‌رێمى کوردستان ده‌‌رکراون".

له‌باره‌ى پێشمه‌رگه‌شه‌وه‌، دزه‌یى ووتى: "پێشمه‌‌رگه‌‌ هێزێکى دانپێدانراوى ده‌‌ستوورییه‌‌، له‌‌ شکاندنى داعش و پاراستنى وڵاتدا له‌‌گه‌‌ڵ هێزه‌‌ عیراقییه‌‌کان له‌ پرۆسه‌ى ئازادکردنه‌وه‌ى مووسڵدا ڕۆڵى سه‌‌ره‌‌کى بینیوه‌، پێشمه‌رگه‌ نه‌بووایه‌ له‌ شه‌ڕى دژى داعشدا، که‌رکووک و زۆر ناوچه‌ى دیکه‌ش به‌ هه‌مان ده‌ردى مووسڵ ده‌چوون. پێشمه‌رگه‌ له‌ شه‌ڕى داعشدا (1,802)  شه‌هید و (10,233) بریندار و (62) ونبووى هه‌یه‌. کۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى و خودى به‌ڕێز عه‌بادیش چه‌ندین جار ستایشى ڕۆڵى هاوکارى و پاڵپشتى و هه‌ماهه‌نگیى پێشمه‌رگه‌یان له‌گه‌ڵ سوپاى عیراقدا کردووه‌، بۆیه‌ ده‌بێ هه‌موولایه‌ک هه‌ر به‌‌م شێوه‌‌یه‌‌ له‌‌ پێشمه‌‌رگه‌‌ بڕوانن و مافه‌‌ ده‌‌ستوورییه‌‌کانى دابین بکه‌‌ن، که‌ به‌داخه‌وه‌ تا ئێستا حکوومه‌تى فیدراڵ هیچ ساڵێک مووچه‌کانى نه‌داوه‌، له‌ کاتێکدا به‌پێى ده‌ستوور پێشمه‌رگه‌ به‌شێکه‌ له‌ سیسته‌مى به‌رگریى عیراق و ده‌بێ مووچه‌ و شایسته‌ داراییه‌کانى له‌لایه‌ن حکوومه‌تى فیدراڵه‌وه‌ دابین بکرێت".

سه‌باره‌ت به‌ پرسى ناردنى مووچه‌ش بۆ مووچه‌خۆرانى هه‌رێمى کوردستان، که‌ چه‌ندین جار له‌لایه‌ن به‌ڕێز عه‌بادییه‌وه‌ باس کراوه‌، وته‌بێژى فه‌رمیى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان دووپاتى کرده‌وه‌:"به‌ڕێز عه‌بادى چه‌ندین جار گوتوویه‌تى مووچه‌ى مووچه‌خۆرانى هه‌رێمى کوردستان ده‌‌نێرێت، حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستانیش هه‌میشه‌ دووپاتى کردۆته‌وه‌ که‌ ئاماده‌‌یه‌ بۆ ئه‌‌م مه‌به‌سته‌ هه‌موو هه‌ماهه‌نگییه‌کى پێویست بکات، به‌ڵام له‌ ڕاستیدا ئێستا هیچ هه‌نگاوێکى کرده‌یى بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ له‌لایه‌ن حکوومه‌تى فیدراڵه‌وه‌ نه‌نراوه‌، ئه‌وان ته‌نانه‌ت ئاماده‌ نین لیستى بایۆمه‌تریى مووچه‌خۆرانیش له‌ هه‌رێم وه‌ربگرن، بۆیه‌ ئیتر خه‌ڵکى کوردستان گه‌‌یشتووه‌ته‌ ئه‌و بڕوایه‌ى که‌ بابه‌تى ناردنى مووچه‌ له‌لایه‌ن حکوومه‌تى عیراقه‌وه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک جددى نییه‌، به‌ڵکوو ته‌نیا قسه‌یه‌ و هیچى تر".

له‌ کۆتاییدا له‌باره‌ى ناوهێنانى هه‌رێمى کوردستان به‌ پارێزگاکانى باکوورى عیراق و ناوه‌‌کانى دیکه‌وه‌ له‌لایه‌ن عه‌بادییه‌وه‌، سه‌فین دزه‌یى ڕایگه‌یاند: "ناوهێنانى هه‌‌رێمى کوردستان به‌ هه‌ر ناوێکى دیکه‌ى داتاشراو، به‌ ئاشکرا ناده‌ستوورییه‌ و ڕه‌‌تیده‌‌که‌‌ینه‌‌وه‌، گه‌لى کوردستانیش به‌ هه‌موو لایه‌ن و پێکهاته‌کانییه‌وه‌، هاوده‌نگن له‌سه‌ر پاراستنى قه‌واره‌ى ده‌ستووریى هه‌رێمى کوردستان و قه‌ت سازشى له‌سه‌ر ناکرێت".



زۆرترین خوێندراو