نێچیرڤان بارزانی: ده‌بێ په‌رله‌مان پڕۆژه‌ یاساى چاکسازى په‌سه‌ند بکات

4/17/2018 8:13:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز








دواى کۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆ سێ شه‌ممه‌ 17 ى نیسانى 2018 ى  ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران، له‌ کۆنگره‌یه‌کى ڕۆژنامه‌وانیدا نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان، باسى ناوه‌رۆکى کۆبوونه‌وه‌ و چه‌ند بابه‌تێکى په‌یوه‌ست به‌ ڕه‌وشى ناوچه‌که‌ و عێراق و هه‌رێمى کوردستانى کرد.

سه‌ره‌تا به‌بۆنه‌ى جه‌ژنى (چارشه‌مبوا سۆر)ى ئێزدییانه‌وه‌ جه‌ژنه‌ پیرۆزه‌ى له‌ ئێزدیانى کوردستان و هه‌موو جیهان کرد و گوتى "هه‌روه‌ک هون دزانن سبه‌ جه‌ژنا هه‌ڤوه‌لاتیێن یێن مه‌ یێن ئێزدییه‌، جه‌ژنا چارشه‌مبیا سۆر، ئه‌ز ب ڤێ هه‌لکه‌تنێ لێره‌ڤه‌ ب ناڤێ حکوومه‌تا هه‌رێما کوردستانێ و ئه‌نجومه‌نێ وه‌زیران گه‌رمترین پیرۆزباهیێ ل هه‌مى هه‌ڤوه‌لاتیێن مه‌ یێن ئێزدى ل کوردستانێ و ده‌ره‌ڤه‌ى کوردستانێ و سه‌رتاسه‌رى جیهانێ دکه‌م و جه‌ژنا وان پیرۆز دکه‌ین، هیڤیدارین جه‌ژنا وان ب خێر و خۆشى و سه‌رفه‌رازى بۆ وان ڤه‌گه‌ڕیت و پیرۆزباهیێ لێ دکه‌ین".

دواتر له‌باره‌ى ناوه‌ڕۆکى کۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانه‌وه‌، ڕایگه‌یاند "کۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ئاسایى بوو، ئه‌و بابه‌تانه‌ى تیایدا باس کران زیاتر له‌سه‌ر پرسى چۆنیه‌تیى چاره‌سه‌رکردنى زیاده‌ڕۆیى به‌ شێوه‌یه‌کى گشتى له‌سه‌ر موڵک و ماڵى حکوومه‌ت بوو که‌ ئه‌مه‌ش پێویستى به‌ پڕۆژه‌یاسایه‌ک هه‌یه‌ و هیوادارین له‌م نزیکانه‌دا بتوانین بۆ په‌رله‌مانى بنێرین بۆ چاره‌سه‌رکردنى ئه‌م بابه‌ته، ئه‌مه‌ یه‌کێک له‌ ته‌وه‌ره‌کانى کۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆمان بوو. له‌ ته‌ورێکى دیکه‌دا هه‌روه‌ک ئاگادارن بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن بۆ هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق ده‌ستى پێکردووه‌، له‌مباره‌یه‌وه‌ جه‌ختمان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ کردۆته‌وه‌ که‌ هیوادارین بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن به‌ ‌شێوه‌یه‌کى ئارام و ڕێکوپێک و دوور له‌ توندوتیژى له‌ هه‌رێمى کوردستان به‌ڕێوه‌ بچێت. ئه‌وه‌ى بۆ ئێمه‌ گرنگه‌ پاراستنى ئه‌من و ئاسایش و ئارامیى هاووڵاتیانى هه‌رێمى کوردستانه‌، بانگه‌شه‌ له‌ شوێنى خۆى ئه‌نجام ده‌درێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا زۆر زۆر گرنگه‌ ئاسایش و ئارامیى هاووڵاتیانى کوردستان پارێزراو بێت، له‌ کۆبوونه‌وه‌دا جه‌ختمان له‌سه‌ر ئه‌م خاڵه‌ کرده‌وه‌ و هیوادارین هه‌ڵبژاردنێکى سه‌رکه‌وتوو بۆ هه‌موو عێراق دوور له‌ توندوتیژى به‌ڕێوه‌بچێت و هه‌مووشى مانگێکه‌ و ده‌بێ چاوه‌ڕێى ئه‌وه‌ بکه‌ین بزانین دواى هه‌ڵبژاردن چى ده‌بێت".

