‌ ژنێکى مه‌سیحی ‌دواى چه‌ند مانگێک له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی داعش گه‌یشته‌وه‌ هه‌ولێر

1/23/2015 3:36:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز
‌ 
دواى ئه‌وه‌ى  چه‌کدارانى داعش توانیان  گوندی کرملیس (30کم خۆرهه‌ڵاتی موسڵ‌)  بخه‌نه‌ ژێر ده‌ستى خۆیان، سه‌رجه‌م دانیشتوانی ئه‌وگونده‌ هه‌ڵهاتن،ته‌نها ژنێکى به‌ته‌مه‌ن بڕیاریدال که‌گونده‌که‌ى جێنه‌هێڵێت و بمێنێته‌وه‌ ،پاشان بۆ ماوه‌یه‌کی زۆر له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ ده‌ستگیرکرا، به‌ر له‌چه‌ند رۆژێک خۆی‌و نۆ که‌سی به‌ته‌مه‌نی تر له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ ئازادکران.
 
راحیل تاکه‌ که‌س بوو له‌و پێنج هه‌زار هاوڵاتییه‌ مه‌سیحییه‌ی گوندی کرملیس که‌ بڕیاریدا ناوچه‌که‌ جێنه‌هێڵێت‌و به‌ته‌نها رووبه‌رووی چاره‌نووسی خۆی ببێته‌وه‌ له‌ژێر فه‌رمانڕه‌وایی داعشدا که‌ له‌سه‌ره‌تای مانگی ئابی رابردووه‌وه‌ سه‌رجه‌م ناوچه‌ مه‌سیحی نشینه‌کانی دۆڵی نه‌ینه‌وای که‌وته‌ ده‌ست، ئه‌و له‌وێ‌ به‌ته‌نها له‌گه‌ڵ‌ ئه‌و چه‌کدارانه‌ مایه‌وه‌ که‌ ترس‌و دڵه‌راوکێیان گه‌یانده‌ هه‌موو شوێنێک.

راحیل سه‌باره‌ت به‌سه‌ره‌تاى ده‌ستبه‌سه‌را گرتنى گونده‌که‌یان ده‌لێت: "که‌ هاتنه‌ ناو گونده‌که‌ لێیان پرسم چۆنه‌ رات نه‌کردووه‌، منیش وتم 71 ساڵه‌ له‌م گونده‌ ده‌ژیم‌و هه‌رچییه‌کم لێبکه‌ن چۆڵی ناکه‌م".
 
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "ئه‌و ماوه‌یه‌ی که‌ له‌گونده‌که‌ مامه‌وه‌ (4ی ئاب تا 24ی تشرینی یه‌که‌م) به‌ته‌نها به‌شه‌قامه‌کاندا ده‌سوڕامه‌وه‌و گوێم به‌قسه‌کانی ئه‌وان نه‌ده‌دا، ته‌نانه‌ت چه‌ند جارێکیش به‌ئاسماندا ته‌قه‌یان ده‌کرد بۆ ئه‌وه‌ی نه‌یه‌مه‌ ده‌ره‌وه‌".
 
ئه‌م ژنه‌ به‌ته‌مه‌نه‌ تاکه‌ شاهیدێکه‌ به‌سه‌ر ئه‌و دزی‌و تاڵانییه‌ی داعش له‌ناوچه‌که‌دا کردوویانه‌‌و چۆن په‌لاماری ماڵ‌‌و حاڵی خه‌ڵکییان داوه‌، له‌م رووه‌وه‌ ده‌ڵێت "ئه‌وانه‌ی بۆیان نه‌ده‌برا ده‌یانشکاند، ته‌نانه‌ت تانکی سه‌ربانیشیان کون ده‌کرد".




زۆرترین خوێندراو