ئه‌و فه‌رمانداره‌ى بانگه‌شه‌ کرا کوژراوه‌، ئازاد ده‌کرێت

11/4/2012 1:57:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز: 
پاش ئه‌وه‌ى راگه‌یاندرا که‌  نوژین دێرک فه‌رمانده‌ى یه‌کینه‌کانى پاراستنى گه‌ل نه‌کوژراوه‌، به‌پێى رێککه‌وتنێک بڕیاره‌ ئه‌مرۆ ناوبراو ئازاد بکرێت.

ئاژانسى هه‌واڵى فورات نیوز بڵاویکرده‌وه‌، دواى ئه‌وه‌ى ئه‌نجوومه‌نى سه‌ربازى سوپاى ئازاد رایگه‌یاند که‌ فه‌رماندارى YPG شاها عه‌لى عه‌ڤدۆ ناسراو به‌( نوژین دێرک ) نه‌کوژراوه‌، چاوپێکه‌وتنێک له‌نێوان هه‌ندێک گرووپى ئیسلامی و سوپاى ئازاد و PYD و هه‌ندێک که‌سى نزیک YPGدا ئه‌نجامدراوه‌و له‌و چاوپێکه‌وتنه‌دا ئه‌و لایه‌نانه‌ له‌سه‌ر چه‌ند خاڵێک رێککه‌وتوون.

به‌پێى رێککه‌وتنه‌که‌ ده‌بێت له‌نێوان هه‌ردوو لایه‌نه‌دا شه‌ڕ رابوه‌ستێت و هه‌ردوو لایه‌ن له‌ دوورى ئه‌و شوێنانه‌ بووه‌ستن که‌ شه‌ڕى لێ ئه‌نجامدراوه‌، هه‌روه‌ها رێککه‌وتوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى که‌ چیتر خوێنى میلله‌تى سوریا نه‌ڕژێت و هه‌موو گرووپه‌کان رووى خۆیان به‌ڕووى دوژمنى سه‌ره‌کى گه‌لانى سوریادا وه‌ربگێڕن و له‌دژى رژێم و چه‌ته‌کانیان بووه‌ستن. 

به‌پێى خاڵێکى ترى رێککه‌وتنه‌که‌ پێویسته‌ سه‌رجه‌م ئه‌و که‌سانه‌ى گیراون به‌زووترین کات ئازاد بکرێن، له‌م چوارچێوه‌یه‌دا ده‌بێت ئه‌مڕۆ هه‌موو ئه‌سیره‌کان و ئه‌و شتانه‌ى ده‌ستیان به‌سه‌ردا گیراوه‌ راده‌ست بکرێنه‌وه‌ . 
هه‌روه‌ها ده‌بێت ئاڵاى نوێى سوریا و ئاڵاى هه‌ردوو لایه‌ن له‌و شوێنانه‌دا که‌ ده‌که‌ونه‌ نێوان هه‌ردوو گرووپه‌کانه‌وه‌ به‌رزبکرێنه‌وه‌. 


زۆرترین خوێندراو