له‌ وه‌ڵامى پرسیارێکدا سه‌باره‌ت به‌ تاپۆکردنى خانووه‌ بێتاپۆکان و چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌ى زێده‌ڕۆییه‌کان، نێچیرڤان بارزانی ئاشکراى کرد "ئه‌و یاسایه‌ى ئه‌مڕۆ بڕیارى له‌سه‌ر درا و ده‌چێته‌ په‌رله‌مان، ڕێکارى بۆ چاره‌سه‌رکردنى هه‌موو ئه‌و کێشانه‌ داناوه‌. مه‌سه‌له‌ى زیاده‌ڕۆییه‌کان دوو سێ به‌شه‌ که‌ له‌ ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ى سنوورى شاره‌وانى و زه‌وییه‌ کشتوکاڵییه‌کان و سه‌خه‌رییه‌کان پێکدێت، پڕۆژه‌ یاساى حکوومه‌ت ڕێگه‌چاره‌ى بۆ ئه‌مانه‌ داناوه‌ و له‌وانه‌ش چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌ى ئه‌و خانووانه‌ى به‌ زێده‌ڕۆیى له‌ ناوه‌وه‌ى سنوورى شاره‌وانى دروستکراون و ڕێکاریان بۆ دیارى کراوه‌ تاکو تاپۆ بکرێن، به‌ڵام له‌ هه‌مان کاتدا ڕێکارێک دانراوه‌ تاکو سنوورێک بۆ ئه‌و زێده‌ڕۆییانه‌ دابنرێت که‌ له‌مه‌ودوا ده‌کرێن و بێگومان حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان جدییه‌ که‌ ڕێگه‌ به‌و زێده‌ڕۆییانه‌ نادات".

سه‌باره‌ت به‌ ده‌نگۆى سه‌ردانى شاندێکى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان بۆ به‌غدا و ئاستى په‌یوه‌ندییه‌کانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، نێچیرڤان بارزانی ووتى :"هه‌ر له‌ ڕاگه‌یاندن گوێم لێ بووه‌ که‌ شاندێکى هه‌رێمى کوردستان ده‌چێته‌ به‌غدا و هیچ شتێکى فه‌رمى له‌نێوان ئێمه‌ و به‌غدا تاکو شاندێکمان سه‌ردانى به‌غدا بکات نییه‌، ئه‌و دانوستانه‌ى له‌نێوان ئێمه‌ و به‌غدا هه‌یه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ هه‌موو ڕوویه‌که‌وه،‌ بۆیه‌ زۆر ئاسایییه‌ شاندى ئێمه‌ بڕوات و شاندى ئه‌وان بێته‌ ئێره‌، به‌ڵام ئێستا هیچ واده‌یه‌ک نییه‌ بۆ ناردنى شاندێک به‌ره‌و به‌غدا".

ده‌رباره‌ى به‌رده‌وامیى هاتنى ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ى له‌ به‌غداوه‌ بۆ هه‌رێمى کوردستان ده‌نێردرێت و ده‌نگۆى ئه‌وه‌ى گوایه‌ ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ ده‌بڕدرێت، ڕایگه‌یاند "ئه‌وه‌ى ئێمه‌ ده‌یزانین ئه‌وه‌یه‌ که‌ به‌غدا پابه‌ند ده‌بێت به‌ ناردنى ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ى بۆ مووچه‌خۆرانى هه‌رێمى کوردستان ناردوویه‌تی، به‌رده‌وام ده‌بێت و پێمان وانییه‌ کێشه‌ له‌م بابه‌ته‌دا دروست ببێت".

دواتر سه‌باره‌ت به‌ کێشه‌ى مووچه‌ى پاسه‌وانانى وه‌زاره‌تى ناوه‌خۆ و ده‌نگۆى ئه‌وه‌ى ‌ پڕۆژه‌ یاساى چاکسازى حکوومه‌ت که‌ له‌ په‌رله‌مانى کوردستانه‌، تا دواى هه‌ڵبژاردن په‌سه‌ند ناکرێت، نێچیرڤان بارزانی ڕایگه‌یاند "کێشه‌یه‌ک هه‌بوو له‌سه‌ر مووچه‌ى پاسه‌وانه‌کان، وه‌زاره‌تى ناوه‌خۆ له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى دارایى خه‌ریکى چاره‌سه‌رکردنى بابه‌ته‌که‌ن و چاره‌سه‌ر ده‌کرێت. ده‌رباره‌ى پرسیارى دووه‌میش ئێمه‌ یاساى چاکسازیمان ناردۆته‌ په‌رله‌مان تاکو په‌سه‌ند بکرێت، یاساکه‌ هه‌نگاوێکى یه‌کجار زۆر گرنگه‌ بۆ چاکسازى له‌ وڵاتى ئێمه‌ له‌ هه‌موو ڕوویه‌که‌وه،‌ بۆیه‌ ئه‌وه‌ى ئێمه‌ وه‌ک حکوومه‌ت داوا ده‌که‌ین له‌‌ په‌رله‌مان، ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌و یاسایه‌ به‌ زووترین کات ده‌نگى له‌سه‌ر بدرێت و له‌ په‌رله‌مان تێپه‌ڕێنرێت و تا ئێستاش به‌و هیوایه‌ین که‌ ئه‌م یاسایه‌ جێبه‌جێ ده‌کرێت، واته‌ له‌ په‌رله‌مان ده‌رده‌چێت و ده‌بێته‌ یاسا".

