نێچیرڤان بارزانى و عه‌بادى پرۆسه‌ى دیالۆگى هه‌ولێر و به‌غدا تاوتوێ ده‌که‌ن

2/17/2018 8:53:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز







نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان و حه‌یده‌ر عه‌بادى سه‌رۆک وه‌زیرانى عێراقى فیدراڵ له‌ میونشن له‌ که‌شێکى ئه‌رێنى و گفتوگۆیه‌کى ڕاشکاودا کۆبوونه‌وه‌ ‌و خۆشحاڵیى خۆیان به‌ ده‌رفه‌تی دووباره‌ کۆبوونه‌وه‌یان ده‌ربڕی، هه‌روه‌ها باسیان له‌ کۆنفرانسى ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ى عێراق له‌ کوێت و به‌شداریى شاندى هه‌رێمى کوردستان و ده‌رئه‌نجامه‌که‌ى کرد و به‌ هه‌ڵمه‌تێکى باشیان بۆ ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ى عێراق له‌ قه‌ڵه‌م دا.

عه‌بادى خۆشحاڵیى خۆى به‌ دیالۆگى هه‌ولێر ـ به‌غدا ده‌ربڕى و هیواى خواست بگه‌نه‌ ئه‌نجامێکى باش و بتوانن‌ پرسى مووچه‌، فڕۆکه‌خانه‌کان، نه‌وت، ده‌روازه‌ سنوورییه‌کان، به‌نداوه‌کان و بابه‌ته‌کانى دیکه‌ یه‌کلایى بکه‌نه‌وه‌.  نێچیرڤان بارزانیش جه‌ختى له‌سه‌ر پابه‌ندیى هه‌رێمى کوردستان به‌ دیالۆگ و بنیاتنانه‌وه‌ى متمانه‌ و جێبه‌جێکردنى ده‌ستوور بۆ به‌رژه‌وه‌ندیى هه‌مووان کرده‌وه‌.

شاندى هه‌ردوولا باسیان له‌ شێواز و چۆنیه‌تیى مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ ئه‌م قۆناغه‌ و ئه‌و بابه‌تانه‌ کرد که‌ ده‌کرێت له‌ ماوه‌یه‌کى که‌مدا یه‌کلا بکرێنه‌وه‌ که‌ له‌ به‌رژوه‌ندیى هاووڵاتیان و گه‌ڕانه‌وه‌ى سه‌قامگیرى بێت، هه‌روه‌ها بتوانن له‌ چوارچێوه‌ى پرۆسه‌ى دیالۆگدا متمانه‌ بنیاد بنێینه‌وه‌ و له‌سه‌ر بنه‌ماى پابه‌ندبوون به‌ ده‌ستووره‌وه‌، به‌ره‌و پێشه‌وه‌ هه‌نگاو بنێن. بۆ ئه‌مه‌ مه‌به‌سته‌ش هه‌ردوولا له‌سه‌ر دانانى میکانزمى جێبه‌جێکردن و ده‌ستنیشانکردنى لایه‌نى په‌یوه‌ندیداره‌کان کۆک بوون بۆ ئه‌وه‌ى بتوانن له‌ ماوه‌یه‌کى نزیکدا دابنیشن و پرسه‌کان چاره‌سه‌ر بکرێن.

کۆبوونه‌وه‌که‌ سه‌رله‌به‌یانیى ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 17  ى شوباتى 2018 له‌ په‌راوێزى دووه‌م ڕۆژى کۆنفرانسى ئاسایشى میونشن له‌ ئه‌ڵمانیا ساز کرا، که‌  مه‌سروور بارزانى ڕاوێژکارى ئه‌نجومه‌نى ئاسایشى هه‌رێمى کوردستان، د. فوئاد حسێن سه‌رۆکى دیوانى سه‌رۆکایه‌تیى هه‌رێمى کوردستان، فه‌لاح مسته‌فا به‌رپرسى په‌یوه‌ندییه‌کانى ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێمى کوردستان، دلشاد بارزانى نوێنه‌رى حکوومه‌تى هه‌رێم له‌ ئه‌ڵمانیا و شاندێکى یاوه‌رى عه‌بادیش فالح فه‌یاز ڕاوێژکارى ئاسایشى نیشتمانیى عێراق، مسته‌فا ئه‌لکازمى، سه‌رۆکى ده‌زگاى هه‌واڵگریى عێراق، نه‌وفه‌ل حه‌سه‌ن ڕاوێژکارى سه‌رۆک وه‌زیران و باڵیۆزى عێراق له‌ به‌رلین ئاماده‌ى بوون.



زۆرترین خوێندراو