‌یه‌ک ملیۆن و٤٠٠ هه‌زار ئاواره‌ وپه‌نابه‌ر هێشتا له‌ کوردستانن

4/24/2018 10:13:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز






به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى ناوه‌ندى هاوبه‌شى هه‌ماهه‌نگى قه‌یرانه‌کان له‌ لێدوانێکدا بۆماڵپه‌رى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان گوتى که‌ 30 له‌سه‌دى ئاواره‌کانى ناوخۆى عێراق و98 له‌سه‌دى په‌نابه‌رانى سوریا له‌ ‌عیراق، له‌ هه‌رێمى کوردستانن، که‌ ژماره‌یان ده‌گاته‌ یه‌ک ملیۆن و٤٠٠ هه‌زار که‌س.

هوشنگ محه‌ممه‌د به‌ ئاماژه‌ پێدان به‌ نه‌بوونى ئاسایش وخرمه‌تگوزارى وبه‌ربه‌ستى میلشیا‌کان بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى ئاواره‌کان گوتی، "به‌هۆى نه‌بوونى سیاسه‌ت و به‌رنامه‌یه‌کى روون بۆ هاندان و پشتگیریکردنییان گه‌ڕانه‌وه‌ى ئاره‌زوومه‌ندانه‌ى ئاواره‌کان‌ بۆ ناوچه‌ ئازادکراوه‌کان زۆر له‌سه‌ر خۆیه‌."

به‌ پێى ئامارى گشتى ناوه‌ندى هاوبه‌شى هه‌ماهه‌نگى قه‌یرانه‌کان نزیکه‌ى 250 هه‌زار ئاواره‌ى موسڵ له‌ ئه‌نجامى ئۆپه‌راسیۆنى ئازادکردنى ئه‌و شاره‌ هاتبوونه‌ هه‌رێمى کوردستان ونزیکه‌ى 50 له‌سه‌دیان گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام  له‌ به‌رامبه‌ردا کۆچى پێچه‌وانه‌‌ به‌رز بووه‌ته‌وه.

له‌ سه‌ره‌تاى ئه‌م ساڵه‌دا تا ئێستا زیاتر له‌ 4500 ئاواره‌ دووباره‌ له‌ موسڵه‌وه‌ بۆ  هه‌رێمى کوردستان گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌.

هه‌روه‌ها، له‌ دواى رووداوه‌کانى 16ى ئۆکتۆبه‌ر، 148 هه‌زار ئاواره‌ له‌ دوز وکه‌رکوک وناوچه‌کانى تر په‌نایان بۆ هه‌رێمى کوردستان هێناوه‌.

هۆکارى کۆچى پێچه‌وانه‌‌ى ئاواره‌کان

له‌ باره‌ى هۆکارى دووباره‌ گه‌ڕانه‌وه‌ى ئاواره‌کان بۆ ناو که‌مپه‌کانى هه‌رێمى کوردستان، هۆشنگ محه‌مه‌د ئاماژه‌ى به‌وه‌دا که‌ نه‌بوونى ئاسایش، سه‌قامگیری، مه‌ترسی، هه‌ڕه‌شه‌کانى میلشیاکان، نه‌بوونى ئیداره‌یه‌کى به‌هێز، نه‌بوونى خزمه‌تگوزاری، بژێوى ژیان، کێشه‌ى کۆمه‌ڵایه‌تى وعه‌شایه‌رى وهاوکات زۆربوونى کرده‌وه‌ى تیرۆرستى له‌ ناوچه‌ ئازادکراوه‌کان، هوکارى سه‌ره‌کى دووباره‌ گه‌ڕانه‌وه‌ى ئاواره‌کانن بو ناو که‌مپه‌کان.

به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى ناوه‌ندى هاوبه‌شى هه‌ماهه‌نگى قه‌یرانه‌کان، که‌ هه‌ماهه‌نگى نێوان حکومه‌تى هه‌رێم ونه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان، عراق ولایه‌نه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کانى په‌یوه‌ندیدار به‌ پرسى ئاواره‌کان ده‌کات ده‌ڵێت، "ئێستا ره‌وشى ئاواره‌کان له‌ ناو که‌مپه‌کان باش نیه،‌ چونکه‌ له‌لایه‌ک ئه‌و که‌مپانه‌ى بۆ ئاواره‌کانى موسڵ دروستکران که‌مپى فریاکه‌وتنن وبه‌ شێوه‌ى کاتى بۆ ماوه‌ى شه‌ش مانگ دروستکران وئێستا زۆربه‌ى خیوه‌ته‌کان پێویستیان به‌ گۆڕین هه‌یه‌ وژێرخانى  ناو که‌مپه‌کان و خزمه‌تگوزارى پێویستى به‌ چاککردن هه‌یه."