سه‌باره‌ت به‌ هه‌وڵه‌کانى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان بۆ کردنه‌وه‌ى گه‌شتى ڕاسته‌وخۆى نێوان تورکیا و فڕۆکه‌خانه‌ى نێوده‌وڵه‌تیى سلێمانى و هه‌وڵى هاوبه‌شى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان و هاوپه‌یمانان و حکوومه‌تى عێراق بۆ دروستکردنى هێزێکى هاوبه‌ش له‌نێوان هێزى پێشمه‌رگه‌ و هاوپه‌یمانان و سوپاى عێراقدا بۆ پاراستنى ئاسایشى که‌رکووک، نێچیرڤان بارزانی ئاشکراى کرد "بۆ کردنه‌وه‌ى هێڵى ئاسمانیى نێوان تورکیا و فڕۆکه‌خانه‌ى نێوده‌وڵه‌تیى سلێمانی، گفتوگۆ له‌نێوان ئێمه‌ و ئه‌نقه‌ره‌ هه‌یه‌ و به‌و هیوایه‌ین بتوانین ئه‌و بابه‌ته‌ چاره‌سه‌ر بکه‌ین. سه‌باره‌ت به‌ پرسیارى دووه‌میش به‌ شێوه‌یه‌کى فه‌رمى هیچ دانوستان و شتێک له‌نێوان ئێمه‌ و ئه‌مه‌ریکا و به‌غدا بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌ بۆ ئه‌و سنوورانه‌، نییه‌. بێگومان ئێمه‌ نیگه‌رانین له‌ تێکچوونى ڕه‌وشى ئه‌منى له‌و سنوورانه‌ و زانیاریشمان هه‌یه‌ و پشتگیریش له‌ جێگیربوونى ئه‌من و ئاسایشى ئه‌و ناوچانه‌ ده‌که‌ین، پشتگیرى له‌ هه‌نگاوه‌کانى به‌غدا له‌ دابینکردنى ئه‌من و ئاسایشى هاووڵاتیان له‌و سنوورانه‌ ده‌که‌ین و له‌مباره‌یه‌وه‌ ئه‌وه‌ى پێویست بێت حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان ئاماده‌یه‌ بۆ جێبه‌جێکردنی".

نێچیرڤان بارزانى سه‌باره‌ت به‌ پڕۆسه‌ى هه‌ڵبژاردن له‌ ناوچه‌ جێناکۆکه‌کان و مه‌ترسیى له‌ده‌ستدانى ده‌نگه‌کان له‌ که‌رکووک و ناوچه‌کانى دیکه‌، گوتی: "له‌ هه‌ڵبژاردن هه‌موو شتێک قابیله‌، ئه‌وه‌ نییه‌ که‌ بڵێین له‌سه‌دا سه‌د هه‌موو کورسییه‌کان به‌ده‌ست دێنینه‌وه‌ یان نا، دیار نییه‌. ئه‌و به‌شه‌ى که‌ په‌یوه‌ندى به‌ پارتى دیموکراتى کوردستانه‌وه‌ هه‌یه‌، حزبه‌کانى دیکه‌ باره‌گایان هه‌یه‌ له‌ که‌رکووک و شوێنه‌کانى دیکه‌، به‌ڵام ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ به‌ پارتى نه‌دراوه‌ نه‌ بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن له‌و شوێنانه‌ بکات و نه‌ باره‌گاشیان هه‌بێت، یه‌کێک له‌و هۆکارانه‌ى که‌ زۆر به‌داخه‌وه‌ بووه‌ هۆى ئه‌وه‌ى پارتى بایکۆتى هه‌ڵبژاردنه‌کان له‌ که‌رکووکیش بکات، مه‌سه‌له‌ى ئه‌منى بوو. ئه‌وه‌ هه‌ڵبژاردن مه‌علوومى ده‌کات، بۆیه‌ هێشتا زووه‌ قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ بکه‌ین."

سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان، هه‌ڵوێستى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستانى ده‌رباره‌ى به‌کارهێنانى چه‌کى کیمیایى له‌ سووریا و هێرشى ئه‌مه‌ریکا و هاوپه‌یمانانى بۆ سه‌ر چه‌ند ئامانجێکى سه‌ربازى له‌ سووریا ڕوون کرده‌وه‌ و له‌وباره‌یه‌وه‌ ڕایگه‌یاند "هه‌ڵوێستى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان و هه‌رێمى کوردستان به‌گشتى له‌و بابه‌ته‌دا ڕوونه‌، هاووڵاتییانى هه‌رێمى کوردستان گه‌وره‌ترین قوربانیى به‌کارهێنانى چه‌کى کیمیایین، دوێنێ یادى کیمیابارانکردنى شێخ وه‌سانان بووه‌، پێشتریش هه‌ڵه‌بجه‌ و بادینان و شوێنه‌کانى دیکه‌ بووه‌. ئێمه‌ میلله‌تێکین باشتر له‌ هه‌موو میلله‌تێک له‌ به‌کارهێنانى چه‌کى کیمیایى تێده‌گه‌ین، هه‌ر هه‌نگاوێک ببێته‌ هۆکارى ئه‌وه‌ى وڵاتان چه‌کى کیمیایى به‌کار نه‌هێنن، یان هه‌ر لایه‌نێک، ئێمه‌ وه‌کوو حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان پشتگیرى ده‌که‌ین و به‌و هیوایه‌ین که‌ سنوورێک دابنرێت و به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک چه‌کى کیمیایى له‌ ناوچه‌که‌ به‌کار نه‌هێنرێت، چونکه‌ وه‌کوو باسم کرد گه‌وره‌ترین قوربانیى به‌کارهێنانى چه‌کى کیمیایی، گه‌لى کوردستانى عێراقه‌."

سه‌باره‌ت به‌ دابه‌شکردنى پارچه‌ زه‌ویى نیشته‌جێبوون به‌سه‌ر هاووڵاتییاندا، سه‌رۆک وه‌زیران، ووتى "نازانم به‌ دیاریکراوى ئه‌م مانگه‌ دابه‌شکردنه‌که‌ ده‌کرێت یان نا، به‌ڵام ئێمه‌ پلانمان هه‌یه‌ پارچه‌ زه‌ویى نیشته‌جێبوون دابه‌ش بکه‌ین، به‌ڵام هێشتا ڕێکنه‌که‌وتووین له‌سه‌ر میکانیزم، بۆ کێ و به‌ چ شێوه‌یه‌ک ئه‌وانه‌ دابه‌ش بکرێت؟."

له‌ وه‌ڵامى پرسیارێکدا سه‌باره‌ت به‌و کاندیده‌ کوردانه‌ى که‌ له‌سه‌ر لیسته‌کانى دیکه‌ى عێراق خۆیان بۆ ئه‌ندامێتیى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران پاڵاوتووه‌ و کاریگه‌رییان له‌سه‌ر گۆڕینى هاوکێشه‌ سیاسییه‌کان و ده‌نگه‌کانى پارتى دیموکراتى کوردستان، نێچیرڤان بارزانى گوتى "هه‌ڵبژاردنه‌کان، هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراقه‌، هه‌ر قه‌واره‌یه‌کى سیاسى و هه‌ر حزبێکى سیاسیى عێراقى ده‌توانێ کاندیدى هه‌بێت له‌ کوردستان و حزبه‌ کوردستانییه‌کانیش بێگومان ده‌توانن لیستیان هه‌بێت له‌ به‌سره‌ و به‌غدا و شوێنه‌کانى دیکه‌ى عێراقیش، به‌ڵام ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌و بابه‌ته‌ جێى نیگه‌رانیى ئێمه‌یه‌، نه‌خێر جێى نیگه‌رانیى ئێمه‌ نییه‌."

سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ چه‌ند مانگ پێشتر، بارودۆخى ئابووریى هه‌رێمى کوردستانى به‌ باشتر وه‌سف کرد و ڕایگه‌یاند "ڕه‌وشه‌که‌ به‌ شێوه‌یه‌کى گشتى باشتره‌، ده‌بێ قیاسى دۆخى ئێستا بکه‌ین له‌گه‌ڵ دوو مانگ و سێ مانگ به‌ر له‌ئێستا، ئه‌گه‌ر به‌ شێوه‌یه‌کى گشتى سه‌یرى بکه‌ین، ئێمه‌ هه‌نگاوه‌کانمان به‌ره‌و پێشه‌وه‌یه‌ نه‌ک به‌ره‌و دواوه‌. هه‌موو شتێک به‌ دڵى ئێمه‌ نییه‌، به‌ڵام پێمان وایه‌، له‌سه‌ر هێڵێکى ڕاست به‌ره‌و پێشه‌وه‌ ده‌چین، نه‌ک به‌ره‌و پاشه‌وه‌."

