به‌یاننامه‌ى کۆتایی کۆبونه‌وه‌ی سێ سه‌رۆکایه‌تییه‌که‌ى عێراق

2/18/2015 9:59:00 AM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز
 
ئێواره‌ی رۆژی  سێ شه‌ممه‌ 17 ى شوباتى 2015 له‌ کۆشکی سه‌لام له‌ به‌غداد به‌ ئاماده‌بونی به‌ڕێز فوئاد مه‌عسوم سه‌رۆک کۆمار و  حه‌یده‌ر عبادی سه‌رۆک وه‌زیر و سه‌لیم جبوریی سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و هه‌ریه‌ک له‌ جێگره‌کانی سه‌رۆک کۆمار و سه‌رۆک وه‌زیر و سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ،کۆبونه‌وه‌ی سێ سه‌رۆکایه‌تییه‌که‌ به‌ڕێوه‌چو، که‌ تیایدا مه‌دحه‌ت ئه‌لمه‌حمود سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی باڵای قه‌زاش ئاماده‌ی بو.

له‌ کۆبونه‌وه‌که‌دا هه‌مو گۆڕانکارییه‌ سیاسیی و ئه‌منیی و ئابورییه‌کان له‌ هه‌مو گۆشه‌ نیگاکانه‌وه‌ خرانه‌ رو ،به‌ چڕ و پڕیش هه‌نگاوه‌ به‌دیهاتوه‌کانی وه‌سیقه‌ی سیاسیی و به‌رنامه‌ی کاری حکومه‌تیش تاوتوێکران ،ته‌ئکیدیش کرایه‌وه‌ پێویسته‌ هه‌مو لایه‌نه‌سیاسییه‌کان  په‌ره‌بده‌ن به‌  کاری هاوبه‌ش و سازانی سیاسیی و هه‌ست به‌  به‌رپرسیارێتی باڵا بکه‌ن  له‌ پێناو  به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌ و ئاسته‌نگانه‌ی رویان له‌ وڵات کردوه‌  که‌  پێکهاته‌کان دوچاری بونه‌ته‌وه‌  .

کۆبونه‌وه‌که‌ سه‌رکه‌وتنی جه‌نگاوه‌رانی هێزه‌ چه‌کداره‌کان و حه‌شدی شه‌عبیی و پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌ عه‌شایره‌کانی به‌رز نرخاند له‌ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی تێرۆریستان و تێک شکاندنیان له‌ چه‌ندین ناوچه‌دا، له‌وباره‌یه‌وه‌ هه‌ر سێ سه‌رۆکایه‌تییه‌که‌ دوپاتیان کرده‌وه‌ پێویسته‌ ئه‌و سه‌رکه‌وتنانه‌ په‌ره‌یان پێ بدرێت  و به‌ یه‌کهه‌ڵوێستیی سیاسیی و کاری هاوبه‌ش پشتیوانی بکرێن بپارێزرێن، هاوکات ئه‌وه‌ش دوپاتکرایه‌وه‌  پشتیوانیی هه‌وڵ و کۆششی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی ئه‌و ناوچانه‌ بکرێت که‌ هه‌ڕه‌شه‌ی تێرۆریان له‌سه‌ره‌  تا به‌ هاریکاریی هێزه‌ چه‌کداره‌کان و توانا سه‌ربازیی و ئه‌منیی و هه‌واڵگرییه‌کانی ده‌وڵه‌ت ناوچه‌کانیان  بپارێزن.

ئاماده‌بوان پێویستیی رێزگرتنی ده‌سه‌لات و  سه‌ربه‌خۆیی  قه‌زاییان دوپاتکرده‌وه‌ به‌ پێی پره‌نسیبه‌کانی ده‌ستور  و پشتی پێ ببه‌سترێت له‌ یه‌کلاییکردنه‌وه‌ی مه‌سه‌له‌کاندا هاوکات  ئه‌نجامی لێکۆڵینه‌وه‌کان له‌و تاوانانه‌ی که‌ ده‌رهه‌ق به‌ رۆڵه‌کانی گه‌لی عێراق  ده‌کرێن ئاشکرا بکرێن .

کۆبونه‌وه‌که‌ به‌ ئیجابیی  سه‌یری رێککه‌وتنی نێوان حکومه‌تی فیدڕاڵیی و حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانی کرد  له‌باره‌ی نه‌وت و بودجه‌ و پابه‌ند بونی هه‌ردولایان به‌و رێککه‌وتنه‌،داواشیکرد کێشه‌ هه‌ڵپه‌سێرراوه‌کان له‌ رێی دیالۆگی ئیجابیی چاره‌سه‌ر بکه‌ن ،هاریکاریی سه‌ربازیی له‌ به‌گژاچونه‌وه‌ی چه‌ته‌کانی داعشی تاوانباریش زیاتر باشتر بکه‌ن  و به‌ کاری هاوبه‌ش به‌هانای په‌نابه‌ران و ده‌ربه‌ده‌ربوه‌کانه‌وه‌ بچن .

کۆبونه‌وه‌که‌ ،که‌ش وهه‌وایه‌کی ته‌واو راشکاوانه‌ وئیجابیی ویه‌کانگیربونی تێڕوانینه‌کانی    له‌ خۆ گرتبو ، له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش رێککه‌وتن به‌م نزیکانه‌ کۆببنه‌وه‌ بۆ به‌دوادا چونی جێبه‌جێکردنی ئه‌و خاڵانه‌ی له‌سه‌ری رێککه‌وتون  و، تاوتوێکردنی مه‌سه‌له‌ هه‌نوکه‌ییانه‌ی تریش له‌ هه‌مو ئاسته‌کاندا  ته‌واو بکه‌ن.


زۆرترین خوێندراو