دانیشتوانی ناوچه‌کانی به‌ره‌ی جه‌نگ گیرۆده‌ى ده‌ستى سوپا و داعشن

1/23/2015 4:49:00 PM
جەماوەر نیوز
 جه‌ماوه‌رنیوز
 
خه‌ڵکی ئه‌و گوندو شارانه‌ی که‌وتوونه‌ته‌ به‌ره‌کانی شه‌ڕی نێوان سوپاو هێزه‌ شیعه‌کان‌و چه‌کدارانی داعشه‌وه‌ له‌هه‌موو لایه‌که‌وه‌ تووشی ده‌رده‌سه‌ری بوون، چونکه‌ هه‌ر یه‌کێک له‌و گروپانه‌ به‌سیخوڕی لایه‌که‌ی تریان ده‌زانێت.
 
هه‌فته‌ی رابردوو له‌سه‌ر تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ڤیدیۆی پیاوێکی به‌ته‌مه‌ن له‌گوندێکی باکوری به‌غدا به‌شێوه‌یه‌کی به‌ربڵاو له‌ناو خه‌ڵکیدا بینرا، کاتێک ئه‌و پیاوه‌ قسه‌ له‌گه‌ڵ‌ چه‌کدارانی داعش ده‌کات له‌گونده‌که‌ی خۆیان‌و وه‌سفی ئه‌وان ده‌کات‌و قسه‌ به‌سوپای عێراقی‌و میلیشیا شیعه‌کان ده‌ڵێت.
 
پاش چه‌ند رۆژێک له‌م رووداوه‌ سوپاو میلیشیا شیعه‌کان ده‌ستیان گرته‌وه‌ به‌سه‌ر ئه‌و گونده‌داو ئه‌و پیاوه‌یان ده‌ستگیرکرد، ئه‌ویش رایگه‌یاند که‌ داعش هه‌ڕه‌شه‌یان لێکردووه‌و به‌زه‌بری هێز ئه‌و قسانه‌یان پێکردووه‌.
 
ئه‌و حاڵه‌ته‌ ده‌ریده‌خات که‌ گوزه‌رانی دانیشتوانی ناوچه‌کانی جه‌نگ له‌ چ بارودۆخێکدایه‌و چۆن له‌هه‌موو لایه‌که‌وه‌ به‌سیخوێ‌ ده‌بینرێن‌و بوونه‌ته‌ قوربانی شه‌ڕو بۆردومان‌و گه‌مارۆو ده‌ستگیرکردن.
 
له‌مسه‌ر بۆ ئه‌وسه‌ری عێراق ده‌یان به‌ره‌ی شه‌ڕ له‌نێوان داعش‌و سوپای عێراقی‌و هاوپه‌یمانه‌کانیدا هه‌یه‌، هه‌ر له‌به‌ری خۆرئاوا له‌ئه‌نبار تا ده‌گاته‌ باکور له‌موسڵ‌‌و سه‌لاحه‌دین، له‌خۆرهه‌ڵات له‌دیاله‌، به‌هه‌زاران که‌سی دانیشتوانی گوندو شاره‌کانی به‌ره‌کانی جه‌نگ سه‌ره‌ڕای مه‌ترسی بۆردومان گه‌مارۆ له‌ماڵ‌‌و حاڵی خۆیاندا ماونه‌ته‌وه‌و ئه‌وه‌یان به‌باشتر زانیوه‌ وه‌ک ئه‌وه‌ی ئاواره‌ ببن.
 
خه‌ڵکانى ئه‌و ناوچانه‌ ده‌ڵێن "داعش چه‌ند که‌سێکی له‌خه‌ڵکی ناوچه‌که‌ ده‌ستگیرکردووه‌ به‌بیانووی هاوکاریی کردنی هێزه‌ ئه‌منییه‌کان، ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌که‌ن که‌دواى هه‌ڵاتنى داعش  وهاتنى هێزه‌ ئه‌منییه‌کان ، ئه‌وانیش به‌کرێگرته‌و سیخوڕی داعشیان ده‌زانن.. هیچ لایه‌ک متمانه‌ی به‌ئێمه‌ نییه‌".
 
له‌و ناوچانه‌ی که‌ داعش ده‌ستی به‌سه‌رداگرتوون چه‌ندین گرتووخانه‌ی کردووه‌ته‌وه‌، زۆربه‌ی کاتیش دامه‌زراوه‌کانی حکومه‌ت وه‌ک باڵه‌خانه‌ی زانکۆ یان ئه‌نجوومه‌نی پارێزگا ده‌کاته‌ گرتوخانه‌و ئاڵای خۆی لێ‌ هه‌ڵده‌کات بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ر له‌فرۆکه‌ی هاوپه‌یمانان بشیوێنێت‌و بۆردومانی بکه‌ن.
 
له‌یه‌کێک له‌جاره‌کان فرۆکه‌یه‌کی هاوپه‌یمانان گرتوخانه‌یه‌کی موسڵی بۆردومان کردووه‌ که‌ ده‌یان کارمه‌ندی پێشووی هێزه‌ ئه‌منییه‌مانی تیا گیراوه‌، داعش سوودی له‌و رووداوه‌ بینی بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵکی ناوچه‌که‌ زیاتر له‌دژی حکومه‌ت‌و ئه‌مه‌ریکا هانبدات.



زۆرترین خوێندراو