سه‌باره‌ت به‌ هه‌واڵێک له‌سه‌ر ده‌ستپێکردنه‌وه‌ى گه‌شته‌ ئاسمانییه‌کانى نێوان هه‌رێمى کوردستان و کۆمارى ئیسلامیى ئێران، سه‌رۆک وه‌زیران گوتى "خۆشحاڵین به‌ ده‌ستپێکردنه‌وه‌ى گه‌شتى ئاسمانیى نێوان تاران و هه‌ولێر و سلێمانی، ئه‌وه‌ شتێکى باشه‌ و خۆشحاڵین به‌و هه‌نگاوه‌. په‌یوه‌ندیى له‌نێوان ئێمه‌ و تاران باشه‌، به‌ شێوه‌یه‌کى گشتی، په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ باشه‌."

ده‌رباره‌ى سه‌ردانى شاندى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان بۆ ئه‌نقه‌ره‌ و دیداریان له‌گه‌ڵ سه‌رکۆمارى تورکیا‌، نێچیرڤان بارزانی ووتی: "چوونى وه‌زیرى پلاندانان له‌ چوارچێوه‌ى ئه‌و بانگهێشته‌دا هات که‌ وه‌زیرى ئابووریى تورکیا بۆ وه‌زیرى پلاندانانى هه‌رێمى کوردستانى ناردبوو. له‌ په‌راوێزى ئه‌و کۆنفرانسه‌شدا دیاره‌ ده‌رفه‌تێک هه‌بووه‌ له‌گه‌ڵ جه‌نابى سه‌رۆک کۆمار قسه‌یه‌کیان کردووه‌، ئێمه‌ خۆشحاڵین به‌وه‌، بێگومان چاوه‌ڕێى هه‌نگاوى دیکه‌شین بۆ ئه‌وه‌ى په‌یوه‌ندیى نێوان هه‌ولێر و ئه‌نقه‌ره‌ ئاسایى ببێته‌وه‌ که‌ تا ئێستاش به‌ره‌و ئاساییبوونه‌وه‌ ده‌ڕوات. تورکیا وڵاتێکى گرنگه‌ بۆ ئێمه‌ و هه‌میشه‌ هه‌رێمى کوردستان خوازیارى ئه‌وه‌ بووه‌ په‌یوه‌ندییه‌کى باشى له‌گه‌ڵ تورکیا هه‌بێت."

ئه‌نجامى به‌دواداچوونى په‌رله‌مان بۆ پڕۆژه‌ یاساى چاکسازیى حکوومه‌ت، دوایین به‌شى کۆنگره‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌که‌ى ئه‌مڕۆى نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌ریمى کوردستان بوو، له‌و باره‌یه‌وه‌ دووپاتى کرده‌وه‌ "پیشتر زۆرێک له‌و شتانه‌ به‌ یاسا ڕێکخراون، بۆیه‌ ئێستاش به‌دڵنیاییه‌وه‌ ده‌بێ په‌رله‌مان بڕیاریان له‌سه‌ر بدات، پلانى (ئه‌ی) و (بی) نییه‌، پلانه‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ ده‌بێ په‌رله‌مان بڕیارى له‌سه‌ر بدات، ئه‌مه‌ پڕۆژه‌یه‌کى چاکسازییه‌ و له‌ خزمه‌تى هه‌رێمى کوردستاندایه‌، ئێمه‌ واى بۆده‌چین. له‌وانه‌یه‌ هه‌ندێ خه‌ڵک زه‌ره‌رمه‌ند بن، به‌ڵام به‌ دڵنیایییه‌وه‌، له‌ قازانجى هه‌رێمى کوردستان و هاووڵاتییانى هه‌رێمى کوردستاندایه‌ و پێم وایه‌ په‌رله‌مانتاره‌ به‌ڕێزه‌کانیش هه‌ر به‌و چاوه‌ سه‌یرى ئه‌و یاسایه‌ ده‌که‌ن و هیوادارین ئه‌وه‌ به‌ زووترین کات جێبه‌جێ بکرێت."

 



زۆرترین خوێندراو