قائیمقامیه‌تى سلێمانى سوپاسى هه‌ندێک بازرگان ده‌کات

2/18/2018 7:30:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز








به‌هۆى به‌سه‌رچوون و نه‌شیاوى بۆ خواردن و به‌کارهێنان، به‌شێک له‌ بازرگان و دووکانداره‌کانى شارى سلێمانى لیژنه‌ هاوبه‌شه‌کان له‌ هه‌بوونى کاڵاوشمه‌کى ماوه‌به‌سه‌رچوو له‌ عه‌مبار و کۆگاکانیان ئاگادار ده‌که‌نه‌وه‌، سه‌رۆکى لیژنه‌که‌کانیش رایگه‌یاند به‌نوسراو سوپاس و پێزانینیان ئاراسته‌ ده‌کرێت .

گۆران قادر سه‌رۆکى لیژنه‌ هاوبه‌شه‌کانى قائیمقامیه‌تى سلێمانى ووتی: له‌ دوو رۆژى رابردوودا له‌لایه‌ن چه‌ند دوکان و بازرگانێکى شارى سلێمانى لیژنه‌ هاوبه‌شه‌کانیان له‌ هه‌بوونى بڕێکى زۆر خۆراک و مادده‌ى خراپ و ماوه‌به‌سه‌رچوو ئاگادار کردۆته‌وه‌، یاخوود به‌مه‌به‌ستى له‌ناوبردن کاڵاوشمه‌که‌کانیان هێناوه‌ بۆ قائیمقامیه‌تى سلێمانی.

گۆران قادر ووتیشی: به‌مه‌به‌ستى پشکنین بۆ ئه‌و کاڵاوشمه‌کانه‌ى له‌لایه‌ن هاوڵاتیانه‌وه‌ به‌کارده‌هێنرێت لیژنه‌ هاوبه‌شه‌کان رۆژانه‌ سه‌ردانى دوکان و بازار و شوێنه‌ گشتی-یه‌کان ده‌کات، تا له‌رووى ته‌ندروستى و ڤێرتنه‌رى و نرخه‌وه‌ له‌ کاڵاوشمه‌که‌کان دڵنیا بنه‌وه‌، هه‌ر شوێنێکیش خۆراک و مادده‌ى ماوه‌ به‌سه‌رچووى هه‌بێت رووبه‌رووى یاسا بکرێته‌وه‌.

ووتیشی: به‌سوپاسه‌وه‌ به‌شێک له‌ دوکاندار و بازرگانه‌کانى شارى سلێمانى وویژدانى خۆیان ئاسووده‌ ده‌که‌ن به‌وه‌ى کاڵاوشمه‌که‌ خراپبووه‌کان له‌ناوبه‌رن یاخوود بیهێنن بۆ قائیمقامیه‌تى سلێمانى به‌مه‌به‌ستى له‌ناوبردن، هه‌روه‌ها، قائیمقامیه‌تى سلێمانى و لیژنه‌ هاوبه‌شه‌کان به‌نوسراوى فه‌رمى سوپاس و پێزانینیان ئاراسته‌ ده‌کات.

رایشیگه‌یاند: ئه‌و کاڵاوشمه‌کانه‌ى دوکاندار و بازرگانه‌کان به‌مه‌به‌ستى له‌ناوبردن ره‌وانه‌ى لیژنه‌ هاوبه‌شه‌کانیان کردووه‌ جۆراوجۆرن، له‌ خواردن و خواردنه‌وه‌ و مه‌وادى پاککردنه‌وه‌ و جوانکارى پێک هاتوون، شیر و دایبى مناڵ یه‌کێک بووه‌ له‌و خۆراک و مادده‌ ماوه‌به‌سه‌رچوانه‌ى له‌ناوبراوون.

سه‌رۆکى لیژنه‌که‌ ئاماژه‌ى بۆئه‌وه‌شکرد که‌، به‌فه‌رمانى قائیمقامى سلێمانى و له‌لایه‌ن لیژنه‌ى له‌ناوبردنى سه‌ربه‌ لیژنه‌ هاوبه‌شه‌کان، سه‌رجه‌مى ئه‌و کاڵاوشمه‌کانه‌ له‌ناوچه‌ى تانجه‌رۆى شارى سلێمانى له‌ناوده‌برێت.

سه‌رۆکى لیژنه‌ هاوبه‌شه‌کان داوا له‌ هاوڵاتیان به‌گشتى و خانمان به‌تایبه‌تى ده‌کات له‌کاتى بازاڕکردن و کڕینى کاڵاوشمه‌کانیاندا له‌ مێژووى دروستکردن و ماوه‌به‌سه‌رچوونى شتومه‌که‌کانیان دڵنیابنه‌وه‌، له‌کاتى هه‌بوونى خۆراک و مادده‌ى ماوه‌به‌سه‌رچوو لیژنه‌ هاوبه‌شه‌کانى لێ ئاگادار بکه‌نه‌وه‌ 


زۆرترین خوێندراو