دیندار زێبارى : کۆى گشتى ده‌ستگیرکراوانى داعش له‌ 2017ه‌وه‌ تا ئێستا (2124) به‌ندکراو بووه‌

5/21/2018 12:41:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز







دیندار زێبارى رێکخه‌رى راسپارده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان له‌ حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان رایگه‌یاند ده‌ستگیرکراوانى داعش و شێواز و چۆنیه‌تى دادگایى کردنیان له‌ هه‌رێمى کوردستان له‌ زۆربه‌ى راپۆرته‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان باسیان لێوه‌ده‌کرێت به‌تایبه‌تى له‌ رووى مافه‌کانیان وه‌ک هه‌ر ده‌ستگیرکراوێک و ئه‌و مادده‌ یاساییانه‌ى که‌ پێیان دادگایى ده‌کرێن، لێره‌دا به‌ پێویستى ده‌زانین ئه‌وه‌ روون بکه‌ینه‌وه‌ که‌ ئه‌و ده‌ستگیرکراوانه‌ وه‌ک هه‌موو ده‌ستگیرکراوانى دیکه‌ به‌ یه‌کسانى مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌کرێت به‌پێى پره‌نسیپى تاوانبار بێتاوانه‌ تا ئه‌و کاته‌ى تۆمه‌ته‌که‌ى به‌سه‌ردا ساغ ده‌بێته‌وه‌.

زێبارى ده‌رباره‌ى هه‌مان پرس و چۆنیه‌تى دادگایى کردنى ئه‌و تۆمه‌تبارانه‌ وتی: له‌ هه‌رێمى کوردستان یاساى ژماره‌ (3)ى ساڵى 2006 که‌ به‌ یاساى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تۆقاندن (تیرۆر) ناسراوه‌ په‌یڕه‌و ده‌کرا،  ئه‌و یاسایه‌ تا 16-7-2016 کارى پێکرا. به‌ڵام ئێستا له‌ هه‌رێمى کوردستان بۆ دادگایى کردنى ئه‌و که‌سانه‌ى به‌ کارى تیرۆریستییه‌وه‌ تێوه‌گلاون کار به‌ یاساى ژماره‌ (21)ى ساڵى 2003ى په‌رله‌مانى کوردستان و یاساى سزادانى عێراقى ژماره‌ (111)ى ساڵى 1969ى هه‌موار کراو ده‌کرێت.

 هه‌ر کاتێک ده‌ستگیرکراوان تۆمه‌تى په‌یوه‌ندى کردنیان به‌ داعش یان هاوکارى کردنى داعشیان به‌سه‌ردا ساغ بۆوه‌ ئه‌وه‌ به‌پێى یاسا کارپێکراوه‌کانى هه‌رێم مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌کرێت و که‌سوکاریشیان ئاگادار ده‌کرێنه‌وه‌ له‌ تۆمه‌ته‌کانیان له‌ هه‌مان کاتدا هه‌موو مافێکیان هه‌یه‌ وه‌ک سه‌ردانى کردنى که‌سوکاریان و بوونى پارێزه‌ر بۆ ئه‌وه‌ى به‌رگرییان لێ بکات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌ میانه‌ى لێکۆڵینه‌وه‌کاندا هیچ تۆمه‌تێکى به‌سه‌ردا ساغ نه‌بۆوه‌.

ده‌رباره‌ى رێوشوێنه‌کانى ده‌ستگیرکردنیان زێبارى وتی: له‌و کاته‌ى که‌ داعش ده‌ستى به‌سه‌ر ئه‌و ناوچانه‌دا گرتبوو ژماره‌یه‌کى زۆرى هاووڵاتیان ئاواره‌ بوون و روویان له‌ هه‌رێمى کوردستان کرد، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى له‌و حاڵه‌ته‌دا که‌ هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌ سه‌رقاڵى به‌رگرى کردن بوون جیاکردنه‌وه‌ى هاووڵاتیانى ئاسایى و ئه‌وانه‌ى په‌یوه‌ندییان به‌ داعشه‌وه‌ هه‌یه‌ کارێکى ئاسان نه‌بوو و ئاسته‌نگى زۆرى بۆ پێشمه‌رگه‌ و لایه‌نه‌ ئه‌منییه‌کان درووست ده‌کرد، بۆیه‌ چه‌ند رێووشوێنێکى ئه‌منى ده‌گیرایه‌ به‌ر بۆ پاراستنى سه‌لامه‌تى هاووڵاتیان و خودى ئاواره‌کان و رێگانه‌دان به‌ دزه‌ کردنى تیرۆریستان بۆ نێو هاووڵاتیان.