له‌ باره‌ى هاوکارى حکومه‌تى عێراق بۆ یارمه‌تیدانى ئاواره‌کان وپرۆسه‌ى گه‌ڕانه‌وه‌ى ئاواره‌کان گوتی، "تا ئێستا سیاسه‌ت و به‌رنامه‌یه‌کى نشتیمانى گشتگیر نییه‌ که‌ هه‌موو لایه‌نه‌کان له‌ حکومه‌تى به‌غدا، حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان، ئاژانسه‌کانى نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان وپارێزگاکانى دیکه‌ به‌یه‌که‌وه‌ جێبه‌جێى بکه‌ن. ئه‌وه‌ش بۆته‌ هۆى په‌رش وبڵاوى و ناڕوونى وبێ به‌رنامه‌یى له‌ پڕۆسه‌ى گه‌ڕانه‌وه‌ى ئاواره‌کان. تا ئێستا گروپه‌ میلشیا‌کان رێگه‌ به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ى ده‌یان هه‌زار خێزان بۆ زیدى خۆیان له‌ ناوچه‌ ئازاد کراوه‌کان ناده‌ن وهیچ پاڵپشتیه‌کى ماددى و مه‌عنه‌وى دیاریکراو نیه‌ بۆ هاندانى گه‌ڕانه‌وه‌ وئه‌وه‌ش بۆته‌ هۆکار که‌ ئاواره‌کان بڕیار نه‌ده‌ن ئایا بچنه‌وه‌ زێدى خۆیان‌ یان دووباره‌ بۆ که‌مپه‌کان بگه‌ڕینه‌وه‌."

هۆشه‌نگ محمه‌مه‌د رۆڵى ئاژانسه‌کانى نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان ورێکخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان وناوخۆیى بۆ یارمه‌تیدانى ئاواره‌کان گرنگ ده‌نرخێنێت که‌ بۆ پێشکه‌ش کردنى هاوکارى به‌ ئاواره‌کان پشت به‌ کۆمه‌کى دارایى وڵاتانی کۆمه‌ک به‌خش ده‌به‌ستن. ئه‌گه‌ر له‌لایه‌ن کۆمه‌ڵگاى نێوده‌وڵه‌تى هاوکارى داراییان پێشکه‌ش نه‌کرێت ناچار ده‌بن گشت به‌رنامه‌کانیان کۆتایى پێ بێنن.

له‌لایه‌کى تر به‌هۆى سیاسه‌تى عێراق وکۆمه‌ڵگاى نێوده‌وڵه‌تی، ئه‌و رێکخراوانه‌ زیاتر گرنگى به‌ ناوچه‌ ئازادکراوه‌کان ده‌ده‌ن وکۆمه‌کى دارایى زیاتر بۆ ئه‌و ناوچانه‌ وه‌رده‌گرن، نه‌ک ئاواره‌کان وهاوڵاتیانى میواندار له‌ هه‌رێمى کوردستان و ناوچه‌کانى دیکه.

به‌شدارى کردنى ئاواره‌کان له‌ هه‌ڵبژاردنى عێراق

بۆ به‌شدارى کردنى ئاواره‌کان له‌ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراق، ناوه‌ندى هاوبه‌شى قه‌یران داتاى تایبه‌ت به‌ ئاواره‌کان له‌ وانه‌ ژماره‌ و شوێنى پێشوویان بۆ کۆمسیۆنى هه‌ڵبژارین ناردووه‌ وهه‌روه‌ها‌  بۆ دانانى سندوقى ده‌نگدان له‌ ناو که‌مپ و شاره‌کان  بۆ به‌شدارى کردنى ئاواره‌کان له‌ هه‌ڵبژاردن هاوکارى و هه‌ماهه‌نگى ته‌واوى له‌گه‌ڵ کۆمیسیونى هه‌ڵبژاردن هه‌یه‌. به‌ڵام ژماره‌یه‌کى زۆر له‌ ئاواره‌کان کارتى ده‌نگدانیان بۆ نه‌کراوه‌ وکارتى پێشووشیان نه‌ماوه‌ وتا  ئێستا روون نیه‌ به‌ چ شێوه‌یه‌ک ده‌توانن ده‌نگ بده‌ن.