زێبارى تیشکى خسته‌ سه‌ر ژماره‌ى ئه‌و که‌سانه‌ى که‌ له‌ پارێزگاکانى هه‌رێمى کوردستان ده‌ستگیرکراون به‌ تۆمه‌تى بوونى په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ داعش و له‌م باره‌وه‌ وتى : له‌ دادگاى لێکۆڵینه‌وه‌ى ئاسایشى هه‌ولێر له‌ رێکه‌وتى 1-6-2017 تاکو 20-3-2018   ده‌ستگیرکراونى داعش به‌م شێوه‌یه‌ بووه‌:

کۆى گشتى ده‌ستگیرکراوانى داعش له‌و ماوه‌یه‌دا (2124) به‌ندکراو بووه‌، هه‌ر له‌و ماوه‌یه‌دا  (666) که‌سى دیکه‌ به‌ تۆمه‌تى په‌یوه‌ندییان به‌ داعشه‌وه‌ ده‌ستگیرکراون، هه‌روه‌ها (589) به‌ندکراو له‌لایه‌ن دادگاوه‌ سزا دراون و (273) که‌س به‌ فه‌رمانى دادگا ئازاد کراون و (596) تا ئێستا له‌ژێر لێکۆڵینه‌وه‌دان.

هه‌روه‌ها له‌ رێکه‌وتى 1-7-2017 تا 14-2-2018 له‌ دادگاى نه‌وجه‌وانانى هه‌ولێر که‌س (194) سزا دراوه‌ له‌وانه‌ (٢) له‌و تۆمه‌تبارانه‌ ئازادکراون، له‌لایه‌کى دیکه‌وه‌ له‌ رێکه‌وتى 1-7-2017 تاکو 31/3/2018 له‌ دادگاى تاوانى هه‌ولێر/2، (408) که‌یسى تایبه‌ت به‌ مادده‌ى تیرۆر یه‌کلاکراونه‌ته‌وه‌. سه‌باره‌ت به‌ دادگاى تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ى ناوچه‌ى سلێمانى سه‌رۆکایه‌تى دادگاى نه‌وجه‌وانانى سلێمانى (5) که‌س ده‌ستگیر کراوه‌ له‌وانه‌ (2)یان بڕیارى دادگایان بۆ ده‌رچووه‌ و سزا دراون و(2) یان ئازاد کراون و یه‌کیان هێشتا که‌یسه‌که‌ یه‌کلا نه‌بۆته‌وه‌ له‌ دادگا، له‌لایه‌کى دیکه‌وه‌ له‌ دادگاى تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ى ناوچه‌ى دهۆک له‌ رێکه‌وتى 1-6-2017 تاکو 28-3-2018 ژماره‌ى ده‌ستگیر کراوانى داعش به‌م شێوه‌یه‌ بوو: (276) که‌س ده‌ستگیر کراون، (173) یان سزا دراون، و (111) ئازاد کراون و که‌یسێکیش تا ئێستا له‌ دادگا یه‌کلا نه‌بۆته‌وه‌.

زێبارى ئه‌وه‌شى خسته‌روو که‌ له‌ دادگاکانى که‌رکوک گه‌رمیانیش ژماره‌یه‌ک له‌ تۆمه‌تباران به‌ په‌یوه‌ندى کردنیان به‌ داعشه‌وه‌ ده‌ستگیر کراون و له‌م رووه‌وه‌ وتی: به‌پێى ئاماره‌کانى دادگاى تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ى که‌رکوک/گه‌رمیان له‌ ماوه‌ى رابردوودا (20) که‌س ده‌ستگیرکراون، هه‌روه‌ها (3) له‌ تۆمه‌تباران سزا دراون و (12) تۆمه‌تبار به‌ بڕیارى دادگا ئازاد کراون و (٥)یان تا ئێستا له‌ژێر لێکۆڵینه‌وه‌دان، سه‌باره‌ت به‌ دادگاى تاوانه‌کانى که‌رکوک/ گه‌رمیان له‌ شه‌ش مانگى کۆتایى ساڵى 2017 تاکو 28-3-2018 چه‌ند که‌یسێک ئیحاله‌ى ئه‌م دادگایه‌ کراون که‌ ژماره‌یان (63) که‌یس بووه‌ له‌وانه‌ (17) تۆمه‌تبار له‌لایه‌ن دادگاوه‌ سزا دراون، (25) تۆمه‌تبار به‌ بڕیارى دادگا ئازاد کراون و (21) تۆمه‌تباریش له‌ قۆناغش دادگاییکردندان و که‌یسه‌کانیان یه‌کلایى نه‌بۆته‌وه‌.



زۆرترین خوێندراو