په‌نابه‌رانى سوریا (روژئاواى کوردستان)

تا ئێستا 240014  په‌نابه‌رانى سوریا ‌ له‌ هه‌رێمى کوردستان تۆمارکراون  که‌ 60 له‌سه‌دیان له‌ ناو نۆ که‌مپ له‌ پارێزگاکانى هه‌ولێر ودهۆک وسلێمانى نیشته‌جێکراون وئه‌وانى تریش له‌ ناو شاره‌کان ده‌ژین.  تا ئێستا  12 خێزان (60 که‌س) له‌ عه‌فرینه‌وه‌ هاتوونه‌ته‌ هه‌رێمى کوردستان. به‌هۆى دوورى و نه‌بوونى رێگا تا ئێستا شه‌پۆڵى ئاواره‌ له‌ عه‌فرینه‌وه‌ نه‌گه‌یشتونه‌ته‌ هه‌رێمى کوردستان.

کۆنفڕانسى باڵاى هاوبه‌ش له‌ نێوان حکومه‌تى هه‌رێم و نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان

به‌ڕێوه‌به‌رى ناوه‌ندى هاوبه‌شى هه‌ماهه‌نگى قه‌یرانه‌کان له‌ باره‌ى کۆنفڕانسى باڵاى هاوبه‌ش  له‌ نێوان حکومه‌تى هه‌رێم ونه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان که‌ له‌ رۆژى 11 نیسان به‌ڕێوه‌چوو گوتی، "مه‌به‌ست‌ له‌م کۆنفڕانسه‌ راگه‌یاندنى پلانى فریاکه‌وتنى مرۆیى بوو بۆ ئاواره‌کانى ناوخۆ له‌ هه‌رێمى کوردستان و پلانى هاوکارى وخۆڕاگرى په‌نابه‌رانى سوریا و پلانى هاوکارى کردنى هاوڵاتیانى هه‌رێمى کوردستانه‌ له‌ ساڵى 2018 دا."

شایانى باسه‌، وه‌زاره‌تى ناوخۆى هه‌رێم له‌ ساڵى 2014 هه‌وڵیدا له‌ پلانى فریاکه‌وتنى مرۆیى که‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان بۆ ئاواره‌کانى ناوخۆى عێراق داده‌نێت، ساڵانه‌ به‌شێکى تایبه‌ت بۆ هه‌رێمى کوردستان هه‌بێت. ساڵى رابردوو نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان داواکارى وه‌زیرى ناوخۆى  بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌  په‌سندکرد.

له‌ کۆنفرانسه‌که‌دا ره‌وشى مرۆیى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران وهاوڵاتیانى میواندار و بارودۆخى دواى داعش وکێشه‌ى ناوچه‌ ئازادکراوه‌کان وئه‌و هه‌نگاوانه‌ى که‌ پێویستن بۆ پڕۆسه‌ى سه‌قامگیرى له‌ دواى داعش پێشکه‌ش به‌ وڵاته‌ کۆمه‌ک به‌خشه‌کان کران، خرانه‌ڕوو.

به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى ناوه‌ندى هاوبه‌شى قه‌یران گوتى له‌م کۆنفڕانسه‌دا داواى 442 ملیۆن دۆلار بۆ دابین کردنى پێداویستیه‌ هه‌ره‌ گرنگ وبنه‌ڕه‌تییه‌کان له‌ هه‌ر سێ پلانه‌که‌ بۆ ساڵى 2018 بۆ هاوکاریکردنى ئاواره‌کان وپه‌نابه‌رانى سوریا وهاوڵاتیانى که‌مده‌رامه‌تى هه‌رێمى کوردستان کرا. دابینکردنى گشت خزمه‌تگوزارییه‌کان بۆ ئاواره‌ وپه‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمى کوردستان ساڵانه‌ پێویستى به‌ 1.9 ملیار هه‌یه‌.

له‌ کونفرانسه‌که‌دا هه‌روه‌ها داواى هاوکارى ته‌کنیکى و شاره‌زایى وپاڵپشتى سیاسى بۆ هه‌وڵه‌کانى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان کرا، بۆ ئه‌وه‌ى بتوانرێت له‌ هاوکارى کردنى ئاواره‌کان وسه‌رخستنى پڕۆسه‌ى سه‌قامگیرى وبنیاتنانه‌وه‌ له‌ ناوچه‌ ئازادکراوه‌کان وگه‌ڕاندنه‌وه‌ى ئاره‌زوومه‌ندانه‌ وبه‌‌ شکۆى ئاواره‌کان به‌رده‌وام بێت.

ژماره‌یه‌کى به‌رچاو له‌ دیپلۆماتکاران، نوێنه‌رى وڵاتانى بیانى وئاژانسه‌کانى په‌ره‌پێدان وبه‌رپرسانى نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان به‌شداریان له‌م کۆنفڕانسه‌دا کردبوو.


زۆرترین خوێندراو